پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە هەرێمی كوردستان نرخی ماسی فڕیوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

پێشتر ئەگەر یەك كیلۆ ماسیت بكڕیایە، نرخەكەی لە نێوان 5 بۆ 6 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا یەك كیلۆ ماسی بۆ 10هەزار دینار بەرز بووەتەوە. ئەمە جگە لەوەی ئەگەر لە چێشتخانەكانی تایبەت بە ماسیدا ماسی بخۆیت، نرخی یەك كیلۆ لە كڕین نایەت.

سەید مەحموود، هەفتانە سێ تا چوار جار ماسی دەخوات، ئەو دەڵێت ئەگەر لە هەفتەیەكدا سێ جار ماسی نەخۆم ناتوانم، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەكەیەوە، ئیتر ناتوانم هەفتانە یەك جاریش ماسی بخۆم.
سەید، باس لەوە دەكات، ئەگەر بچیتە چێشتخانەیەك و داوای ماسییەكی ٢كیلۆیی بكەیت، نرخەكەی سەرووی 30هەزار دینارە، بەڵام ئەگەر ماسی لە دەرەوە بكڕێت و لە ماڵەوە بۆ خۆت دروستی بكەیت، نرخی یەك كیلۆ دەگاتە 10هەزار دینار.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ، هۆكاری گرانی نرخی ماسی دەخاتە روو و دەڵێت ئێستا كاتی قەدەغەكردنی راوە ماسییە و دەبێت ماسی زاوزێ بكا.
سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ، دەڵێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسەوە زیاتر لە سێ ساڵە هاوردەكردنی ماسی لە پارێزگاكانی عێراقەوە قەدەغە كراوە، نزیكەی ساڵێكیش دەبێت بەهەمان هۆكار رێگەمان نەداوە ماسی لە ئێرانەوە بێت.
باسی لەوەش كرد، ئێستا كاتی قەدەغەكردنی راوە ماسییە و پڕۆژەكانی نێوخۆ لە مانگی شوباتەوە بەرهەمیان نابێت و لە دەورووبەری مانگی تەموز، ئیدی بەرهەمەكان دەخەنە بازاڕەوە.
ماسیفرۆشی خالیس، نیگەرانە لەوەی ماسی بە نرخێكی گران دەفرۆشێت، دەڵێت بەڵام چارم ناچارە و نرخەكەی بە گشتی زیادی كردووە.
خالیس، پێیوایە بەهۆی ئەوەی رێگە نادرێت لە پارێزگاكانی عێڕاقەوە ماسی هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت، نرخەكەی گران بووە، جگە لەوەی دەڵێت كاتێك بۆ خۆیان ماسی دەكڕن، نرخەكەی گرانە و دەبێت شتێكیشی بخەنە سەر بۆ قازانجی خۆیان، بۆیە نرخ بەرز بووەتەوە و تاوەكوو ئێستا بەو شێوەیە نەبووە.
ئەو دەڵێت: ”ئێستا وەكوو پێشتووتر ماسی نافرۆشم، چونكە كڕیارەكان كەم بوونەتەوە و وەكو جاران نین هۆكارەكەشی گرانی نرخە. پێشتر رۆژانە 50 كیلۆ ماسیم فرۆشتووە، بەڵام ئێستا 20 كیلۆ دەفرۆشم“.
ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتی بەخێوكردنی ماسییان هەیە، 405 پرۆژەن و ساڵانە سێهەزار تۆن ماسی بەرهەم دەهێنن، هەروەها ئەوانەشی مۆڵەتیان نییە، بەهەمان شێوەی مۆڵەتپێدراوەكان ماسی بەرهەم دەهێنن.