پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نێچیرڤان بارزانی: با پاراستنی ئاشتی و ئازادی هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە 

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 30/5/2022 بە ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كونسول و دیپلۆماتكارانی بیانی، شرۆڤەكار و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و مامۆستایانی زانكۆ، لە هەولێر كۆنفرانسی ئاشتی لە ڕێگەی میانڕەوییەوە بەڕێوەچوو كە لەلایەن ڕێكخراوی سپاركی هۆڵەندییەوە بە هاوكاریی كونسولخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ڕێكخرابوو.

لە كۆنفرانسەكەدا دوای پێشكەشكردنی چەند وتارێك لەلایەن ئامادەبووانەوە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

بەڕێزان،

به‌یانیتان باش،

هه‌موو لایه‌كتان به‌ خێر بێن بۆ ئەم كۆنفرانسە و هیوادارم كۆنفرانسەكەتان ئەنجامی هەبێت..

خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ پێكه‌وه‌ به‌شدارین له‌م كۆنفرانسه‌دا. ده‌ستخۆشى له‌ ڕێكخراوى سپاركى هۆڵه‌ندى و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ڕۆڵیان له‌ سازدانى ئه‌م كۆنفرانسه‌دا گێڕاوه. ئه‌مه‌ ده‌رفه‌تێكى باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رباره‌ى بابه‌تێكى گرنگ، ده‌رباره‌ى ئاشتى و، (میانڕه‌وى وه‌ك ڕێگه‌یه‌ك بۆ ئاشتى)، قسه‌ و گفتوگۆ بكه‌ین. سوپاستان ده‌كه‌م.

به‌ڕێزان..

له كاتێكدا جیهانى ئه‌مڕۆمان به‌ ده‌ستى كۆمه‌ڵێك ته‌حه‌دى و قه‌یرانى جیاوه‌ ده‌ناڵێنێت، ئاشتى له‌ هه‌موو كاتێك پێویستترە. لێكه‌وته‌كانى كۆرۆنا به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا، تیرۆر و توندڕه‌وى، شه‌ڕ و پێكدادان، ناكۆكیى سیاسى و جیۆسیاسى، کارکردن‌ به‌ لۆژیكى هێز، قسه‌كردن به‌ زمانى چه‌ك، هه‌وڵى سه‌پاندنى هه‌ژموون و هه‌تا دوایى، خه‌ریكه‌ ئاشتیى جیهان ده‌خاته‌ ژێر مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌وه‌! ڕووداو و پێشهاته‌كان به‌ جۆرێكن، نیگه‌رانى و پرسیارێكى ئازاربه‌خش، خه‌ریكه‌ مێشكى زۆربه‌ى مرۆڤایه‌تى سه‌رقاڵ ده‌كات:

ـ ئایا جیهان به‌ره‌و جه‌نگێكى دیكه‌ى نێوان زلهێزه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت؟!

له‌ دۆخێكى ئاوادا، ڕه‌نگه‌ بۆ کەم شوێنى دیكه‌ى سه‌رزه‌مین، هێنده‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگیرى پێویستییه‌كى له‌پێش ‌بێت! بۆ سه‌رزه‌مینێكى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌وه‌نده‌ پێكهاته‌ى جیاى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى، به‌ مێژوویه‌كى پڕ له‌ تاڵى و ناخۆشى، پڕ له‌ شه‌ڕ و خوێن و كاره‌سات، ڕه‌نگه‌ هیچ شتێكى دیكه،‌ هێنده‌ى ئاشتى و پاراستنى ئاشتى بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ پێویست نه‌بێت!

ئه‌گه‌ر عیراق وه‌ك نموونه‌یه‌كى بچووكى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست وه‌ربگرین، ده‌بینین ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌ عیراق، چه‌ند بۆ خودى خۆى گرنگ و پێویسته‌، هێنده‌ و بگره‌ زیاتریش بۆ ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌، گرنگ و پێویسته‌! به‌ درێژاییى مێژووی وڵات، نه‌بوونى ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌ عیراق، نائارامى و نا‌سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌ به شێوەیەكی ‌گشتى دروست كردووه‌! ده‌وڵه‌مه‌ندى و سامانێكى زۆرى به‌ هه‌ده‌ر داوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ میانڕه‌وى و ئاشتیدا، ده‌كرا عیراق بكاته‌ یه‌كێك له‌ باشترین و پێشكه‌وتووترین وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان.

