ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە هەرێم وەک سەردەمی پێش کۆرۆنای لێ دێتەوە

هەناردەکردن و هاوردەکردنی کاڵا کۆڵەکەی بازرگانی وڵاتانە، هەرێمی کوردستانیش بەرەوپێشچوونێکی دیاری بەخۆیەوە دیوە و، سەرباری هاوردەکردن، هەناردەی کاڵاش زۆر بووە. پێویستە سێکتەری بازرگانی و ئاستی هەناردەکردنی کاڵا زیاتر پەرەی پێ بدرێ.

هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی رۆژانەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی سەرەکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی دەکات و ساڵانە بە بڕی دەیان ملیار دۆلار کاڵا و خۆراک و پێداویستی لەو وڵاتانەوە هاوردە دەکات، بەمەش تا بێ ئاستی قەبارەی بازرگانیکردنی فراوانتر دەبێت و زیاتر بەرووی بازاڕەکانی وڵاتانی دنیادا دەکرێتەوە.
سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان قەبارەى هاوردەکردنى کاڵاى ساڵی پار ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت: لە ساڵی٢٠٢١دا بە بەهای زياترلە ٦ملیار دۆلار مۆڵەت بە هاوردەکردنی کاڵاى جۆراوجۆر بۆ هەرێمى کوردستان دراوە.
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، دەربارەی دۆخی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە رایگەیاند “ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان گەیشتووەتەوە بەو ئاستەی کە لەسەردەمی پێش کۆرۆنادا هەیبوو، بازرگانی لە هەرێم پێش کۆرۆنا، بە شێوەیەک گەشەی سەندبوو، گەیشتبووە لوتکە و هەرێمی کوردستان لەبواری بازرگانی توانایەکی باشی پێکەوە نابوو، بەڵام لەکاتی کۆرۆنا لە هەموو وڵاتانی دنیا بواری بازرگانی بەرەو لاوازی رۆشت و هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە، ئێستا دووبارە دۆخەکە بەرەو باشتر دەچێتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستی پێکردووەتەوە” گوتیشی “پێش کۆرۆنا ساڵانە بە قەبارەی ٢٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان دەکرد لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا”.
دەربارەی ئەو وڵاتانەی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لەگەڵ دەکات، مستەفا عەبدولڕەحمان رایگەیاند “ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ زۆرینەی وڵاتانی جیهانە بەڵام بە پلەی یەک لەگەڵ تورکیا کە وڵاتێکی گەورەیە و دەرفەتێکی گەورەی کاری تێدایە، وڵاتێکی پیشەسازییە و ئەوروپای لێوە نزیکە بۆیە زۆرینەی کاڵاکانمان لەو وڵاتەوە هاوردە دەکەین.
بە پلەی دووەم لەگەڵ ئێران ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان هەیە، پاشان لەگەڵ چین و زۆرینەی وڵاتانی دیکەی جیهان”.
سەرۆکى یەکێتیەکە وتیشى: ئەمساڵ لە دەروازە سنورییەکان و فرۆکەخانەکانى هەرێمى کوردستانەوە بە بەهاى ٦ملیار و ٦٠ملیۆن و ٣٧٠هەزار دۆلار کاڵا هاوردەى هەرێمى کوردستان کراوە.
لە مەرزى نێودەوڵەتى ئیبراهیم خەلیلەوە بە بەهای دوو ملیار و٨٦٥ملیۆن و ٢٧هەزار دۆلار و لە مەرزى حاجى ئۆمەران بە بەهای ٥٦٥ملیۆن دۆلار و لە مەرزى نێودەوڵەتى باشماخ بە بەهای ٣٩٢ملیۆن و ٣٥٠هەزار دۆلار و لە پەروێزخان بە بەهای ٩٤٧ملێۆن و ٢٥٠هەزار دۆلار کاڵا هاوردە کراون.
دەربارەى فرۆکە خانەکانیش سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنکاران ئەوەشى ئاشکراکرد، لە فڕۆکەخانەى هەولێر بە بەهاى ٩٠ملیۆن و ٥٠٠هەزار دۆلار و فرۆکە خانەى سلێمانىش بەبەهاى ٢٠٩ملیۆن دۆلار مۆڵەتى هاوردەکردنى کاڵا دراوە.
سەبارەت بە هاوردە کردنى ئۆتۆمبێلیش مستەفا عەبدولڕەحمان، ئەوەى ئاشکرا کرد ئەمساڵ ١٠٧هەزارو١٥٩ ئۆتۆمبێل هێنراوەتە هەرێمى کوردستان.

ھەواڵی زیاتر