چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هەرێمی کوردستان تەنیا لە 0.7%ی بودجەی عێراق سوودمەند بووە، کەچی لە ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری زۆر لە پێشەوەی عێراقە

ئامارەکانی پێوەندیدار بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و ڕێژەی ئەو بەڵێنییانەی بەغدا بەرانبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێی کردوون دەری دەخەن، کە هەرێمی کوردستان لە خێر و بێری بەغدا شتێکی ئەوتۆی دەست ناکەوێت و لانی کەم لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی بودجە و مووچە و ئاوەدانکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان زیاتر پشتی بە خۆی بەستووە و، لەم دواییانەشدا تەنیا لە 0.7%ی بودجەی عێراق سوودمەند بووە.

له‌ ساڵی ٢٠٢١ـەوە، بودجه‌ی عێراق سه‌رووی ١٣٠ تریلیۆن دینار بووه،‌ به‌ڵام له‌ ته‌واوی ساڵه‌كه‌دا حكوومه‌تی عێراق ته‌نیایه‌ك تریلیۆن دیناری بۆ هه‌رێمی كوردستان ناردووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌كاته‌ ٠.٧%ی كۆی بودجه‌ی عێراق. له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵیشه‌وه‌ حكوومه‌تی عێراق ته‌نیا ٦٠٠ ملیار دیناری بۆ هه‌رێمی كوردستان ناردووه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه،‌ كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرێی داوه‌.
وه‌ك ئاشكرایه‌ به‌پێی ڕێككه‌وتنی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراق، له‌ دوای ده‌ركردنی حساباتی هه‌نارده‌ی نه‌وت و نیوه‌ی داهاتی ناوخۆی کوردستان، ئه‌وا حكوومه‌تی عێراق ده‌بێت پشكی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت كه‌ لە ساڵێکدا سه‌رووی ١٢ تریلیۆن دیناره‌ و به‌ پێی وردبینی هەر دوو لایەن، دواجار به‌و ده‌ره‌نجامه‌ گه‌یشتوون ئه‌و داهاته‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت و پێویسته‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ به‌غدا، لەچاو ئەو داهاته‌ی پێویسته‌ به‌غدا بینێرێت، ٢٠٠ ملیار دینار جیاوازیی هه‌یه‌ و دەبێت به‌غدا مانگانه‌ ٢٠٠ ملیار دینارڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات.
هه‌ر به‌پێی ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ ده‌بوایه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ داهاتی ساڵی ٢٠٢٢ به‌پێی هه‌مان ڕێككه‌وتن له‌ پێنج مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا یه‌ك ترلیۆن دیناری ناردبا و تا دوو هه‌فته‌ی تر ٢٠٠ ملیار دیناری تر ڕه‌وانه‌ بكات، به‌ڵام دوایین ئاماره‌كانی حكوومه‌ت ده‌ری ده‌خات كه‌ حكوومه‌تی عێراق ٦٠٠ ملیار دیناری ناردووه‌ و ته‌نیا ٥٠%ی به‌ڵێنه‌ داراییه‌كانی خۆی به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان لەمساڵدا جێبه‌جێ كردووه‌.
بێبه‌ڵێنی به‌غدا به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتێكدایه‌ حكوومه‌تی عێراق له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ له‌ هیچ جۆره‌ قه‌یرانێكی داراییدا نییه‌ و بگره‌ ئه‌و داهاته‌ی له‌م مانگه‌دا ده‌ستی عێراق كه‌وتووه‌، له‌ ٥٠ ساڵی ڕابردوودا بێوێنه‌ بووه‌. كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاشكرای كرد له‌ مانگی ئایاری ئه‌مساڵدا بایی نزیكه‌ی ١١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار نه‌وتی فرۆشتووه‌.
ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له‌ نێوان ئه‌و داهاته‌ بكرێ كه‌ ده‌ستی حكوومه‌تی عێراق كه‌وتووه‌ به‌راورد به‌و ئه‌ركه‌ داراییانه‌ی به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێی كردووه‌ ئه‌وا ئه‌گه‌ر ٦٠٠ ملیار دیناره‌كه‌ دابه‌شی پێنج مانگ بكرێ به‌و ده‌ره‌نجامه‌ ده‌گه‌ین حكوومه‌تی عێراق له‌مساڵدا به‌ تێكڕا مانگانه‌ ١٢٠ ملیار دیناری ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.
ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی به‌غدا له‌ مانگێكدا ڕه‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ ده‌كاته‌ ٠.٧%ی كۆی داهاتی مانگێكی عێراق.
به‌ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م ژمارانه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ ئێستا خێر و بێری هه‌رێمی كوردستان له‌ حكوومه‌تی عێراق له‌و هه‌موو داهاته‌ی ده‌ستی حكوومه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌وێت ته‌نیا ٠.٧%ه‌.
ئه‌م سته‌مه‌ داراییه‌ی حكوومه‌تی عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستانی ده‌كات پەیوه‌ست نه‌بووه‌ به‌ ساڵێك و دوو ساڵ به‌ڵكوو بۆ ساڵی ٢٠١٤ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق به‌ ته‌واوی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی و به‌م كاره‌ی هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی دا هه‌رێمی كوردستان ته‌سلیمی ویسته‌ سیاسییه‌كانی خۆی بكات.
هه‌رێمی كوردستان قۆناغی سه‌ختی كاریگه‌رییه‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت، پرسی داعش، پرسی ئاواره‌كان و پاشان گه‌له‌كۆمه‌ی داخستنی ده‌روازه‌ بازرگانییه‌كان به‌ پاساوی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و نوێتریشیان كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنای تێپه‌ڕاند و ئێستا هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك له‌سه‌ر پێی خۆی وه‌ستاوه‌.
نرخی نه‌وت گونجاوه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كرێ پێوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتان به‌تایبه‌تی پرسی پێوه‌ندیدار به‌ دابینكردنی وزه‌ی گازی سروشتی هه‌نگاوێكی تر بهاوێژێت و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ به‌غدا، كه‌ له‌ گوشاره‌ داراییه‌كان هیچ دستكه‌وتێكی نه‌بووه‌ و له‌ ڕابردوودا تووشی شكست بووه‌ ئه‌م جاره‌ گوشاری یاسایی و دادگای باڵای فیدراڵی به‌كار بهێنێت، دادگایەک کە خۆی هێمای پرسیاری له‌سه‌ره‌.
هه‌رێمی كوردستان له‌و ململانێیانه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌یه‌تی سه‌ركه‌وتوو بووە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ سالانی ڕابردوودا هەرێم كه‌مترین داهاتی هه‌بووه‌ و پشك و شایسته‌داراییه‌كانی له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق خه‌رج نه‌كراوه‌. وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ پێكرا له‌ داهاتی حكوومه‌تی ناوه‌ندی هەرێمی کوردستان مانگانه‌ كه‌متر له‌ ١% سوودمه‌ند بووه‌ كه‌چی پەرەسەندنیڕه‌وتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ كوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی عێراق زۆر خێراتر بووه‌، عێراقییه‌كان كاتێك خۆیان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن هه‌ست به‌و جیاوازییه‌ ده‌كه‌ن و ده‌زانن داهاته‌ زۆره‌كه‌ی عێراق له‌ خزمه‌تی دانیشتووانیدا به‌كار نه‌هاتووه‌ و ئەمەش هێندەی تر کاربەدەستانی بەغدای تووڕە و نیگەران کردووە.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌شدا که‌ فه‌رمانبه‌رانی نیوه‌ مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌، پرسی گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و په‌ره‌پێدانی شه‌قام و ڕێگاوبانه‌كانی كردووه‌ته‌ به‌شێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی و بۆیه‌ش هه‌نگاوه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كۆی گه‌شه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ هه‌نگاوێك كه‌ نەیاران چاویان پێی هەڵنەهاتووە.