ئامێدی.. یادی شەھیدانی چیای مەتین بەرز ڕاگیرا 

 ئەمڕۆ لە شارۆچکەی ئامێدی یادی شەھیدبوونی پێنج پێشمەرگەی کوردستان لە چیای مەتین بەرز ڕاگیرا و بەرپرسێکی پێشمەرگەش دەڵێ، بە مووشەکی دەستکرد پۆلێک پێشمەرگەی ئێمە ھێرشیان کراوەتە سەر و شەھیدکراون.

سەید ھەژار، جێگری فەرماندەی زێرەڤانی لە وتارێکیدا رایگەیاند: “بەر لە ساڵێک و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا، تیمێکی ئەندازیاری فەرماندەکەمان بەرەو چیای مەتین بەڕێککەوتن بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنی، بەڵام بە داخەوە بە مووشەکی دەستکرد ھێرشکرایە سەر تیمەکەی پێشمەرگە و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگەی قارەمان شەھیدبوون و گیانیان فیدای پاراستنی ژیان و کەرامەتی ھاووڵاتیانی کوردستان کرد”.

جێگری فەرماندەی زێرەڤانی گوتیشی: “ھەر لەو ھێرشەدا سێ ئەفسەر و پێشمەرگەی قارەمان برینداربوون، خوێنی ئەو شەھیدانەی ئێمە و گشت شەھیدانی کوردستان بۆتە ھەوێنی مانەوە و پاراستنی کوردستان”.

نوێنەری بنەماڵەی شەھیدانی چیای مەتین لە وتەیەکدا گوتی: “شەھیدکردنی پۆلێک پێشمەرگە لە چیای مەتین سووتانی چوار پارچەی کوردستانە، شەھیدبوونی ئازیزانمان ڕۆژ بە ڕۆژ و چرکە بەچرکە لە دڵی ئێمەدا ھەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ سەری ئێمە بەرزە و شەھیدانمان گیانی خۆیان کردە قەلغان بۆ پاراستنی کوردستان”.

ڕۆژی ٦ی ئایاری ساڵی رابردوو تیمێکی ئەندازەی پێشمەرگە لە چیای مەتینی پارێزگای دھۆک خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بوون و لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە ھێرشیان کرایە سەر و لە ئەنجامدا پۆلێک پێشمەرگە شەھید و برینداربوون.

ھەواڵی زیاتر