پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

یه‌كێك له‌ مه‌ترسیدارترین بازرگانه‌كانى مادده‌ى هۆشبه‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ستگیر كرا 

بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران بڵاویكردۆتەوە كە توانیویانە یەكێك لە مەترسیدارترین بازرگانەكانی ماددە هۆشبەرەكانی هەرێمی كوردستان دەستگیر بكەن.
بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران رایگەیاندووە كە دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون، كۆكردنەوەی زانیاری و چاودێری وورد سەرەنجام هێزەكانی بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران توانیان تۆمەتبار ( س.ع.خ ) یەكێك لە گەورەترین بازرگانەكانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی كوردستان لە بازگەی گۆجار سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستگیری بكەن.
ئاماژەی بۆ ئەمەشكردووە كە تۆمەتبار خەڵكی ئیدارەی ڕاپەڕینە و دانیشتووی قەڵادزێ و وڵاتی ئێرانە و پشكی شێری هەبووە لە بڵاوكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكان بە هەموو جۆرەكانی كریستال، هێرویین و تریاك لە هەرێمی كوردستان.
روونیشیكردۆتەوە كە لە ماوەی ئەم چەند سالە هێزەكانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان توانیویانە دەست بگرن بە سەر ڕێژەیەكی زۆر لە جۆرەكانی ماددەی هۆشبەر و حەبی هۆشبەر و چەندین ئۆتۆمبێل و دەستگیر كردنی ژمارەیەكی زۆر لە ئالوودەبووان و فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر كە كاریان بۆ ( س.ع.خ ) كردووە.
بنكەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی سۆران دەشڵێت: ناوبراو سەرپەرشتی باندێكی گەورەی هاوردەكردن و بڵاوكردنەوەی ماددە هۆشبەرەكانی دەكرد و  بە دەستگیركردنی ئەم بازرگانە، ماددەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگای هەولێر بە شێوەی بەرچاو روو لە كەمبوون دەكات.