کرانەوەی پێشانگایەكی تابلۆی ئایینی لەناو مزگەوتی گەورەی سلێمانیدا

لە مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانی پێشانگایەكی ئایینی كرایەوە كە 25 تابلۆی لەخۆ گرتبوو، مامۆستایەكی ئایینیش دەڵێت، هەر لە كۆنەوە ئیسلام گرنگیەکی زۆری بە بواری خۆشنووسی داوە.

رۆژی شەممە دانا دارا، خۆشنووسی شاری سلێمانی بۆ دووەم جار پێشانگایەكی شێوەكاری كردەوە كە تابلۆكانی تەعبیر بوون لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام.
مامۆستا محەمەد ئەحمەد، وتارخوێنی مزگەوتی شاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جیی دەستخۆشییە گەنجێكی وەك دانا دارا ئەم پێشانگایە دەكاتەوە، بۆیە وەك ئیدارەی مزگەوتی گەورە و بنەماڵەی حەفید سوپاسی دەكەن؛ ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، لایەنی خۆشنووسی خزمەتە بە مێژووی ئیسلام، چونكە لەو كاتەی قورئانی پیرۆز دابەزیوە، لەلایەن خۆشنووسەكانی دەوری پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)ی لێ بێت نووسراوە و نێردراوە بۆ وڵاتانی ئیسلام. هەروەها وتی “واتە خۆشنوسی لە ئیسلامدا گرنگی زۆری هەبووە و زانا بەرزەكانیش خزمەتی گەورەیان بە خۆشنووسی كردووە، نوسینی زانا بەرزەكان كە بۆیان جێهێشتووین و لە فەرمودەكانی پیغەمبەر، سەرنجی خۆشنووسەكانی ئێستاش رادەكێشێت”.
هەر لە كۆنگرەدا دانا دارا رایگەیاند، ئەمە دووەم جارە پێشانگای لەو جۆرە دەكاتەوە و وتی “كاتێك خوای گەورە بەهرەیەكت پێ دەدات دەبێت لە خزمەتی ئیسلام و مرۆڤایەتیدا بەكاری بهێنێت، منیش لە تەمەنی ٧ساڵانەوە ئەم كارە دەكەم و رۆژانەش 10 كاتژمێر خەریكی كاركردنم، ئەوەش لە خۆشەویستیم بۆ ئەم كارە و ئایینی ئیسلام”.
دانا دارا وتیشی “سوپاس بۆ مزگەوتی گەورە كە دەزانن ئەم كارانە لە خزمەتی ئیسلامە و رێگەیان پێداین پێشانگاكە بكەین، تابلۆكانیش گوزارشتن لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام”.

ھەواڵی زیاتر