به‌ فه‌رمی پیكێ و شاكیرا جیابوونه‌وه‌یان له‌ یه‌كتر راگه‌یاند

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

3 یانه‌ شه‌ڕی گواستنه‌وه‌ی پۆگبا ده‌كه‌ن
هەر سێ یانەکانی ریال مەدرید، پاریس سانجێرمان و یۆڤێنتۆس هەوڵی گواستنەوەی پۆل پۆگبا ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی فەرەنسا دەدەن.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرت ئاشکرای دەکات، پۆل پۆگبا دوای راگەیاندی جێهێشتنی ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دوای شەش وەرز، هەر زوو یانەکەی پێشووی واتە یۆڤێنتۆس هاتە سەر هێڵ و هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی دەست پێکرد و، گەشبینیش بوون بە دووبارە گەڕانەوەی، بەڵام ئەو یاریزانە بیر لە ئۆفەری یانەکانی ریال مەدرید و پاریس سانجێرمانیش دەکاتەوە، بۆیە تاوەکو ئێستا چارەنوسی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.
سکای بڵاویشی کردەوە یاریزانە 29 ساڵەکە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە یانەکەی داهاتووی نەداوە، یۆڤێنتۆس و ڕیاڵ مەدرید و پاریس سانجێرمان ئۆفەری سەرنجڕاکێشیان پێشکەش کردووە و چاوەڕێ وەڵامی دەکەن.

كریستیانۆ به‌ باشترین یاریزانی ساڵ دیاریكرا
ماڵپەری فەرمی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینلگیزی بڵاویکردەوە، هاندەرانی یانەکەیان لە سەرتاسەری جیهان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەکەیان وەکو باشترین یاریزانی ئەم وەرزە دیاریکرد و، ئەو یاریزانە پۆرتوگاڵیە توانی بۆ جاری چوارەم ئەم خەڵاتە بباتەوە و ژمارەکەی داڤید دی خیا گۆڵپاریزی ئیسپانی یانەکەیان یەکسان بکاتەوە، کە پێشتر ئەو گۆڵپارێزەش توانیویەتی چوار جار خەڵاتی باشترین یاریزانی یانەکەی بەدەست بێنێت.
رۆناڵدۆ دوای گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی شەیتانە سوورەکان، لە یەکەم وەرز لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانتیەکان بەشداری 39 یاریکرد و توانی 24 گۆڵ و سێ ئاسیست تۆمار بکات.

تێڤێز له‌ ته‌مه‌نی 38 ساڵی وازهێنانی له‌ یاریكردن راگه‌یاند
کارلۆس تێڤێزی ئارجێنتینایی بەشێوەیەکی فەرمی و لە تەمەنی 38 ساڵیدا وازهێنانی لە یاریکردن راگەیاند.
کارلۆس تێڤێز یاریزانی ئارجێنتینایی یانەی بوکاجونیۆرز دواجار بریاریدا لە تەمەنی 38 ساڵی بە یەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت و ئەم یاریزانە لەمڕۆوە وەکو یاریزان لە لاکێشەی کەسک دوور دەکەوێتەوە و، تاوەکو ئێستا چارەنوسی خۆی بۆ داهاتوو یەکلایی نەکردووەتەوە.
تێڤێز لە کاروانی وەرزشی خۆی یاریی بۆ چەندین یانە کردووە، لەوانەش مانچێستەر یونایتد، مانچێستە سیتی، یۆڤێنتۆس و چەندان یانەی دیکە و، بە گشتی لەگەڵ سەرجەم یانەکان بەشداری 607 یاریکرد و توانی 237 گۆڵ تۆمار بکات، هەروەها لەگەڵ هەڵبژاردەکەی وڵاتەکەشی بەشداری 76 یاریی کرد و 13 گۆڵی تۆمار کرد و لەگەڵ ئەمانەش لە کاروانی وەرزشی خۆی 28 ناسناوی بەدەستهێنا.

به‌ فه‌رمی پیكێ و شاكیرا جیابوونه‌وه‌یان له‌ یه‌كتر راگه‌یاند
دوای ئاشکرا بوونی پەیوەندی جێرارد پیکێ بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا لەگەڵ کچێکدا، کە تاوەکو ئێستا ناوی ئاشکرا نەکراوە، شاکیرای گۆرانیبێژی کۆلۆمبی و هاوڕێ و دایکی دوو مندالەکەی بەرگریکاری بلاوگرانا هەڕەشەی جیابونەوەی کرد و، دواجار ئەمڕۆ هەردوولا بەیاننامەیەکی فەرمیان راگەیاند و جیابونەوەیان لە یەکتری راگەیاند.
پیکێ و شاکیرا لە مۆندیالی 2010 یەکتریان ناسی و دواتر لە رۆژی 29ی مانگی ئاداری ساڵی 2011 خانمە کۆلۆمبیەکە پەیوەندی خۆی و یاریزانەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیای راگەیاند و خاوەنی دوو منداڵن بە ناوەکانی میلان و ساشا.

تێن هاگ یاریزانێكی بارسێلۆنای ده‌وێت
یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی له‌سه‌ر داخوازی تێن هاگی راهێنه‌ری نوێی یانه‌كه‌ هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی فرانکی دی یۆنگ بە کردارەکی دەست پێکردووە.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنوسی ئیتاڵی ئاشکرای دەکات، کارگێری یانەی مانچێستەر یونایتد دەیانەوێت کێشە داراییەکانی یانەی بارسێلۆنا بقۆزنەوە و، بە پێشکەش کردنی ئۆفەرێکی خەیاڵی، ناچاریان بکەن دەستبەرداری فرانکی دی یۆنگ ناوەڕاستکاری هۆڵەندی یانەکەیان بن.
رۆمانۆ هێمای بۆ ئەوەش کردووە، دی یۆنگ تاوەکو ئیستا لەسەر بریاری خۆی لە مانەوەی یانەکەی سوورە، بەڵام یانە ئینگلیزیەکە بەو هیوایەن ئەو یاریزانە لە بریارەکەی پاشگەز بێتەوە و، بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات.

ھەواڵی زیاتر