هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هه‌ولێر ئاسانكاری بۆ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌كات

پارێزگاری هه‌ولێر و كونسوڵی گشتی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا جەختیان لە هاوکارى و هەماهەنگى نێوان هه‌ولێر و واشنتن كرده‌وه‌.

پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، ئەمڕۆ (چوارشەممە1ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022)، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانى کونسڵخانەى گشتی ئەمه‌ریکا لەهەولێر کرد و لەگەڵ ڕۆبەرت پالەدینۆ، کونسڵی گشتی کۆبووه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌، هه‌ردوولا گفتوگۆیان لەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى، دۆزینەوەى دەرفەتى کار بۆ کۆمپانیاکانى ئەمه‌ریکا و سوود وه‌رگرتن لە ئه‌زموونی ئه‌م وڵاته‌‌، بۆ زیاتر پێشكه‌وتنی‌ هه‌ولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کرد.

ئه‌وه‌ش خرایه‌ڕوو، لەپێناو گەشەسەندن و پەرەپێدانی ئابووریی، بازرگانی و پیشەسازیی لەهەولێرى پایتەخت، پارێزگای هه‌ولێر ئاماده‌یه‌ هەموو ئاسانکارییەکی یاسایی و کارگێڕى پێشکەش بە کۆمپانیاکان و بازرگانانى ئەمه‌ریکا بكات، تاوەکو ڕۆڵ و کاریگەریان لە بەرەوپێشبردن و په‌ره‌پێدانی بازرگانى، پیشەسازی و وەبەرهێنان لەهەولێرى پایتەخت هەبێت.

مانگی رابردوو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر سه‌ردانی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكای كرد و له‌وێ كۆمه‌ڵێك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بازرگانان و كۆمپانیاكانی ئه‌م وڵاته‌ ئه‌نجامدا، رێكه‌وتن پێكه‌وه‌ له‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و هه‌ولێری پایته‌خت كار بكه‌ن.