نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

نرخی نەوت دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا لە هەفتەیەدا بە بەرزبوونەوە کرایەوە و، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 1 دۆلار  و 80 سەنت بەرزبووەوە و بە 121 دۆلار و 52 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش نزیکەی 1 دۆلار و 63 سەنت بەرزبووەوە بە 120 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە روویدا کە سعودیە نرخی نەوتی خۆی بۆ مانگی داهاتوو بەرزکردووەتەوە، وەک هێمایەک بۆ ئەوەی تاوەکو چەند بازاڕی نەوت تووند بووە.

کۆمپانیای ئارامکۆ بۆ مانگی داهاتوو نرخی براندی نەوتی سووکی عەرەبی 6 دۆلار و 50 سەنت بەرزکردووەتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە 6-6-2022، سەرەڕای ئەوە دێت کە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێک و دەرەوەی ئەو رێکخراوەیە بڕیایاندا لە مانگی 7 و 8 رۆژانە بە بڕی 648 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر بخەنەڕوو.

جیم رێتێر بووش، سەرۆکی کۆمپانیای راوێژکاری رێتێربووش لەو بارەیەوە رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو لەلایەن پاڵاوتگەکانەوە بەتایبەتی لەبەر دەستپێکردنی وەرزی پشووەکانی هاوین نرخەکانی نەوت بەردەوامن لە بەرزبووەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێناچێت بەرهەمهێنەرانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس بتوانن ئەو پشکەی کە بۆیان دیاریکردووە لە بازاڕدا بخەنەڕوو.

بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوت بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گەشت بۆ سعودیە و وڵاتانی کەنداو بکات و بە ئەگەری زۆرەوە داوایان لێدەکات کە تاوەکو دەتوانن هەوڵ بدەن بۆ خستنەڕووی نەوتی زیاتر لە بازاڕەکاندا.

نرخی هەر ئۆنسە زێڕ بۆ 1856 دۆلار بەرزبووەوە 

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی هەر ئۆنسە زێڕ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا نزیکەی 8 دۆلار و 50 سەنت بەرزبووەوە و بە 1856 دۆلار مامەڵەی پیوەکرا.

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ سەرەڕای ئەوە روویداوە کە بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی هەفتەی رابردووی وەزارەتی کاری ئەمریکا کە تیایدا ئاشکرای کرد لە مانگی پێنجدا لەو وڵاتە 390 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە و، زیاتر بووە لە ئاستی پێشبینییەکان، بازرگانانی زێڕی نیگەران کردووە لە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.

چاوەڕوان دەکرێت بانکی ناوەندی ئەمریکا لە مانگی شەش و حەوتدا هەر مانگێک بەڕێژەی 0.5٪ رێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان.

لەڕووی خستنەڕووی زێڕەوە لە بازاڕەکاندا، بەرهەمهێنانی زێڕی غانا ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی 30٪ کەمیکردووەوە و هەندێ لە شرۆڤەکاران ئەوە بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەزانن. 

ھەواڵی زیاتر