پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ته‌ندروستی هه‌رێم و عێراق له‌ سه‌ر 7 خاڵ ڕێككه‌وتن

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڵاویكرده‌وه‌،  دوای كۆبوونه‌وه‌ی شاندی وه‌زاره‌تمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی فیدڕاڵ  له‌سه‌ر حه‌وت خاڵ ڕێككه‌وتن ئه‌نجامدرا .

وه‌زاره‌ت رایده‌گه‌ێنێت: دوای پێكهێنانی شاندێك لە لایەن وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەردانیكردنیان بۆ شاری بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری تەندروستی  د. هانی العقابی ، گرنگترین ئەو خاڵانەی كە لە كۆبوونەوەكە ئاماژەیان پێكرا ئەمانە بوون :
1- بڕیاردرا کێشەکانی دەرمان و چارسەرە پزیشکیەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت.

2- ئامێری پزیشكی و چاككردنەوەی : داوا كرا شارەكانی هەرێمی كوردستان بێبەش نەكرێت لەو گرێبەستانەی ئەنجامدەدرێت بۆ كڕینی ئامێرە پزیشكیەكان.

3- هەماهەنگی زیاتر دەکرێت لە نێوان سندوقی كۆمەك بۆ تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە، د هانی پرۆژەی سندوقی كۆمەك بۆ تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە ی هەرێمی كوردستانی بە پرۆژەكی سەركەوتوو ناوبرد و داوای لە لایەنە پەیوەندیداری وەزارەتی تەندروستی عێراق كرد كە كار بكەن و پرۆژەیەكی لەو شێوەیە لە عێراقیش جێبەجێ بكرێت.

4-  وەزیری تەندروستی عێراق بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی دەرمانیدا لە پارێزگای دهۆک هەم لەرووی دەرمان و پێداویستی پزیشكی لەهەمانكاتیش ستافی تەندروستی لە لایەن وەزارەتی تەندروستی حكومەتی ناوەند دابینبكرێ .

5 – داوا كرا كە شاری هەڵەبجە وەكو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ بكرێ لەرووی دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و ئامێرە پزیشكیەكان ،، وەزیری تەندروستی عێراق پێشنیاری كرد كە لەگەڵ پەرلەمان و ئەمانە عامەی ئەنجومەنی وەزیران ئەم كێشە یەكلابكرێتەوە چونكە ئەمە لە دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عێراق نیە .

6- پرۆژەی ( الدیلزه‌ ) :  وەزیری تەندروستی عێراق بەڵێنی دا كە بە زووترین كات پارێزگای سلێمانیش دەگرێتەوە .

7- بڕیار درا  شاندێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ راهێنان و چارەسەركردنی گرفتەكانی کەرتی تەندروستی