پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەكات 

ڕۆژی یەكشەممە ٥ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە مارك برایسن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە دێڤید هانت كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تەحەددیات و ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێ كرا.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بڕیارەكانی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پابەندبوون بە دەستوور و گفتوگۆ چارەسەری گرفت و قەیرانەكانی عێراقە. پەیوەست بە بارودۆخی سیاسیی هەرێم و مافی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی پابەندبوونی خۆی بەرانبەر پاراستنی مافی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوە بوو و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پابەندبوونی وڵاتەكەی بە ئەنجامەكانی سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا دووپاتكردەوە.