هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

عێراق لە چاوەڕوانی شەپۆلێکی دیکەی خۆڵباریندایە

هەفتانە خۆڵبارین یەخەی عێراق بەرنادات و کاریگەرییەکەشی بە روونی لەسەر هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، دوای کەمتر لە هەفتەیەک هەوای پاک، کەشناسی عێراق ئاماژە بە شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین دەکات لەو هەفتەیەدا. چاوەڕێ دەکرێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەپێی زانیاری کەشناسی عیراق شەپۆلە خۆڵبارینەکە چاوەڕێ دەکرێت لە ئێوارەی دووشەممەوە پارێزگاکانی عێراق بگرێتەوە بەتایبەت پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.

خۆڵبارینەکەی عێراق پاش کەمتر لە هەفتەیەک دێت لە خۆڵبارینی چەند پارێزگایەک، زۆربەی پارێزگاکانی گرتەوە، چاوەڕێش دەکرێ خۆڵباریینی داهاتوو لە عێراق خێراییەکەی بگاتە 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا،هاوکات زۆربەی پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە و ئاستی بینین کەمدەبێتەوە، هەم لە هەرێمی کوردستانیش هەمیش لە عێراق رێنمایی هەیە کە خەڵك لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە و دەرگە و پەنجەرەش دابخەن. چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو ئێوارەی دووشەممە بەردەوام بێت و دواتر کۆتایی بێت، لە چەند خۆڵبارینی رابردوو ژمارەیەکی زۆر خەڵك رەوانەی نەخۆشخانە کران و چەند کەسێکیش گیانیان لەدەستداوە، لەماوەی دوو مانگیشدا 10 شەپۆلی خۆڵبارین عێراقی گرتووەتەوە، پێشبینیش وایە لە ماوەی ساڵێکدا 300 رۆژ لە عێراق خۆڵبارین بێت،سەرەتای ئەو مانگە لە عێراق بەهۆییەک شەپۆلی خۆڵبارینەوە نزیکەی ٤ هەزار کەس بەهۆی هەناسەتەنگییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کران لە پارێزگا جیاوازەکاندا،لە کەرکووک و سەڵاحەدین، واست و بەسرە زیاتر لە ١٣٠٠ کەس رەوانەی نەخۆشخانە کرابوون.
نیسانی رابردوو وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاشکرای کردبوو کە ژمارەی ئەو رۆژانەی خۆڵبارین تێیدا تۆمار دەکرێت لە ساڵێکدا لە ٢٤٣ رۆژەوە بۆ ٢٧٢ رۆژ بەرزبووەتەوە لەماوەی دوو دەیەیرابردوودا، تاوەکو ساڵی ٢٠٥٠ش ژمارەی ئەو رۆژانەی خۆڵبارین لە عێراق روودەدات دەگاتە ٣٠٠ رۆژ.
هەرچەندە دەزگای کەشناسی عێراق رەتی دەکاتەوە بگەنە ئەو ژمارەیەی خۆڵبارین لە رۆژێکدا بەڵام کەمبوونەوەی ئاو و، بیابانبوون لە عێراق هەڕەشەیەکی سەرەکییە لەسەر دانیشتووان، پرۆگرامی ژینگەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە سەرچاوەکانی ئاو و دەستگەیشتن بە ئاوی پاک لە عێراق تاوەکو سێ ساڵی دیکە ٪20 کەمدەبێتەوە،ئەوەش هەڕەشەیەکی راستەقینە لەسەر کشتوکاڵ و بازرگانی و ژیانی خەڵك دروست دەکات .
هەر بە گوێرەی راپۆرتێکی دیکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەنداوەکانی تورکیا و ئێران هەڕەشەن بۆ سەر سەرچاوەی ئاو لە عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو ئاویان لە عێراق کەمکردووەتەوە ئاستی ئاوەکانی دیجلە و فوراتیش بە رێژەی ٪60 کەمیکردووە، عێراق پێنجەمین وڵاتە کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوای لەسەرە،سەرچاوەی ئاوی کەمبووەتەوە و ئاسایشی خۆراکیشی نییە
لە کۆتایی ساڵی رابردوو بانکی جیهانیی هۆشداری دا کە سەرچاوەی ئاوی عێراق هەر کەم دەبێتەوە، ئەوەش دەرەنجامی کارەساتباری دەبێت بۆ سەر وڵاتەکە و دامەزراندن و ئابووریش،خراپی ئیدارەدانی کەرتی ئاویش هۆکاری سەرەکی شکستی عێراقە لە چەندین کەرتی جیاوازدا .
مانگی رابردوو وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هۆشدار دا، گۆڕانی کەش و هەوا و کاریگەرییەکەی چی دیکە تەنیا قسە نین،ئاوی رژاو بۆ عێراق لەوەتەی ساڵی رابردوو بۆ نیوە کەمبووەتەوە، وشکەساڵی و کەمبارانی هەڕەشە لە خەڵكێکی زۆر لە عێراق دەکات.