لێكه‌وته‌كانى نه‌بوونى ئاشتى و ناسه‌قامگیرى له‌ عیراق، زۆر جار دۆخى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و ناوچه‌كه‌یشى تێكداوه! ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ ئاشتیى جیهانیش كردووه‌!

ئه‌گه‌ر نه‌چینه‌وه‌ سه‌ر مێژووى كۆنى ناكۆكى و پێكدادانى مه‌زهه‌بى و تائیفى و نه‌ته‌وه‌ییش، هه‌ر ته‌نیا باسى مێژووى نوێى عیراق بكه‌ین، ده‌بینین ئه‌و سته‌مه‌ى هه‌ر له‌گه‌ڵ دروستبوونى ده‌وڵه‌تى عیراق له‌ گه‌لى كوردستان و پێكهاته‌كانى كراوه‌، چه‌ند شه‌ڕ و ماڵوێرانى و كاره‌ساتى بۆ عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌دواى خۆیدا هێناوه‌! ده‌بینین لێكه‌وته‌كانى، چه‌ند زیانیان به‌ ناوچه‌كه و ئاشتى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌!

شه‌ڕى عیراق ـ ئێران، دواتر داگیركردنى كوێت له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌، دروستبوون و هاتنى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕزگاركردنى كوێت و شه‌ڕى دووه‌مى كه‌نداو، شه‌ڕى ڕزگاریى عیراق و هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ى دواى ئه‌وه‌ تا سه‌رهه‌ڵدانى داعش له‌م ناوچه‌یه‌ هاتنه‌ ئاراوه‌، كه‌ هاوسه‌نگیى هێز و به‌رژه‌وه‌ندى و هاوسه‌نگیى سیاسیى وڵاتانى له‌ ناوچه‌كه‌ بە تەواوەتی گۆڕى، هه‌موویان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى: له‌ عیراق ئاشتى و بیری ئاشتی و میانڕەوی سه‌قامگیرى نه‌بوو!

ـ دواى ئه‌و ڕابردووه‌ تاڵه‌، ئایا ده‌بێ چیتر ڕووبدات بۆ ئه‌وه‌ى ئێمەی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە تێبگه‌ین كه‌ پێویستیمان به‌ ئاشتییه‌؟ پێویستیمان بە میانڕەوییە؟

ئاشتییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ كه‌ بڕوا و متمانه‌ و دڵنیایى دروست بكات! تیایدا هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و ئایین و مه‌زهه‌بێك بن، هه‌ر بیروبۆچوون و تێڕوانینێكیان هه‌بێت، پێكه‌وه‌ به‌ ئاشتى، ته‌بایى و لێبورده‌یى بژین و لە هەمووی گرنگتریش لە وڵاتێكدا، لە جوگرافیایەكدا كە پێی دەوترێت عیراق یه‌كتر قبووڵ بكەن. ئاشتییه‌ك ژیان و ئازادیى هه‌مووانى تێدا پارێزراو بێت. ئاشتییه‌ك، سایه‌ و كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق بێت و تیایدا تایبه‌تمه‌ندى و ماف و شایسته‌كانى هه‌مووان، به‌پێى ده‌ستوور و یاسا مسۆگه‌ر و پارێزراو بن!

ـ به‌ڵام له‌ عیراق ئاشتییه‌كى وا چۆن دێته‌ ئاراوه‌؟ پرسیارەكە ئەوەیە؟

له‌گه‌ڵ لێبورده‌یى، ته‌بایى، پاراستنى فره‌یى، ڕێزگرتن له‌ به‌رامبه‌ر و جیاوازییه‌كانى، به‌ دڵنیایییه‌وه‌ میانڕه‌وییش یه‌كێكه‌ له‌و ستوونه‌ هه‌ره‌ سه‌ركییانه‌ى‌ كه‌ ئاشتى له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت.

له‌ عیراق، به‌ هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌، كه‌ وه‌ك گوتم نموونه‌یه‌كى بچووكى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌، هه‌ر له‌ ژیانى تاكه‌ كه‌سیمانه‌وه‌‌‌، تا به‌رزترین پله‌ى ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردن، به‌ ناوه‌نده‌ ئایینییه‌كانیشه‌وه‌، پێویستیمان به‌ میانڕه‌وییه‌. پێویستیمان به‌ قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى ناتوندوتیژییه‌. بۆیه‌ ده‌بێ میانڕه‌وى له‌ هه‌موو شوێنێكی ژیان ئاماده‌ بێت. به‌تایبه‌تى له‌ناو خێزان، له‌‌ سیستمى ‏په‌روه‌رده‌ و خوێندندا، هه‌روه‌ها له‌ ‏په‌یوه‌ندى و مامه‌ڵه‌ى سیاسیشدا.‏

