چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ده‌سته‌مۆكردنی مردن له‌ پێناو ژیانێكی ئه‌به‌دی

ئامانج غازی

له‌ڕۆژی پێنجشەممە(١٩٨٧/١٠/١ ) كاتێ
تیپی موزیكی پاشای گه‌وره‌ له‌ڕواندزی هونه‌ره‌وه‌ گه‌یشته‌ هه‌ولێری باپیره‌وه، بۆ یادی ڕۆژی جیهانیی موزیک‌، یه‌كه‌م ئه‌ركی سه‌رشانی هونه‌ری خۆمان ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك ده‌روێشی خاڵه‌ تایه‌ر به‌رەو مه‌نزڵی ئه‌و مرۆڤه‌ دڵگه‌وره‌یه‌ به‌ رێكه‌وتین.
ماڵێكی بچووك، دنیایه‌كی گه‌وره‌ له‌ سام و ره‌هبه‌ت، قه‌ڵه‌وێره‌یه‌كی ساده‌، جه‌سته‌یه‌كی لێكدراو له‌ موعانات و ئێش و ئازار به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ بوو، كۆمه‌ڵێك حه‌ب و ده‌رمان و كه‌پسولی بێ شه‌رم له‌ سه‌ر مێزێكی شه‌رمه‌زار ئاره‌قه‌ی ره‌ش و شینیان كردبوو، ئای له‌و رۆژه‌ بێ ئه‌مانه‌.
چه‌ند مه‌ینه‌ته‌ له‌ رۆژێكی ئاوا و پڕ برینه‌دا ئافره‌تێك نه‌بێ بزه‌یه‌كت بداتێ.
ئێمه‌ ئەو سات كۆمه‌ڵێ لە هەرزەکاری هونەریی بووین و له‌م ژیانه‌ بێ ره‌حمه‌دا له‌گەڵ ڕابەری گەورەمان هونه‌رمه‌ند ( زرارمحه‌مه‌د مسته‌فا) یه‌كه بە‌ یه‌كه‌ نوشتاینه‌وه‌ سه‌ر جه‌سته‌ ماندووه‌كه‌ی خاڵه‌ تایه‌ر، كاك جیهانبه‌خشی خه‌مخۆری هونه‌رمه‌ندان به‌ ئیشاره‌ت و هێمای ده‌سته‌كانی تێیگه‌یاند كه‌ ئه‌و هه‌موو حه‌شامه‌ته‌ هونه‌رییه‌ له‌ شارێكی وه‌كو (كۆیه‌) له‌ ڕواندزه‌وه‌ هاتوون.
له‌گه‌ڵ ناوهێنانی ڕواندز خاڵه‌ تایه‌ر ده‌سته‌ له‌ رزۆكه‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌و دیاربوو حه‌زی ده‌كرد هێشتا بچینە‌ پێشه‌وه‌.
لەو ساتە سامناکەدا
ده‌سته‌ له‌رزۆكه‌كه‌ی زیاتر به‌ره‌و روومه‌ته‌ زه‌رده‌كانی ‌بردو تا هه‌ر هیچ نه‌بێ ئه‌و فرمێسكه‌ هونه‌ریانه‌ بگرێته‌وه‌ نه‌بادا عه‌شقی رۆژانی رابردوو به‌ڕه‌ڵای
ئه‌م سه‌رده‌مه‌ جه‌نجاڵه‌ی بكه‌ن.
ئه‌و كۆنه‌ برینه‌ نوێیانه‌ی باسم لێوه‌كردن ( 19 ) رۆژ به‌ر ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌كبریائە بوو كه‌ هه‌رگیز نه‌یده‌ویست ژان و ژیان تێكه‌ڵی یه‌كترببن.
دوای (35 )ساڵ پێچانه‌وه‌ی یادگاری وهونه‌ری یه‌كتریی، ده‌نگ و ئادای ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هه‌میشه‌ له‌ گرمه‌ گرمی هونه‌ری خۆی نه‌كه‌وتووه‌، له‌مه‌ش زێتر ئێستاكه‌ لێرە و لەوێ به‌ده‌یان هونه‌رمه‌ند پڕۆژه‌ی هونه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگ و رواڵه‌ته‌ هونه‌رییه‌كانی خاڵه‌ تایه‌ر بنیات ده‌نێین .
بۆیە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێم :
ئەم نووسینەم
نامه‌یه‌كی ترسنۆكه‌ له‌به‌رده‌م ژیانی هونەریی داهاتووی خاڵه‌ تایه‌ر.
ئێمه‌ نه‌مانتوانی دڵی گۆرانییه‌كانت بده‌ینه‌وه
كام عه‌شق گه‌وره‌تره‌؟
عه‌شقی وه‌ته‌ن یا گۆرانی؟

