پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لاوانی هه‌ولێر له‌ ڕاماڵینی یانه‌كانی خوار و ناوه‌راستی عێراق به‌رده‌وامه‌

لاوانی هه‌ولێر دوای بردنه‌وه‌یه‌ك و یه‌كسانبوونێك له‌ قۆناغی هه‌شته‌می خولی لاوانی نایابی عێراقی، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 4 خاڵ به‌ ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ چوارگۆشه‌ی زێڕین خوله‌كه‌ نزیكبووه‌ته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ دوای یاریی خۆیدا لاوانی هه‌ولێر رووبه‌ڕووی لاوانی نه‌فتی میسان ده‌بێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا لاوانی نه‌فتی میسان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 6 خاڵ له‌ خانه‌ی یه‌كه‌می گرووپه‌كه‌ دێن، ئه‌گه‌ر لاوانی هه‌ولێر هه‌ولێر بیباته‌وه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ ده‌گاته‌ پێشكۆتایی، به‌ڵام به‌ یه‌كسان بوون و دۆڕان به‌ ئه‌نجامێكی بچووك ئه‌وا به‌ پله‌ی دووه‌م ده‌گاته‌ پێشكۆتایی و رووبه‌ڕووی لاوانی مینا له‌ گرووپه‌كه‌ی دیكه‌ ده‌بێـته‌وه‌.

كێشه‌ی هه‌ولێر بۆ ئه‌م یارییه‌ چییه‌؟
ئه‌گه‌ر هه‌ولێر له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مرۆی به‌رامبه‌ر نه‌فتی میسان به‌ ئه‌نجامی (2-0) بدۆڕێت و یانه‌ی زه‌وڕاش به‌ ئه‌نجامی (4-0) له‌ شوڕته‌ بیباته‌وه‌، ئه‌وكات هه‌ولێر ناگاته‌ پێشكۆتایی.
مۆفه‌ق یونس، سه‌رپه‌رشتیاری تیپه‌كه‌ له‌سه‌ر یارییه‌كان و دۆخی تیپه‌كه‌ له‌ رووی ئاماده‌كاری و ئامانجه‌كانی بۆ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر قسه‌ی كردوو وتی: ئێسته‌ تیپه‌كه‌مان له‌ دۆخێكی باش دایه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بتوانین له‌ نه‌فتی میسان ببه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا به‌ پله‌ی یه‌كه‌م سه‌رده‌كه‌وین، به‌ یه‌كسانیش و دۆڕانبكی بچووك دیسانوه‌ سه‌رده‌كه‌وین.
مۆفه‌ق وتیشی: یاریزانه‌كانمان له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ زۆرباشن، رۆژانه‌ له‌ كاتی مه‌شق و راهێنان پێش یارییه‌كان دوای یارییه‌كانیش هانیان ده‌ده‌ین و هێوریان ده‌یكه‌ینه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ رووی شوێنی مانه‌وه‌ش باشترین شوێنمان بۆ دابینكردوون تا به‌ ئاسووده‌ی بێكێشه‌ پشوو بده‌ن و یارییه‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن، چونكه‌ یاریزانه‌كان هه‌ر دوو رۆژ جارێك یارییان هه‌یه‌ و پله‌ی گه‌رماش له‌ 50 پله‌یه‌ رۆژانه‌، بۆیه‌ یاریزانه‌كان زۆر ماندوو هیلاك ده‌بن، پێویستیان به‌ شوێنێكی باشی پشوودانه‌.

كۆمپانیای دیناری عێراقی سپۆنسه‌ری لاوانی هه‌ولێر ده‌كات
بۆ ئه‌م یارییانه‌ی لاوانی هه‌ولێر له‌ خولی نایابی عێراقی، كۆمپانیای دیناری عێراقی سپۆنسه‌ری تیپه‌كه‌ی كردووه‌، كه‌ به‌پێی رێكه‌وتنێك له‌ نێوان یانه‌ی هه‌ولێر و كۆمپانیای دیناری عێراقی كراوه‌، به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ بڕی 15000000، پازده‌ ملیۆن دیناری عێراقی دابین كردووه‌، بۆ یانه‌ی هه‌ولێر، ئه‌م گرێبه‌سته‌ وایكرد لاوانی هه‌ولێر بێ كێشه‌ و گرفت به‌شداریی له‌ خوله‌كه‌ بكه‌ن و رێ و شوێنی گونجاو بۆ یاریزانه‌كان دابین بكه‌ن.

یارییه‌كانی قۆناغی پێشكۆتایی
ئه‌گه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر بگاته‌ قۆناغی پێشكۆتایی، ئه‌وا رۆژی سێشه‌ممه‌ كاتژمێر 5:00ـی ئێواره‌ یارییه‌كه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌و كات رۆژی هه‌ینی یاریی كۆتایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌ولێر خاوه‌ن چه‌ند یاریزانێكی زۆر باشه‌، له‌ وانه‌ عه‌لی شاخه‌وان و سلێمان قاسم و عه‌باس حوسین عه‌بدولقادر ئه‌یوب، مه‌تین مه‌نسوور، كاروان عه‌لی، مێرخاسی گۆڵپارێز.