تیروپشکی قۆناغی کۆتایی خولی لاوانی کوردستان ئەنجام درا

دوای تەواو بوونی قۆناغی پاڵاوتنی خولی لاوانی یانەکان، کە لەسەر ئاستی پارێزگاکان ئەنجامدرا، ١٠ یانە گەیشتنە قۆناغی کۆتایی و بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکران، ٤ یانە لەپارێزگای سلێمانی و ٣ یانە لەپارێزگای هەولێر و ١ یانە لەپارێزگای دهۆک و ١ یانە لەپارێزگای کەرکووک و ١ یانەیش لەپارێزگای هەڵەبجە ڕکەبەری لەسەر بەدەسهێنانی ناسناوی خولەکە دەکەن، بڕیاریش وایە ڕۆژی یەکشەممە چوار یاری لەکاتژمێر ٤:٣٠ لە یەکەم گەڕ ئەنجام بدرێن.

خشتەو کاتی یارییەکانی گەڕی یەکەم بەمشێوەیە دەبێت:
دوای تەواو بوونی قۆناغی پاڵاوتن لەپارێزگای سلێمانی یانەکانی سیروانی نوێ و پێشمەرگەی سلێمانی و دەربەندیخان و شێروانە گەیشتنە قۆناغی کۆتایی، لە پارێزگای هەولێریش یانەکانی پێشمەرگەی هەولێر، هەندرێن و برایەتی سەرکەوتن، لەسنوری پارێزگای دهۆکیش یانەی گارە نوێنەری ئەو پارێزگایە دەبێت، یانەی برادۆستیش کە پلەی یەکەمی یانەکانی پارێزگای کەرکووکی بەدەستهێناوە لە قۆناغی کۆتایی بەشدارە، یانەی هەڵەبجەی شەهیدیش نوێنەری یانەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەبێت لە قۆناغی کۆتایی.
دوای ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناغی کۆتایی هەر ١٠ یانەکە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکران و ٢ یانەی خاوەن پلەی یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکە دەگەنە چوارگۆشەی زێڕین و لە دوو یاری چوون و هاتندا بەیەکەوە یاری دەکەن و براوەکانیان دەگەنە یاری کۆتایی، لە چوارگۆشەی زێڕیندا پلەی یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم یاری لەگەڵ دووەمی پلەی دووەم دەکات، یەکەمی کۆمەڵەی دووەمیش ڕووبەڕوی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم دەبێتەوە و یاری کۆتایش لەشاری هەولێر ئەنجام دەدرێت.
لەم قۆناغەدا یانەکان مافی ئەوەیان هەیە ٤ یاریزان بگۆڕن و یاریزانی تر بهێنن لەگەڵ گۆڕینی ١ یاریزانی پیشەگەر، سەرجەم کارتە زەرد و سورەکانی قۆناغی پێشوو دەسڕێنەوە و هەژمار ناکرێن، بۆ دەستنیشانکردنی گۆڵکاری خولەکەیش تەنیا گۆڵەکانی قۆناغی کۆتایی هەژمار دەکرێن.

ئەنجامی تیروپشکەکەیش بەمشێوەیە بوو:
کۆمەڵەی یەکەم: هەڵەبجەی شەهید، برایەتی، برادۆست، دەربەندیخان، سیروانی نوێ
کۆمەڵەی دووەم: پێشمەرگەی هەولێر، شێروانە، هەندرێن، پێشمەرگەی سلێمانی، گارە
یارییەکانی گەڕی یەکەمی خولەکەیش ڕۆژی یەکشەممە کاتژمێر ٤:٣٠ دەسپێدەکات یارییەکان بەم شێوەیە دەبن:

کۆمەڵەی یەکەم
لاوانی سیروانی نوێ – لاوانی برادۆست
لاوانی هەڵەبجەی شەهید – لاوانی برایەتی
لاوانی دەربەندیخان چاوەڕوانە

کۆمەڵەی دووەم
لاوانی گارە – لاوانی پێشمەرگەی هەولێر
لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی – لاوانی هەندرێن
لاوانی شێروانە چاوەڕوانە
ئەم وەرزەی خولی لاوانی کوردستان لەسەرەتادا بەشیوازی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، بەجۆرێک لە هەر پێنج پارێزگاکە یانەکان پاڵاوتنیان کرد و ١٠ یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی، کە ئێستە ئەو ١٠ یانەیە دابەشکراون بەسەر دوو کۆمەڵەدا لە هەر کۆمەڵەیەک ٢ یانە سەردەکەون لەچوارگۆشەی زێڕین بەیەکەوە لەدوو یاری چوون و هاتندا یاری دەکەن و براوەیان دەگاتە یاری کۆتایی.

ھەواڵی زیاتر