یانەی زانکۆی جیهان بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان

دوای گەیشتنی هەردوو یانەی برادۆست و ڕەواندز بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، بۆ دیاریکردنی یانەی سێیەم بۆ ئەو قۆناغە، لە یاری پاشکۆی گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، لەشاری کەرکووک هەردوو یانەی زانکۆی جیهان و کفری ڕووبەڕوی یەک بونەوە و یانەی زانکۆی جیهان بە گۆڵێکی بێ بەرانبەر یارییەکەی بردەوە و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.

زانکۆی جیهان بۆیەکەمجار لە مێژوودا بۆ ریزی یانە پلەیەکەکان
یانەی زانکۆی جیهانی شاری هەولێر لەدواین یاری خۆیدا لە خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان لەسەر یاریگەی یانەی بابەگوڕگوڕ لەشاری کەرکووک ڕووبەڕوی یانەی کفری بۆوە، هەردوو یانە پلەی دووەمی کۆمەڵەی یەکەم و دووەمیان بەدەستهێنا بوو، ئەم یارییە یاری گەیشتنی یانەی سێیەم بوو بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، دواجار و لە دواین خولەکی یارییەکە کاپتنی یانەی زانکۆی جیهان گۆڵی سەرکەوتنی بۆ یانەی زانکۆی جیهان تۆمار کرد و بۆ یەکەمجار لەمێژووی خۆیدا خۆی گەیاندە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.
زانکۆی جیهان بە کۆکردنەوەی ١٣ خاڵ بەپلەی دووەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت بۆ یاری پاشکۆی گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، لە ٦ یاریدا ٤ بردنەوە و ١ دۆڕاندن و ١ یەکسان بوونی هەبوو، ١٥ گۆڵی تۆمارکرد و ٧ گۆڵیشی لێ تۆمارکرا، لەیاری پاشکۆیش بەگۆڵێکی بێ بەرانبەر لەیانەی کفری بردەوە و بە کۆی گشتی لە ٧ یاریدا ٥ بردنەوە و ١ یەکسان بوون و ١ دۆڕاندنی هەبوو ١٦ گۆڵیشی تۆمار کرد، بەکۆی گشتی هەردوو قۆناغ یاریزان و کاپتنی یانەکە کامەران مەحەمەد گۆڵکاری یانەکە بوو ٨ گۆڵی تۆمار کرد، زانکۆی جیهان هاوشانی یانەکانی برادۆست و ڕەواندز وەکو یانەی سێیەم خۆی گەیاندە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.
دەربارەی گەیشتنی یانەی زانکۆی جیهانیش بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر زیاد کەریم سەرپەرشتیاری یانەکە بەۆمجۆرە قسەی کرد و گووتی: ئەمە بۆ ئێمە دەسکەوتێکی زۆر گرنگە کە توانیمان بۆ یەکەمین جار بگەینە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، دەستەی کارگێڕی یانەکە هاوکارێکی باشی ئێمەبوون بۆ گەیشتنمان بەو قۆناغە، ئامادەکاریەکی زۆرباشمان کرد ستافی ڕاهێنەر و هەوڵ و ماندووبونی یاریزانان هۆکاری سەرەکی گەیشتنمان بوو بە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان.

بۆ زانین تەنیا گۆڵەکانی قۆناغی دووەم بۆ دیاریکردنی گۆڵکاران هەژمارکرا، دوای تەواو بوونی خولەکە یاریزان عومەر محەمەد لە یانەی ڕەواندز بە تۆمارکردنی ٨ گۆڵ پلەی یەکەمی ڕیزبەندی گۆڵکارانی خولەکەی بەدەستهێنا و یاریزان عەلا شەریف لەیانەی کفری بە تۆمارکردنی ٥ گۆڵ لە خانەی دووەم دێت سالار سەلمان لە یانەی خەبات و نەجمەدین عوسمان لە یانەی خورماڵ بە ٤ گۆڵ لە خانەی سێیەمی گۆڵکاران دێن.
ئەم وەرزەی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان لەسەرەتادا بەشیوازی پارێزگاکان بەڕێوەچوو، بەجۆرێک لە هەر پێنج پارێزگاکە یانەکان پاڵاوتنیان کرد و ١٤ یانە سەرکەوتن بۆ قۆناغی کۆتایی، ئەو ١٤ یانەیە دابەشکران بەسەر دوو کۆمەڵەدا لە هەردوو کۆمەڵەکە هەر یەک لە یانەکانی برادۆست و ڕەواندز و زانکۆی جیهان سەرکەوتن بۆ خولی یانە پلە یەکەکان، لەناوەڕاستی خولەکەیشدا لەکۆمەڵەی دووەمدا یانەکانی پەیام و بابەگوڕگوڕ لە خولەکە کشانەوە کە بەهۆیەوە لەو کۆمەڵەیە ٥ یانە مانەوە.

ھەواڵی زیاتر