سەرۆکی حکوومەت دەستەی وەبەرهێنانی ڕاسپاردووە، بۆ ئەوەی بە کوالیتییەکی بەرز و نرخێکی هەرزان یەکەکان دروست بکرێن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کرێچی و ھەژار دروست دەکرێن. بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دروستکردنی ئەو یەکانەی کرد. سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێ، ڕێکارەکانی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، بۆ کرێچییان دەستی پێ کردووە و، لە نزیکترین کاتدا ڕێنمایەکان ڕادەگەیەنرێن و دەست بەناو تۆمارکردن دەکرێت، ئەوەش کاریگەریی زۆر دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی کرێنشینان لە ھەرێمی کوردستان.

رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و ڕێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی ئەو ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە کرد کە بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بڕیارە بۆ کرێنیشینان و کەمدەرامەتان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاریی کەرتی تایبەت دروست بکرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادە بوون، سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، دەست بە ڕێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت کە بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالیتییەکی باش دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی تەواوکردنی ئەو ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونەش کرا کە چەند ساڵێکە دەست بە دروستکردنیان کراوە و تا ئێستا تەواو نەکراون، سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕێکارەکانی تەواوکردنی ئەو یەکانە تاوتوێ بکەن.
ئەو ٢٠ ھەزار یەکە لە ناحیە، قەزا، ئیدارە سەربەخۆیەکان و پارێزگاکان دروست دەکرێن، بەپێی پێوەرێکی تایبەت دابەش دەکرێن بەسەر ھاووڵاتییاندا، بەجۆرێک کە پارەکەی و قیستی مانگانەی گونجاو بێت لەگەڵ داھاتی کەسانی کەمدەرامەت و کرێچییان لە ھەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە حکووومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکاریەک دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت و ئامانجەکەی بەدەست بھێنێت، بەجۆرێک زۆرترین خەڵکی ھەژار سوودمەند دەبێت لە پڕۆژەکە.
ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون لە ڕابردوو دەستیان پێ کردبوو، ئێستاش کارکردن تێیاندا بەردەوامە، ئەگەر ئەمانە ھەموویان کۆتاییان بێت و دروست بکرێن، ئەوە سێ ساڵی داھاتوو ھەرێمی کوردستان ٨٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دەبێت.
قەدری زوبێر، کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە کرێچییە، بۆ “ھەولێر” گوتی: “تا ئێستا سوودمەند نەبوومە لە زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون، ئەمە لە کاتێکدایە ھەر کاتێک حکوومەت فۆرمی دابەش کردبێت، یەکەم کەس بوومە کە پڕم کردۆتەوە، بەڵام تا ئێستا نەبوومەتە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوون، ئێستا دووبارە خۆم تۆمار کردووە، بۆ ئەوەی سوودمەند بم، ئەمە لە کاتێکدایە لەو ماوەیەدا ساڵانە لەبەر بەرزی کرێی خانووەکەم، بەردەوام ماڵەکەم لەو گەرەکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە گواستۆتەوە و ئێستاش بەدوای خانووی کرێدا دەگەڕێم.
زوبێر، گوتیشی: “سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم دەکەم کە بەردەوام لە خەمی کرێچییەکاندایە و بڕیاری داوە ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچییەکان دروست بکات، بە تەواوبوونی ئەو یەکانە لە کرێچی ڕزگار دەبین و دەبین بە خاوەن خانووی خۆمان، بۆیە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم، ھەرچی زووە دەست بە ئامادەکاری بکەن و ئەو یەکانە لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکەن، بۆ ئەوەی بە ھەزاران کەسی وەکو من ببن بە خاوەن خانووی خۆیان”.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەیەکی تەکنیکی دروست کراوە کە سەرپەرشتی پرۆسە و کواڵێتی پرۆژەکە دەکەن و ڕێنماییەکان دادەڕێژنەوە، پلانێکی باش دانراوە و ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و ئێستا خەریکی دابینکردنی زەوین، دواتر ژمارەی بۆ دادەنێین، ئەو کات وەبەرھێنەران دەست بە کاری خۆیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی حکوومەت تەئکیدی لەوە کردۆتەوە کە نابێت یەک کەس سوودمەند بێت کە پێویستی پێ نەبێت، بەڵکو ئەو یەکانە دەبێت بدرێن بەو کەسانە کە ھەژار و کەمدەرامەتن و لە خانووی کرێدان، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ دامەزراوەی “کان” تاوتوێی میکانزمی دروستکردنی یەکەکانمان کردووە لە ڕووی کوالێتی و خەرجی و خزمەتگوزاری”.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: “لە قۆناغی یەکەمدا ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێن، ئەوەش کاریگەریی زۆر دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی کرێنشینان لە ھەرێمی کوردستان.
د. محەمەد شوکری، جەختی لەوەش کردەوە: “سەرۆکی حکوومەت ڕایسپاردوون کە پڕۆژەکان بە کوالێتییەکی باش و نرخێکی ھەرزان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دروست بکرێن، ھەروەھا پێویستە پڕۆژەکان ببنە نموونەیەک لە ڕووی بنیاتنان و مەرجەکانی سەلامەتی و خزمەتگوزاری، ھەر بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت لە دوای ڕێنماییەکان دەست بە ناونووسین دەکرێت”.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، خستیەڕوو، بەردەوام چاودێری پڕۆژەکان دەکەین، کە زیاتر پشت بە کرێکاری ناوخۆی ببەستن بۆ کارکردن، بەھۆی ئەوەی ھێنانی کرێکاری بیانی مەرجەکانی زۆر قورس کراوە، ئەوەش وای کردووە کە ھەلی کار بۆ کرێکاری ناوخۆی بەردەوام لە زیادبووندایە و ئێستا گەیشتۆتە سەرووی ١٣٠ ھەزار ھەلی کار لە ھەرێمی کوردستان و بەردەوامیش بەھۆی ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێ لە زیادبووندایە، جگە لەوەش ھاووڵاتی تریشمان ھەیە ناراستەوخۆ کار دەکەن، بۆیە ھەلی کاری زۆر بۆ خەڵک ڕەخساوە و بەردەوامیش دەبین بۆ زیاترکردنی”.
شوان کەریم، ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، کارێکی زۆر باشە و ھۆکار دەبێت بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی کرێنشینان، ئەو ٢٠ ھەزار یەکەی سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لێ داوە لە ڕێگەی وەبەرھێنەر دروست دەکرێن و حکوومەتیش پاڵپشتی ئەو سێکتەرە دەکات”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرھێنان، ڕوونیشی کردەوە: “پێشتر نزیکەی ١٥ ھەزار یەکەی نیشتەجێ بوون لە شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دروست کراون، وەکو لیژنەی وەبەرھێنان بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو یەکانە دەکەین، بە تێکرا زیاتر لە ٦٥% تا ٩٠% تەواو بوونە، بۆیە ئەو یەکانە بە بڕە پارەیەکی کەم تەواو دەکرێن، ئەگەر بێت و حکوومەت بەردەوام کار لەسەر ئەو یەکانە بکات و ببێتە کارێکی درێژخایەن و ساڵانە ھەندێک یەکەی نیشتەجێبوون تەواو بکرێن و بەسەر خەڵکی کەمدەرامەت دابەش بکرێن، کارێکی زۆر باش دەبێت، ئەو کارە لە زۆربەی وڵاتانی جیھانیش پەیڕەو دەکرێت، ئەوەش ھۆکار دەبێت بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی کرێنشینان”.

ھەواڵی زیاتر