پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئاژانسی جایکای ژاپۆنی کرد کۆبوویەوە، کە بەهاوکاری و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا و کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 30 ی ئایاری 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی ( جایکا) کرد بە سەرۆکایەتی جین یۆنیدا بەڕێوەبەری سەرەکی ئاژانسەکە لە عێراق.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری جایکا لە عێراق، کورتەیەکی دەربارەی کار و پڕۆژەکانی ئاژانسەکە لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو کە بەهاوکاری و هەماهەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا و کشتوکاڵ ئەنجام دەدەن، گرنگترینیان هاوکاریکردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە لە هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر کە دەکرێت ببێتە نموونەیەک بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ھاوکاریکردن لە دروستکردنی وێستگەی کارۆئاوی لە دێرەلووک و پەرەپێدان و گەیاندنی ئاو لە هەڵەبجە و نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی سلێمانی و چەند پڕۆژەیەکی دیکە.  

سەرۆکی حکومەت سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی ئاژانسی جایکای کرد لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ستایشی کار و پڕۆژەکانی کردن کە بە شێوەیەکی پیشەییانە ئەنجامی دەدەن و خوازیاری پەرەپێدانی هەماهەنگیی و سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی ژاپۆنی بوو بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان.