کتێبێکی شیعریی “گوڵاڵە دروودیان” بڵاو کرایەوە

لە نوێترین چاپکراویاندا وەشانی نووسیار کۆمەڵە شیعری شاعیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان (گوڵاڵە دروودیان) بەناونیشانی ”جەنابی تۆ ئیزنم هەیە بەدەم باوە شتێ بڵێین!؟ چاپ و بڵاوکردەوە. ئەم کۆمەڵە شیعرە بریتییە لە باری ناوەڕۆکەوە لێوانلێوە ئازارە و مەینەتییەکانی ژنێکی ڕۆژهەڵاتی کە لە کۆمەڵگەی پیاوسالار و نەریتییەکاندا بەدەست چەندین گرفتی جۆراوجۆرەوە دەناڵێنێت.

له‌باره‌ی ئه‌م کتێبە شاعیر ده‌ڵێت: شیعر هەوڵێکە بۆ نواندنی ئەزموونی هەر ڕۆژەی ژیان، کە زۆر کەس بە وردی شاعیر نایبینن وهەستی پێ ناکەن؛ لە هەمانکاتدا یارمەتیدەرێکی بێ وێنەیە بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە و ڕوانینێکی قووڵ لە مەڕ تەواوی ئەو شتانەی بینراوو نەبینراون.”
گوڵاڵە دروودیان لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٠ لە کرماشان. خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زمان و ئەدەبی فارسی. سەرەتاکانی نووسینی بە کورتە چیرۆک و شیعر دەستی پێکردووە و دوا بەدوای ئەوە بەشداری لە چەندین فیستیڤاڵی ئەدەبی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستانی کردووە. ئێستا مامۆستای زمان و ئەدەبە و نیشتەجێی شاری تارانـە. وەشانی نووسیار وەشانێکی سەربەخۆی کوردییە و بنکەی سەرەکی لە وڵاتی دانیمارکە کار دەکات بۆ دەرخستنی دەنگ و دیدە جیاوازەکان و کار لە کایەی وەرگێڕاندا دەکات لە زمانەکانی دیکەوە بۆ کوردی و بەپێچەوانەشەوە و تا ئێستا زیاتر لە 30 کتێبی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.

ھەواڵی زیاتر