پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك بارزانی, پەردە لەسەر پەیكەری ئیسماعیل بێشكچی لا درا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێكۆشانی “ئیسماعیل بێشكچی” و توێژینەوەی هزر و نووسینەكانی، لە زانكۆی سۆران پەیكەرێكی بۆ دروست كرا و پەیكەرەكە كارێكی هونەریی هونەرمەند هادی زیائەدینییە و لە بەردەم هۆڵی بێشكچی لە زانكۆی سۆراندا دانرا.

لە دیدارەكەدا، سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆك بارزانی، و پ.ی.د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی حكومی، حیزبی، ڕێكخراوەیی و مامۆستایان و، قوتابیان ئامادە بوون.
سەرەتا، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وتەیەكی پێشكەش كرد و لە وتەكەیدا وتی: بێشكچی ئاوێنەیەكی دەقاودەقی سەختی خەباتی نەتەوەیی و بزاڤی نیشتیمانییمانە، بەخششی بەرهەمی فكر و ڕامانی ئەو كەسایەتییە بۆ ئێمە وەك چراخانێكە لە ڕووناكردنەوەی ئایندەمان”.و مەراسیمی ئەمڕۆشمان بەو ئەندازەیەی گەیاندنی پەیامی پێزانین و منەتبارییمانە بۆ ئەو قوربانییە، دوو ئەوەندەش خستنەرووی زەرورەتی وەستان و لێكۆڵینەوەیە لە هزر و تیۆری پرۆسەی سەربەخۆیی نیشتیمانی و نەتەوەییمانە. هیوادارین ئەو مەراسیمە ببێتە هەوێنی كردنەوەی دەرگای گەورەتر بۆ جۆشدان بە هزری نەتەوەیی و كاروانی سەربەخۆیی كوردستان.
دوایی پ.ی.د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، وتارێكی پێشكەش كرد. لە وتارەكەیدا وتی: “ئێمە وەك زانكۆی سۆران سەربەرزین بەوەی كە لە ماوەی تەمەنی دامەزراندنی زانكۆماندا، وەك ڕێزگرتنێك لە بێشكچی، هۆڵێكمان بە ناوی ئەوەوە كردووە. ئەمڕۆش بە حزووری خۆی پەیكەرێكی لە ناو زانكۆدا بۆ دادەنرێت و لە دەرەوەی زانكۆش شەقامێكی بە ناوەوە دەكرێت. لە ڕووی زانستیشەوە، مێژوو و خەبات و نووسینەكانی بەڕێز بێشكچی لە ناو ماددە دەرسییەكانی بەشەكانی وەك كۆمەڵناسی، مێژوو، سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، گرنگییەکی بەرچاوی پێ دراوە، لە لایەن مامۆستایانمانەوە دەوترێنەوە و قوتابیانمان فێری دەبن.”
ئیسماعیل بێشكچی خۆشحالیی خۆی بە بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی دیدارەكە دەربڕی و سوپاسی ڕێكخەرانی دیدارەكەی كرد. لە دەفتەری بیرەوەرییەكانی میوانانی زانكۆی سۆرانیشدا یادداشتێكی تۆمار كرد