پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دروستكردنی بەنداو لەسەر زێی گەورە سامانی ئاوی سەر زەوی گل دەداتەوە و دەیپارێزێ

دەریاچەی دوكان، بە ستراتیژیترین دەریاچە دەدانرێت لە هەرێمی كوردستان، لەمساڵدا بەهۆی بارینی بارانی زۆر، رێژەی ئاوی دەریاچەكە باش بووە و توانراوە لە مەترسی كەمبوونەوەی ئاو و دابینكردنی ئاوی پاك پارێزراو بێت.

كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی بەنداوی دوكان، دڵخۆشە بەوەی لەمساڵدا هیچ كێشەیەكی دابینكردنی ئاوی پاكیان بۆ سلێمانی و دەورووبەری نابێت، رۆژانەش یەك سانتیمەتر ئاوی بەنداوەكە زیاد دەكات.
بەڵام هێشتان پارساڵ، ئاوی بەنداوی دوكان لەمساڵ باشتر بووە، پارساڵ 47% ئای تێدا بووە و لەمساڵدا 42%ە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا سێ بەنداوی ستراتیژی لە هەسێ شاری هەولێر و دهۆك و سلێمانی دروست بكات، كە ئەو بەنداوانە دەبنە هۆی ئەوەی، ئاوی زۆر گلبدرێتەوە و دەست بە سامانی ئاوەوە بگرن.
وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە، سەرۆكی حكوومەت رەزامەندی نیشانداوە كە سێ بەنداوی گەورە و ستراتیژی دروست بكرێن، كە یەكێك لە بەنداوەكان لەسەر زێی گەورەیە.
كامل زرار، شارەزای بواری بەنداو، پێیوایە زێی گەورە زۆر زۆر گرنگە بەنداوی لەسەر دروست بكرێت، چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی ساڵانە ئاوێكی زۆری سەر زەوی گلبدرێتەوە و ئیدی لە مەترسی وشكەساڵیش رزگاریان ببێت.
كامل، زانیاری لەبارەی ئاوی زێی گەورە دەخاتە روو و دەڵێت: ”ئەوەی گرنگە، ئاوی زێی گەورە 60%ی سەرچاوەكەی لە هەرێمی كوردستانە و لە هیچ وڵاتێكی ترەوە نایەت، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە لە ئێران و توركیاوە دێت، بۆیە گلدانەوەی ئەو ئاوەی كە 60%ی سەرچاوەكەی لە هەرێمە، لە زۆر كێشەی كەمئاوی و ئاودانی ناوچە كشتوكاڵییەكان رزگارمان دەبێت“.
باسی لەوەش كرد، دروستكردنی ئەو بەنداوانە جگە لەوەی بۆ گلدانەوەی ئاو زۆر زۆر گرنگە، لە هەمان كاتدا، دەبێتە سەرچاوەیەكی باشیش بۆ كەرتی گەشتیاری و رەنگە گەشتیارێكی زۆر رووی تێ بكەن و ئەمەش ببێتە داهاتێكی تر بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان. بەپێچەوانەی ئاوی بەنداوی دوكان، بەنداوی دەربەندیخان، رۆژانە پێنج سانتیمەتر ئاو كەم دەكات و رێژەی ئاوی بەنداوەكە كەم بووەتەوە.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاشكرای دەكات، بەهۆی ئەوەی رۆژانە ئاوێكی زۆر بەردەدەنەوە، بۆیە رێژەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان رۆژانە پێنج سانتی مەتر كەم دەكات.
بەڵام بەپێچەوانەی بەنداوی دوكان، رێژەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان 50%ە، لە كاتێكدا پارساڵ لەم كاتانەدا رێژەی ئاوی بەنداوەكە 45% بووە.