هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

یانه‌ی هه‌ولێر خه‌ریكه‌ مانه‌وه‌ی له‌ ریزی نایابی عێراق مسۆگه‌ر ده‌كا

رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو له‌ گه‌ڕی 33ـیه‌مینی یاریه‌كانی خولی نایابی عێراقی، هه‌ولیر له‌یارگه‌ی یه‌كه‌می شه‌هید فره‌نسۆ هه‌ریری میوانداری یانه‌ی سناعه‌ی كرد، یارییه‌كه‌شی به‌ ئه‌نجامی (2-1) لێ برده‌وه‌، تا راده‌یه‌كی زۆر له‌ ناوچه‌ی مه‌ترسیدار دووركه‌وته‌وه‌.

هه‌ولێر به‌ راهێنه‌رایه‌تی نزار مه‌حرووس، دوای 4 دۆڕان توانی جاریكیتر به‌ بردنه‌وه‌ شادبێته‌وه‌، كه‌ ماوه‌ی 7 هه‌فته‌بوو نه‌یتوانبوو له‌ خولی نایابی عێراقی سه‌ركه‌وتن تۆماربكات، به‌ڵام به‌ بردنه‌وه‌ی له‌ سناعه‌ توانی تاراده‌یه‌كی زۆر خۆی له‌ ژێر ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ رزگاربكات، كه‌ له‌سه‌ری بوو.
هه‌ولێر له‌ نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه‌ توانی له‌ رێگه‌ی شێركۆ كه‌ریمه‌وه‌ به‌ گۆڵێك پێشبكه‌وێت، به‌ڵام له‌ نیوه‌ی دووه‌م هه‌رزوو سناعه‌ له‌ رێگه‌ی لێدانی سزاوه‌، گۆڵی یه‌كسانیان كرده‌وه‌، دواتر سه‌فین مه‌نسور به‌ لێدانێكی جوان گۆڵی بردنه‌وه‌ی تۆماركرد، ئێسته‌ هه‌ولێر له‌ خانه‌ی یازده‌یه‌مه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 39، خاڵ، هه‌رچه‌نده‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر نه‌كردووه‌، به‌ڵام به‌رێژه‌یه‌كی باش ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی هه‌یه‌، چونكه‌ یارییه‌كانی داهاتووی ئاسانترن به‌راورد به‌و یارییانه‌ی پێشووتر ئه‌نجامیداوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ركابه‌ره‌كانی ریزبه‌ندی دواوه‌ی ئاستیان وه‌ك پێویست نییه‌، ته‌نانه‌ت یانه‌ی سامه‌ڕا دابه‌زینی مسۆگه‌ر كردووه‌، یه‌كه‌م وه‌رزه‌ له‌م كاتانه‌دا 12 یانه‌ ركابه‌ری له‌سه‌ر دابه‌زین بكه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی دابه‌زینیان له‌سه‌ربێت.
هه‌ولێر یاریی داهاتووی له‌گه‌ڵ یانه‌ی قاسمه‌ له‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو، كێشه‌ی هه‌ولێر بۆ ئه‌م یارییه‌ پێكانی بارزان شێرزاد و دابڕانی ئۆتچۆی ناوه‌ڕاستكارییه‌تی، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌لبژارده‌ی تۆگۆوه‌ ده‌كات، بۆ یارییه‌كانی فیفا، به‌ بردنه‌وه‌ی هه‌ولێر له‌و یارییه‌ مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر ده‌كات.