ئاگر لە كارگەیەكی هەولێر كەوتەوە 

ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی پەردە لە هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، 70%ی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و مەترسیی فراوانبوونی ئاگرەکە و پەڕینەوەی بۆ کارگە، کۆگا و دووکانەکانی دەوروبەری نەماوە.

بە پێی زانیارییەکان کە دەستکەوتووە، هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی کەوتووەتەوە، خاوەنی کارگەکەش پێی گوتووە کە کارگەکەیان داخستووە و ویستوویانە بڕۆنەوە، لەوکاتەدا ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، “ئاگرەکە 70% لەژێر کۆنترۆڵدایە و رێگریمان کردووە لەوەی بۆ کارگە و دووکانەکانی تەنیشتی بگوازرێتەوە. تاوەکو ئێستا هیچ زیانی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی کەوتووەتەوە.”

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کارگەیە کارگەی دروستکردنی پەردە و قوماش و زێبرا بووە و تەنەر و بۆیاخیشی تێدایە کە بۆ دروستکردنی پەردە بەکاردەهێندرێت، زیانەکانیش تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە بیخەمڵێنن چونکە هێشتا ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵنەکراوە.

هەروەها راگەیەندرا، لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا سێ کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و لەلایەن تیمی پزیشکییەوە چارەسەریان بۆ کراوە.

ھەواڵی زیاتر