هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

شاندێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەردانی لالش دەكات


لەسەر ڕاسپاردەی  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 2022/6/1 شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی د. جەعفەر ئێمنکی، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران، سەردانی پەرستگەی لالشی نوورانییان کرد و لەلایەن میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان لە كوردستان و جیهان و جڤاتی ڕۆحانییەوە پێشوازی كران.

لە دیدارێكدا شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان سڵاو و ڕێزی  نێچیرڤان بارزانییان بە  میر حازم و جڤاتی ڕۆحانی گەیاند، هەروەها بارودۆخی کوردانی ئێزدی و ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، بارودۆخی کەمپی ئاوارەكان، قۆناغ و هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی تاوانی جینۆساید و شوێنبزركردنی ئێزدیییان لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە لە شەنگال و ناوچەكانی دیكە، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.

لەمبارەیەوە شاندی سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتیی  نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیان بۆ داخوازییەكانی خوشک و برایانی ئێزدی لە هەموو ڕوویەكەوە دووپات كردەوە.