دلۆڤان ڕەحیم – هەولێر
هەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی نووسراو و راگەیێنراوەکانی بەردەوامە لە گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەرتی نەوت و گاز بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی رایگەیاندووە کە بڕیاری دادگای فیدراڵی نادەستوورییە و جێبەجێ ناکرێت .
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لە وردەکاری ئەو کێشەیە دەکات کە بەم دواییە دادگاکەی عێراق لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستی کرد، نووسیویەتی:” بەلای هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارە نادەستوورییە و ناچێتە ژێرباری جێبەجێکردنی.”
دادگای فیدراڵی بەپێی دەستوور دەبێت راڤەی دەقە دەستووریەکان بکات و بڕیاری لەسەر بدات،بەڵام وەکو ماڵپەڕەکە دەڵێ زۆر پرس لەمدواییەدا بووەتە مشتومڕ کە لەو دادگایەوە بڕیاری لەبارەوە دەرچووە ، لە کاتێکدا بەپێی دەستوور هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٧ وە بەپێی یاسا نەوت بەرهەمدێنێت و هەناردەی دەکات ، بەڵام پاش ١٠ ساڵ دادگاکە سکاڵاکەیەکی کۆنی هەڵداوەتەوە و دەلێ دەبێت نەوت و گاز لە رێگەی حکومەتی ناوەندییەوە هەناردە بکرێت .
سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان لە چەندین بۆنەی جیاوازدا ئاماژەیان بەوە داوە داوای رادەستکردنی تەواوی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە و جێبەجێ ناکرێت، هەرێـمی کوردستان هەموو رێگەیەکیش دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی و مانەوەی دەسەڵاتی هەناردەکردنی نەوت بەپێی دەستوور لەدەستی خۆی .
مەسرور بارزانی ، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووری لە داڤۆس رایگەیاند:” بۆ ئێمە دەستوور لەسەرووی هەموو بڕیارێکی دادگاوەیە،ئێمەش نامانەوێت دەقە دەستوورییەکان پێشێل بکرێن و دەبێت رێزیان لێ بگیرێت،ئەرکی خۆشمان جێبەجێ دەکەین،بەڵام داوای مافەکانی خۆشمان دەکەین وەکو ئەوەی لەدەستووردا هاتووە .
رۆژی ٧ـی مانگ ئیحسان عەبدولجەبار،وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:” بڕیاری دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەکەین، بێ ئەوەی ئاماژە بە رۆڵی حکومەتەکەی بکات لە چۆنیەتی هەوڵی جێبەجێکردنی، چونکە عیراق بۆ ئەو کارەی پەنا بۆ کۆمپانیایەک بردووە و خۆی بەهۆی ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەرە و توانای بڕیار و یاسای نییە دەیەوێت لە رێگەی کۆمپانیایەک گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەوەش پێشانی دەدات دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لاوازە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان.
ئەلمۆنیتەر دەڵێ عێراق کۆمپانیای کلێری گۆتلیب ستین و هاملتۆنی راسپاردووە بۆ گفتوگۆ لەسەر گرێبەستە نەوتیەکان لە هەرێمی کوردستان،ئەوەش ئاماژەی نەبوونی دەسەڵاتێکی بەهێزی فیدراڵییە لە عێراق و بوونی حکومەتێک کە کاربەڕێکەرە و توانای پێشکێشکردنی هیچ پڕۆژەیاسایەکیشی نییە .
لە بەرامبەردا بۆ چارەسەری کێشەکانی هەردوولا، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی هەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، بەتایبەت کە ئەرکی یونامی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق درێژکرایەوە،ئەوەش دەرفەتی نێوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆچارەسەری کێشەکان دەهێنێتە پێشەوە .
بەپێی راگەیەنراوی یونامی :” نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات و پشتیوانیش لەوە دەکات هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەونە نێو گفتوگۆیەکی جیدی بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.”
لەنێوان داوای بەغدا و ویستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری پرسی نەوت،نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە دانیشتنی هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەر .