دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر: سکاڵاکانی وەزیری نەوتی عێراق دەبێ دوابخرێن

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، کە لە رۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر بڕیاریدا ژمارەیەك سكاڵای مەدەنی كە لەلایەن وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵەوە دژی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت و غاز (IOCs) كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن تۆمار كراون، دەبێت دوابخرێن.
لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٢ دادگای بازرگانی (الکرخ) لە بەغدا،  لەسەر داوای وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ هەستا بە بانگکردنی ( استدعاء) کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لە سنووری هەرێمی کوردستان کاردەکەن، لەوانە Addax، DNO ، Genel، Gulfkeystone، HKN، Shamaran، و Westernzagros.
بە پێی یاسای عێراق ناتوانرێت رێوشوێنی دادگای مەدەنی ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاری پەیوەندیدار بەڕێوەدەچێت.
لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری لە دەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان (ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧) کرد.
رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، دادگایەک لە بەغدا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی ساڵی ٢٠٠٧ی دا. سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێم ڕایگەیاند ئەو دادگایەی بەغدا هیچ دەسەڵاتێکی دەستووری نییە ئەو کارە بکات، چونکە ئەو دادگایەی بەغدا بەپێی ماددەی (٩٢)ی بڕگەی (دووەم)ی دەستووری فیدراڵی دانەمەزراوە و ئەو سکاڵایانەی کە وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ لە دژی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان تۆماری کردوون، لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە نادەستوورییەی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ە، هەر بۆیە ئەو سکاڵایانە،  هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاساییان نییە. هەروەها ڕایگەیاند کە یاسای نەوت و غازی ساڵی ٢٠٠٧ بەرکارە و ئەو گرێبەستانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو یاسایە ئەنجامی داون، بە کارایی دەمێنێنەوە.
بۆیە دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی حەسریان هەیە بۆ لێکدانەوەی یاسای نەوت و غازی ساڵی ٢٠٠٧ و هیچ دادگایەک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی لەو شێوەیەی نییە.

ھەواڵی زیاتر