کارەبای تایبەت بۆ بیرەکانی ئاوی خواردنەوە دابین دەکرێت

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، هەر بیرێک لە پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە گەیاندنی کارەبا هەبێت، هاوکار دەبن و کارەبایان بۆ دابین دەکەن.

ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕايگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکیدا وەزارەتی کارەبا و شارەوانی، لەگەڵ پارێزگارەکان ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی کارئاسانی بکەن لە گەیاندنی کارەبا بۆ زیاتر لە 100 بیر لە شاری هەولێر. “وەک وەزارەتی کارەبا هەر ئەوکات پاڵپشتی خۆمان راگەیاند.”

ئومێد ئەحمەد گوتیشی: ئەو بیرانەی کە پێویستیان بە گەیاندنی کارەبا بێت، یاخود لە ڕووی تەکنیکییەوە پێویستی بە هاوکاری و پاڵپشتی بێت، ئێمە وەک وەزارەتی کارەبا ئامادەین، هاوئاهەنگیشمان کردووە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای هەولێر یاخود شارەکانی دیکە.

بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، هەولێر ژمارەیەکی زیاتر بیری تێدایە و دانیشتووانەکەی زیاتر لە هەر شارێکی دیکە پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستن، بۆیە بە پلەی یەکەم هاوکاری هەولێر دەبین.

لەبارەی پاڵپشتیکردنی شارەکانی دیکە، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: هەر شوێنێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە وەزارەتی کارەبا هەبێت دەتوانین لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای ئەو شارە کە ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی ئێمە دەکات هەرچی پێویست بێت لە ڕووی کارئاسانی و پاڵپشتی بۆی بکەین.

سەبارەت بەو بیرانەش کە لە هەولێر کارەبایان بۆ دابینکراوە و کێشەکانیان چارەسەرکراوە، ئومێد ئەحمەد گوتی: کارەبا بە هەموو بیرەکانی هەولێر گەیەنراوە، تەنیا چەند پڕۆژە و بیرێک نەبێت کە تازە دروستکراون.

رۆژی شەممە 04ـی 06ـی 2022 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ڕایگەیاند: چەند مانگێکە لە سنووری پارێزگای هەولێر هۆشداری هاوینێکی قورسمان داوە بۆ دابینکردنی ئاوی پاک بۆ ماڵان لە مانگی 11ـی ساڵی رابردووەوە هەموو ئامادەباشییەکمان کردبوو.

پارێزگاری هەولێر دڵنیایی بە هاونیشتمانییاندا کە ئەوان پێشوەختە خۆیان ئامادەکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتی کەمیی ئاوی ماڵان و گوتی: ئەمساڵ دڵنیایی بە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەدەین کە لەپێش ڕووداوەکانین و چەند مانگێکە دەستمان بە ڕێکارەکان کردووە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پاڵپشتیی تەواومان کراوە و دوو بووجەی پێویست بۆ دەربازبوون لە گرفتەکانی ئەمساڵ بۆ پارێزگای هەولێر دابینکراوە.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: بووجەیەکیان 7 ملیار و 600 ملیۆن دینارە بۆ لێدانی 138 بیری دیکە لە سنووری پارێزگای هەولێر و بووجەکەی دیکەش 4 ملیار و 700 ملیۆن دینارە بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی بیرەکان و راکێشانی کارەبا لە مۆلیدەی گەڕەکەکان بۆ بیرەکان.

ھەواڵی زیاتر