بناغەی زانستی شاری تەندروست لە هەریر دانرا

بۆ یەکەم جار لە هەرێمی کوردستان، لە دانیشتنێکی زانستیدا، بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی هەریر، لە ڕۆژی 29ی ئەم مانگە، بناغەی زانستی شاری تەندروستی لە هەریر لە چوارچێوەی دیدارێکی زانستی دانا و تێیدا ناوەرۆکی زانستی بە زمانی کوردی لەوبارەوە بەرهەم هات و نامیلکەیەکی بە چاپ گەیاند. ئەم دانیشتنە زانستییە جگە لەوەی دەبێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ پێشخستنی شاری هەریر و دیاریکردنی خاڵی لاواز و بەهێز بە مەبەستی گەشەکردن بەپێی پرەنسیپەکانی شاری تەندروست، دەبێتە سەرچاوەیەکی گرینگی زانستی بۆ کاری هاوشێوە لە شارەکانی دیکە. شایانی ئاماژەیaە لەم دانیشتنەدا جگە لە وتاری بەڕێوەبەری ناحیە، پارێزگاری هەولێر و کاک عەباس غەزالی، شەش بابەتی پەیوەندیداری زانستی لە لایەن دکتۆر حوسێن کوردنەژاد، دکتۆر هەژار ڕەحیمی، کاروان کەریمخان، مامۆستا خەتاب عوسمان، دکتۆر سەدرەدین عەبدوڵا و دکتۆر سامان عەبد ڕەسوول پێشکەش کران و ئەنیمەیشنێکی شاری ڤەنکۆڤەر وەک مۆدێلێکی ئەزموونی بە ژێرنووسی کوردی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی هەریر و دیکیۆمێنتارییەکی تایبەت بە شاری تەندروست، لە هەریر لە لایەن کوردستان 24 ئامادە کرابوو. شایانی باسە دواتر کۆی توێژینەوەکان و ڕاپۆرتی سیمپۆزیۆم لە بڵاوکراوەیەکی تایبەتدا دەخرێتەڕوو. بە گشتی ئامانج لەم سیمپۆزیۆمە کۆککردن و کۆکردنەوەی ڕا و بۆچوونی زانستیانەی کارناسان بوو لە بارەی چۆنیەتی دروستکردنی شاری تەندروست بەپێی توانای سیستەم و دۆخی کۆمەڵگە. ئامانجی دواتر خۆماڵی کردن و وێکچواندنی توخمەکانی شاری تەندروست بوو لە سەر شاری هەریر بە شێوەیەکی تیۆری و ڕوانگەیەکی چەند ڕەهەندی، بەپێی پرەنسیپ و پێناسەکانی دامەزراوەی تەندرووستیی جیهانی.

ھەواڵی زیاتر