ئاشتی کۆچەر: پەکەکە دەستی بە کردەوەی تێکدەرانە کردووە لە شنگال

بەرپرسێکی پارتی لە شنگال، پەکەکە بە ھۆکاری سەرەکی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا دەزانێت، لەبارەی رەوشی شنگالیش دەڵێ، پەکەکە دەستی کردووە بە کردەوەی تێکدەرانە و ڕفاندن و تەقینەوە.

ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی ١٧ی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: “ھێزەکانی پەکەکە رێگری دەکەن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێم و فیدڕاڵ بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال، لەبەر ئەوەش ھۆکاری سەرەکی ئاسایی نەبوونەوەی رەوشی شنگال پەکەکەیە، عێراقیش ناتوانێت بەھۆی پەکەکە و ھەندێ ھێزی میلیشیا رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات و توانای دەرکردنی ئەو ھێزانەی ناشەرعی نیە لە شنگال”.

بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: “ماوەی ھەشت ساڵە خەڵکی شنگال لە نەھامەتیدا دەژین و ئەوانەشی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوونە ناتوانن لەبەر مەترسی پەکەکە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، پێش ماوەیەک خەڵک و ھێزی سوپای عێراق چەکدارانی پەکەکەیان لەھەندێ شوێن دەرکرد، بەڵام لایەنی سیاسی ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاری سەرۆککۆماری عێراق پەکەکەی گەڕاندەوە بۆ شوێنی خۆی کە ھەموو خاڵەکانی لێی دەرکرابوون کەوتنەوە دەست پەکەکە”.

لەبارەی رفاندنی پێشمەرگەیەک لە ناحیەی گرعوێز ئاشتی کۆچەر دەڵێت: “ماوەیەکە پەکەکە بەوەش نەوەستاوە کێشە و ئاستەنگ بۆ شنگال دروست بکات، دەستیکردووە بە کردەوەی تێکدەرانە و خەڵک و پێشمەرگە دەرفێنن ئەگەر زوو ئاشکرابوون ناتوانن شوێن بزریکەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئاشکرا نەبێت ئەوە خەڵک شوێن بزر دەکرێت، پیلانیان ھەبوو بارەگای لقی ئێمە لە قەزای سێمێل و ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بتەقێننەوە، بەڵام لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش پیلانەکەی پەکەکە بۆ ھێرشکردنە سەر شوێنە گشتیەکان ئاشکراکراو تۆمەتباران دەستگیرکران”.

ھەواڵی زیاتر