لاوانی هەولێر هه‌نگاوێكی دیكه‌یان به‌ره‌و بردنه‌وه‌ی ناسناوی خولی لاوانی عێڕاق هاویشت

خولی لاوانی نایابی عێڕاق قۆناغی دووەمی کۆتایی پێهات و ٤ یانە لە هەردوو کۆمەڵەیە گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، سەرجەم یارییەکانیش هاوشێوەی قۆناغی دووەم لەشاری کەربەلا بەڕێوەدەچێت، لاوانی هەولێر دوای ئەوەی لە قۆناغی دووەمیش ئاستێکی بەرزی پیشاندا بەپلەی دووەم سەرکەوت بۆ چوارگۆشەی زێڕێن، ڕۆژنامەی هەولێر ئامادەکارییەکانی لاوانی هەولێر بۆ قۆناغی کۆتایی دەخاتە ڕوو

قۆناغی کۆتایی لە کەربەلا بەڕێوەدەچێت
له‌ قۆناخی كۆتایی كه‌ هەشت یانە بەشداربوون دابەشکرا بوون له‌ كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌چوو كه‌ بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابه‌ش كرابوون، لاوانی هەولێر لە کۆمەڵەی دووەم یار یدەکرد.
لە کۆمەڵەی یەکەم هەریەک لە یانەکانی (مینا، قوەجەویە، ئەمانەی بەغداد، نەوتی بەسرە) ڕکەبەرییان دەکرد و یانەکانی مینا بە پلەی یەکەم و یانەی ئەمانەی بەغدا بە پلەی دووەم سەرکەوتن، لە کۆمەڵەی دووەمیش لاوانی یانەکانی (شوڕتە، هەولێر، قوەجەویە، نەوتی میسان) بەیەکەوە یارییان کرد و لاوانی نەفتی میسان بە پلەی یەکەم و لاوانی هەولێر بە پلەی دووەمی گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، هەولێر لە لاوانی شوڕتەی بردەوە و لە دوو یارییەکەی تریش یەکسان بوو بە کۆکردنەوەی ٥ خاڵ خۆی گەیاندە چوارگۆشەی زێڕین، لەوێیش ڕووبەڕوی لاوانی یانەی مینا دەبێتەوە، عەباس حوسێن بە تۆمارکردنی ٤ گۆڵ لەو قۆناغەدا گۆڵکاری لاوانی هەولێرە.

هه‌ولێر چاوی له‌ ناسناوه‌كه‌یه‌
دەربارەی ئامادەکارییەکانی تیپی لاوانی هەولێر، ڕەوەند عەبدولخاڵق ڕاهێنەری لاوانی هه‌ولێر به‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێری راگه‌یاند هەرچەندە ٢ ڕۆژ جارێک یارییەکان ئەنجام دەدرێن کە ئەمە بۆ هەموو یانەکان زۆر قورسە لەو کەشوهەوا گەرمە یاری بکەین و کاریگەری زۆری جەستەی لەسەر توانای یاریزانەکان دروست کردووە، بەڵام دوای گەیشتنمان بەو قۆناغە گرنگە هەوموو هەوڵێک دەدەین بگەین بە یاری کۆتایی.
دەربارەی بەدەستهێنانی ناسناوی خولەکەیش ڕاهێنەرەکەی هەولێر دەڵێت: دوای پێشکەشکردنی ئەو ئاستە بەرزەی لە قۆناغی یەکەم و دووەم پێشکەشمان کرد، گەشبینم بتوانین لەم قۆناغەیشدا هەمان ئاستمان هەبێت و ببینە پاڵەوانی عێڕاق، ئەمەیش بەهاوکاری دەستەی کارگێڕی یانەکە و هەوڵ و ماندووبونی یاریزانان بەدەست دێت.
لە یاری دووەمی پێش کۆتایشدا لاوانی نەوتی میسان ڕووبەڕووی لاوانی ئەمانەی بەغداد دەبێتەوە.

ھەواڵی زیاتر