له‌ عیراق، بۆ هه‌موومان، هه‌ر له‌ تاك و ‏خێزانه‌وه‌، تا هێز و لایه‌ن و سه‌ركرده‌ ‏سیاسییه‌كان، ‏تا گه‌وره‌ و ڕێبه‌ره‌ ئایینییه‌كان، ‏له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كاندا، ‏میانڕه‌وى ڕێگه‌یه‌كى دروست و پێویست ‏و له‌پێشه‌‌ بۆ ئاشتى، بۆ پێكه‌وه‌ژیان، بۆ ‏یه‌كترقبووڵكردن و بۆ لێبورده‌یى.‏

بۆ ئه‌وه‌ى ڕێزی به‌رامبه‌ر بگرین، لێى تێ ‏بگه‌ین، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە لە بیروبۆچوونمان ده‌بێ میانڕه‌و بین. ‏میانڕه‌وى، ‏هێز و دانایى و متمانه‌ و بڕوابه‌خۆبوونه‌‌، كه ئاشتى و ئارامى و سه‌قامگیرى ‏ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌. له‌ وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه ‌و فرئایین و ‏فره‌مه‌زهه‌بى وه‌ك عیراق، ‏ئه‌گه‌ر میانڕه‌وى نه‌بێت، قاعیده‌ و جوندولئیسلام و داعش و ‏كاره‌ساتى تر لەم وڵاتەدا‌ دایك ده‌بن. به‌وپه‌ڕى خوێنساردییه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م ‏كامێراكاندا سه‌ر ده‌بڕن، مل ده‌په‌ڕێنن و ‏له‌گه‌ڵ ئەو كارانەی كە دەیكەن، پێشده‌كه‌نن!‏

ڕابردووى عیراق به‌ هه‌موو شه‌ڕ و ‏كاره‌سات و ماڵوێرانییه‌كانییه‌وه‌، ده‌بێ بۆ ‏هه‌موومان ببێته‌ په‌ند. ‏ببێته‌ وانه‌یه‌ك، ‏ڕێنیشانده‌رمان بێت بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و ‏داهاتوویه‌كى باشتر بۆ هەموو پێكهاتەكانی ئەم وڵاتە. به‌ره‌و بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، ‏ڕه‌نگدانه‌وه‌ و ده‌ربڕى فره‌یى و جیاوازى ‏و ماف و شایسته‌ و خواست و هیواى ‏پێكهاته‌كانى ئەم وڵاتە بێت. ‏

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌، له‌ بیسته‌كانى سه‌ده‌ى ‏ڕابردووه‌وه‌ تا ئێستا، ‏ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى عیراق مامه‌ڵه‌یه‌كى ‏واقعییان له‌گه‌ڵ دۆزى گه‌لى كوردستاندا ‏كردبا، ‏ئه‌گه‌ر له‌ جیاتى شه‌ڕ و به‌كارهێنانى ‏لۆژیكى هێز، واقعیانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتیان ‏بكردبا و پەنایان بۆ چه‌ك و شه‌ڕ نه‌بردبا، ئه‌گه‌ر له‌ جیاتى ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى ‏عیراق بۆ چاره‌سه‌رى واقعى گه‌ڕابان و ‏خه‌مى داهاتووى وڵاتیان هه‌بووایه‌، ‏بێگومان ئه‌و هه‌موو كاره‌سات و ‏مه‌ینه‌تیانه‌ به‌سه‌ر گه‌لى عیراقدا ‏نه‌ده‌هاتن. ‏عیراق ئێستا قه‌ده‌رێكى دیكه‌ى ده‌بوو.‏

ئێستاش بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مافه‌ ‏ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ‏هه‌موو ئەو پێكهاتانەی كە لە هەرێمی كوردستاندان، ‏له‌ عیراق پێویستمیان به‌ خوێندنه‌وه‌ و ‏تێگه‌یشتن و چاره‌سه‌رى واقعى هه‌یه‌ كه‌ ‏ماف و ئازادى و ئاشتى بۆ هه‌موو ‏عیراقییه‌ك زامن بكات. ‏

