پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئاوبەری سندوقی لە شەقامێکی هەولێر دروست دەکرێت

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی رایگه‌یاند: ئاوبەری سندوقی لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر دروست دەكرێت.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: كاركردن لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر بەردەوامە و ئێستاش وێڕای دروستكردنی شەقامەكە، هاوكات كار لە دروستكردنی ئاوبەری سندوقی پرۆژەكە دەكرێت كە یەكێكە لە بڕگە ستراتیژییەكانی پڕۆژەكە.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، كاركردن بۆ دروستكردنی ئاوبەری سندوقی لە بڕگەی ئاوەڕۆی پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 150 مەتریی خێرای هەولێر لە قۆناغی سێیەمدایە و لە ڕێگای هەولێر-بەحركە تاوەكوو ڕێگای هەولێر-گۆپال درێژ دەبێتەوە.
ئەم پرۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییە گرینگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ تەواو بكرێت و بكەوێتە خزمەت هاووڵاتییانی خۆشەویستی شاری هەولێر و دەوربەری.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، چەند هەفتەیەك لەمەوبەر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی پرۆژەكەیان كرد و بەدواداچوونیان بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكان كرد، كاركردن لە پرۆژەكەدا بە باشی بەڕێوە دەچێت و پێشبینی دەكرێت پێش وادەی دیاریكراو ئەو بەشەی شەقامەكە تەواو بكرێت.