حکوومەتەکانی عێراق لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی گشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەستەوەستاو ماونەتەوە

دۆخی بژێوی و خزمەتگوزاریی گشتی لە پارێزگاکانی عێراق لە کاتێکدا رووی لە پاشەکشە و خراپی کردووە کە داهاتی ئەو وڵاتە زۆر بە خێرایی زیادی کردووە و داهاتی وڵاتەکە هیچ کاتێک نەبۆتە هۆی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و دواجار ئاسایشی کۆمەڵایەتی. سەرەڕای ئەم داهاتە زۆرە، پشکی خەڵک بێکاری، هەژاری و بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بووە. وەزارەتی کار هۆشداریی دا لەوەی دۆخی نالەباری دارایی و خزمەتگوزاری لە عێراق وای کردووە توندوتیژی خێزانی پەرە بستێنێت و١١ ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا بژین

لە نێو وڵاتانی ئۆپێک عێراق بە دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە جیهاندا هەژمار دەکرێت و سەرەڕای ئەو داهاتە زۆرەی لە نەوت دەستی دەکەوێت سەرووی ٧٠ ملیار دۆلار یەدەگی دراوی لە بانکی ناوەندی هەیە و پێشبینی دەکرێ ئەو قەبارەیە تا کۆتایی ساڵ بگاتە سەرووی ٩٠ ملیار دۆلار.
عێراقی فیدراڵ پێشتریش زیاتر لەو سەرمایەیەی بەدەستەوە بووە و ساڵانە قەبارەی یەدەگی دراو و زێڕەکەی کەم و زیادی کردووە بەڵام سەیر لەوەدایە لەسەر ئەرزی واقع هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک نەبووە و ساڵانە رێژەی بێکاری و هەژاریی رووی لە هەڵکشان بووە و پرسی خزمەتگوزارییەکانی وەک شەقام و رێگاوبان و کارەبا و تەندروستی و ئاو رووی لە خراپتربوون بووە. لەم ساڵانەی دواییدا تیرۆر و کۆرۆنا و وشکەساڵی و خۆڵبارین و چەندین کێشەی تری هاتۆتە سەر، لە لایەکی ترەوە نزیکەی هەشت مانگە هەڵبژاردن کراوە کەچی تووشی چەقبەستوویی سیاسی بووە و حکوومەت کاربەڕێکەرە و توانای چارەسەرکردنی کێشە گەورەکانی نییە. نوێترین کێشە کە بەربینگی پارێزگاکانی عێراقی گرتووە، پرسی پەرەسەندنی توندوتیژی کۆمەڵایەتی بووە و بە گوتەی سەرۆکی بەشی دابینکردی کۆمەڵایەتی وەزارەتی کار لە دوو ساڵی رابردوودا ژمارەی ئەو خێزانانەی کە پێویستییان بە یارمەتی و پاڵپشی هەیە زۆر بە خێرایی زیادی کردووە و بێتوانایی داراییان وای کردووە کێشەی کۆمەڵایەتی و توندوتیژیی خێزانیش پەرە بستێنێت.
بەپێی دواین ئاماری فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراق نزیکەی ١١ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی عێراق لە ژێر هێڵی هەژاری دەژین و ئەمەش بوووەتە گرنگترین هۆکاری پەرەسەندنی توندوتیژی خێزانی.
یەکێک لەو کێشانەی چاودێران قسەیان لەسەر کردووە پاشەکشەی حکوومەتی عێراقە لە پاڵپشتی دارایی خەڵک و بێتوانایی حکوومەت لە رووی ئیداری و چاودێری گشتی و بەدوادانەچوونی پرسە جیاوازەکانی وەک بێکاری وهەژاری ودابین نەکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتیان کە دواجار پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی بەدواوە بووە.
ئەوەی جێی تێرامانە بریتییە لەوەی عێراق لە رووی داراییەوە توانایەکی زۆر باشی هەیە و داهاتی مانگانەی نەوتەکەی گەیشتووەتە نزیکەی ١١ ملیار دۆلار و ئەگەر ئیدارەی ئەو داهاتە بکرێت ئەوا لە لایەک عێراقی پێ ئاوەدان دەبێتەوە و لە لایەکی تر ژیانی خەڵکەکەشی پێ باش دەکرێت. پرس و ئەجیندا سیاسییەکان باڵیان بەسەر پرسە گرینگەکان کێشاوە، لە کاتێکدا ئەوەی پێویستە ئەولەویەت بێ ژیان و گوزەرانی خەڵکە نەک پرسێکی وەک دانانی یاسای رێگریکردن لە پێوەندییەکانی وڵات لەگەڵ ئیسرائیل. عێراق سێیەم وڵاتی پڕداهاتی نەوتی جیهانە بەڵام ئەو داهاتە زۆرە بۆ خزمەتی گشتیی و باشترکردنی بژێوی و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی خەڵک بەکار ناهێنرێت و رێژەی گەندەڵیی زۆرە. لە ساڵی ٢٠٠٣ەوەکە عێراقی فیراڵ دامەزراوە هیچ کام لە حکوومەتە لە دوای یەکەکانی نەیانتوانیوە پەرە بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بدەن و لانی کەم ئاوی خواردنەوە و کارەبای پێویست بۆ خەڵک دابین بکەن.باس لەوە دەکرێ قەبارەی گەندەڵیی لەو وڵاتە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا سەرووی ٤٠٠ ملیار دۆلار بێت و ئەو زیانانەش کە بەهۆی گەندەڵیی بەشێوەیەکی ناراستەوخیۆ بەر عێراق کەتوون بە سەدان ملیار دۆلاری بن.
دانیشتووانی پارێزگاکانی عێراق کاتێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و چاویان بەو پێشکەوتنانە دەکەوێت لە هەرێمی کوردستان روویان داوە، بەتایبەتی کاتێک سەیری توانای دارایی هەر دوو بەشەکە دەکەن بۆیان دەردەکەوێت حکوومەتی عێراق هیچی بۆ نەکردوون و هیوای خەڵکی پارێزگاکانی عێراق ئەوەیە لانی کەم دۆخی شار و خزمەتگوزارییەکانیان هاوشێوەی کوردستانی لێ بکرێت و هیچ پاساوێک بۆ چارەسەرنەکردنی دۆخە نالەبارەکە نییە.

ھەواڵی زیاتر