ئه‌مه‌ گه‌رده‌لوولی ژیانه‌ یان
له‌دایك بوونێكی نوێ؟
ئه‌وه‌ ده‌نگێكی تره‌ یان نه‌غمه‌یه‌كی یاخی؟

دوێنێ له‌ كۆیه‌ی كه‌كۆن، ئه‌مڕۆ
له‌ هه‌ولێری كۆن و ئێستا له‌باوه‌شی ئێمه‌، ئێواره‌ له‌ دڵی هه‌موو جه‌ماوه‌ر و به‌یانی له‌ نێو كۆشی مێژوویێکی بریندار، سبه‌ینێش له‌نێو جه‌رگه‌ی رووداوه‌كان، بۆ دواڕۆژیش هه‌ر خۆت باس و خه‌به‌ر، ئه‌وه‌ چ ژیانێكی پڕ شکۆیە
بۆ عه‌شقی وه‌ته‌ن برسی و بۆ
بۆنی خاكی پاش بارانیش ئه‌ڤین هه‌میشه‌ وێڵ و عه‌وداڵ، بۆ خه‌ڵكی ده‌وروبه‌رت مۆمی گریاناوی رووناك، بۆ نه‌غمه‌ی كوردی هه‌مووكات نوێ بوونه‌وه‌، ئه‌وه‌ چ داهێنانێكه؟‌
ده‌روون پڕ كڵپه‌ بێ، سینه‌ پڕ باده‌ی بێسه‌رو شوێن، ژیان پڕ له‌ خه‌زانی ته‌مه‌ن، ته‌مه‌ن پڕ له‌ حه‌سره‌ت، حه‌سره‌ت پڕ له‌ هه‌ناسه‌ی گه‌رم، ئه‌م هه‌موو شۆڕشه‌ له‌ پای چی؟. .
وه‌ته‌ن پڕبوو له‌ قه‌لبی من،
قه‌لبی من پڕ له‌ شیرین، شیرین به‌ چه‌هچه‌هه‌ی بولبول نه‌با له‌خه‌و رانه‌دەبوو، ئیدی ( مانی ) قوه‌تی بۆ چییه‌؟
تۆ هه‌میشه‌ خاكت به‌وه‌ته‌نه‌وه‌ ده‌ویست!!
گۆرانییه‌كانت هه‌میشه‌ یاخی بوون له‌ موزیكژه‌نه‌كان، ئیدی ئه‌م عه‌شقه‌ بۆ به‌هه‌ده‌ر چوو !!
به‌هه‌موومان نه‌مانتوانی دڵی مەقام و بەستەو گۆرانییه‌كانت بده‌ینه‌وه‌، به‌رگه‌ی نه‌ڕه‌ی له‌رینه‌وه‌ كوردییه‌كانت بگرین، ئیدی ئه‌م یادگارانه‌ له‌ پای چی!!.

شه‌رمه‌زارین به‌ڵام دڵنیابه‌ خارە تایەر، بێ گوناهین