به‌ڕێزان‎..‎

هه‌ر ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ پرۆسه‌ى سیاسیدا ‏له‌ عیراق ده‌گوزرێت، ‏ئه‌و چه‌قبه‌ستوویى و بنبه‌سته‌ى دروست ‏بووه‌، ‏بریتییه‌ له‌ نه‌بوونى میانڕه‌وى! ‏خۆ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان، تۆزێك میانڕه‌وییان ‏بنواندبا و به‌ نه‌رمى مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ‏دۆخه‌كه‌دا بكردبا، ‏پرۆسه‌ى سیاسى به‌ ئاقارێكى دیكه‌دا ‏ده‌ڕۆیشت. بێگومان مەبەستم عیراقە، لەگەڵ عیراقیش هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عیراق، ئەم پرۆسەیە هێنده‌ سه‌خت و ئاڵۆز نه‌ده‌بوو! ‏به‌ڵام كاتێك له‌ جیاتى ئه‌وه‌، ده‌مارگیرى ‏و توندى له‌ هه‌ڵوێست و كاردانه‌وه‌، ‏قسه‌ ده‌كات و بڕیار ده‌دات، سه‌ره‌نجام ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاى لێ ‏ده‌كه‌وێته‌وه لە وڵاتدا‌‏‎.‎

ئێستاش بۆ ده‌رچوون له‌م بنبه‌سته‌، ‏هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ‏میانڕه‌وى و بۆ گفتوگۆ، لێكگه‌یشتن، ‏یه‌كترقبووڵكردن، ‏ڕێزگرتن له‌ مافى هه‌مووان و ‏ڕه‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى وڵات و میللەت كە دەبێت لە سەرووی هەموو بەرژوەندییەكی تر بێت. ‏میانڕه‌وى ده‌توانێت دیواره‌ ده‌روونییه‌كان ‏بشكێنێت، ‏ڕق و كینه‌ و ئاره‌زووى تۆڵه‌ و ‏یه‌كترشكاندن بشواته‌وه‌ و ده‌رگا به‌سه‌ر ‏ئاشتى و سه‌قامگیریدا بكاته‌وه‌.‏

پێكهاته‌كانى عیراق ته‌نیا به‌ لێبورده‌یى، ‏پێكه‌وه‌یى و ته‌بایى ده‌توانن له‌ ئاشتیدا ‏بژین. بۆ وڵاتانى دیكه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ‏و پێكهاته‌كانیشیان هه‌ر وایه‌. ‏ئیتر ده‌بێ ڕابردوو فێرى كردبین كه‌ بۆ ‏ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتن و ‏خۆشگوزه‌رانى، ده‌بێ هه‌موومان بیر لە میانڕەوی و بیر لە ئاشتی بكەینەوە. ‏ئاشتى و دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌كانى، ‏ئیتر به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌ركێكى ‏هاوبه‌شى هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و ‏پێكهاته‌كانی وڵاتە لەگەڵ ناوچەكە‌. ‏ئاشتیى هه‌موومان، پێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌. ‏ئه‌گه‌ر ئاشتیى دراوسێكه‌م پارێزراو ‏نه‌بێت، ئاشتیى منیش پارێزراو نابێت!‏

عیراق و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى ئارام و ‏سه‌قامگیر كه‌ نه‌بنه‌ پێگه‌ى توندڕه‌وى و ‏تیرۆر، كه‌ نه‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ئاشتیى و ‏سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ و جیهان، ‏كه‌ نه‌بنه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تى، ‏پێویسته‌ ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتی و میانڕەوی بگرنە بەر. ‏بۆیه‌ پاراستنى ئاشتى له‌ ناوچه‌كه، ‏ئه‌ركێكى هاوبه‌شى كۆمه‌ڵگه‌ى ‏نێوده‌وڵه‌تیشه. ‏دۆستانمان له‌ جیهان بۆ جێگیربوونى ‏ئاشتى و سه‌قامگیرى، ده‌بێ هاوكار و ‏یارمه‌تیده‌رمان بن‌‏‎.‎‏ ‏هه‌ر ئه‌وه‌شیان لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت.‏

هیوادارم هه‌موومان له‌ هه‌رێمى ‏كوردستان، له‌ عیراق و ناوچه‌كه‌ش، ئیتر ‏له‌سه‌ر بنه‌ماى ئاشتى بۆ هه‌مووان هه‌نگاو ‏بنێین و ‏ئه‌ركى پاراستنى ئاشتى و ئازادی، ‏هه‌موومان پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌‏‎.‎ هیواى سه‌ركه‌وتن و ئه‌نجام و ڕاسپارده‌ى ‏باش بۆ كۆنفرانسه‌كه‌تان ده‌خوام‎.‎

ڕۆژێكى خۆش بۆ هه‌مووتان..‏

زۆر سوپاس و بەخێر بێن..‏