پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

زاخۆ له‌ یارییه‌كی زه‌حمه‌تدا رووبه‌ڕووی نه‌فتی ناوه‌ڕاست ده‌بێته‌وه

یانه‌ی نه‌ورۆز سه‌ره‌ڕای یه‌كه‌می وه‌زری یاریكردنی له‌ خولی نایابی عێراقی، به‌ڵام ئاستێكی مێژوویی نموونه‌یی پێشكه‌ش ده‌كات، یانه‌ گه‌وره‌كانیش حسابی تایبه‌تی بۆ ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆش ده‌یه‌وێت له‌ نه‌جه‌ف بباته‌وه‌، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ یه‌كه‌م یانه‌ی سلێمانی له‌ مێژوویی خولی نایابی عێراقی بگاته‌ ئه‌م ریزبه‌ندییه‌

له‌ گه‌ڕی 33ـیه‌مینی یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ كاتژمێر(4)ـی ئێواره‌، یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ یاریگه‌ی خۆی میواندارییانه‌ی نه‌جه‌ف ده‌كات، له‌ كاتێكدا نه‌ورۆز له‌ باشترین دۆخیدایه‌، زاخۆش له‌ یاریگه‌ی دهۆك به‌بێ ئاماده‌بوونی هانده‌رانی میوانداری نه‌فتی وه‌سه‌ت ده‌كات، له‌ هه‌مان كاتدا.

نه‌ورۆز ده‌رفه‌تێكی باشی له‌به‌ر ده‌سته‌
یانه‌ی نه‌ورۆز به‌ راهێنه‌رایه‌تی وه‌لی كه‌ریم، یاری دوای یاری ئاستێكی نایاب پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ جۆرێك ریكۆرد و ژماره‌ی مێژووی تازه‌ بۆ یانه‌كه‌ تۆمارده‌كه‌ن، سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌كه‌ی گه‌ڕی رابردوویان له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان دژی شوڕته، پاڵنه‌رێكی باشه‌ تا ئه‌م یارییه‌ش بردنه‌وه‌ تۆمار بكه‌ن، چونكه‌ له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ پاڵنه‌رێكی به‌هێزه‌، بوونی ئاسۆ رۆسته‌م له‌ تیپه‌كه‌ هێنده‌ی دیكه‌ هێزی به‌و یانه‌ی به‌خشیوه‌، چونكه‌ ئێسته‌ ئاسۆ رابه‌ری سه‌رسه‌ختی مه‌حمود مه‌واسی هێرشبه‌ری شوڕته‌یه‌، كه‌ گۆڵكه‌ری خوله‌كه‌یه‌ به‌ 19 گۆڵ له‌ كاتێكدا ئاسۆ خاوه‌نی 15 گۆڵه‌وه‌ هێشتان 7 گه‌ڕی یارییه‌كانی خولی نایابی عێراقی ماون.پێكهاته‌كه‌ی وه‌لی كه‌ریم به‌ شێوه‌یه‌كی باش گونجاون، محه‌مه‌د سامی یاریزانی پێشووی یانه‌كانی زاخۆ و كه‌ركوك و هه‌ولێر و قوه‌ی جه‌ویه‌، كاریگه‌ری ته‌واوی به‌سه‌ر هێلی ناوه‌ڕاستی تیپه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، دیار یاخی كاپتن و به‌رگری تیپه‌كه‌ به‌ دیوای پۆڵاینی نه‌ورۆزییه‌كان ناسراوه‌، هانده‌رانی یانه‌ی نه‌ورۆز چاویان له‌ویه‌ ئاستێكی باش له‌م یارییه‌ش له‌ تیپه‌كه‌یان ببین و بۆ یه‌كه‌مجار بگه‌نه‌ خانه‌ی هه‌شته‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌ و به‌ رێژه‌یه‌كی زۆریش مانه‌وه‌ی خۆیان له‌ ریزی نایابی عێراقی مسۆگه‌ر بكه‌ن.
نه‌ورۆز ئێسته‌ دوای ئه‌نجامدانی 32 یاریی، 11 بردنه‌وه‌ی تۆماركردووه‌ و 9 یه‌كسان و 12 دۆڕانی هه‌یه‌، 36 گۆڵی كردووه‌ و 38 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ 42 خاڵ له‌ خانه‌ی نۆیه‌می ریزبه‌ندی دێت، ته‌نها خاڵێك له‌ خانه‌ی هه‌شته‌مه‌وه‌ دووره‌.
نه‌جه‌ف، له‌ 32 یاریی 14 بردنه‌وه‌ و 9 یه‌كسان و 9 دۆڕانی هه‌یه‌، 34 گۆڵی كردووه‌ و 28 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ 51 خاڵ له‌ خانه‌ی حه‌وته‌می خوله‌كه‌ دێت.

زاخۆ یارییه‌كی قووڕس چاوه‌ڕێی ده‌كات
زاخۆ له‌ یاریگه‌ی دهۆك به‌ بێ ئاماده‌بووی جه‌ماوره‌كی رووبه‌ڕووی یه‌كێك له‌ به‌هێزترین تیپه‌كه‌كانی ئه‌مساڵی خولی نایابی عێراقی ده‌بێته‌وه‌ كه‌ نه‌فتی وه‌سه‌ته‌، فیراس خه‌تیب، له‌ 4 یاریی رابردووی وه‌ك راهێنه‌ری تیپه‌كه‌، 2 بردنه‌وه‌ و 2 دۆڕانی له‌ هه‌ژماره‌كه‌ی دا هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م یارییه‌ جارێكیتر به‌ بردنه‌وه‌شادبێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانێت ئه‌ركه‌كه‌ی زه‌حمه‌ته‌، چونكه‌ نه‌فتی وه‌سه‌ت به‌ راهێنه‌رایه‌تی غه‌نی شه‌هد له‌ خانه‌ی سێیه‌می خوله‌كه‌ دێن و پێكهاته‌یكی به‌ هێز و پڕ یاریزانیان هه‌یه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ پێكهاته‌كه‌ی زاخۆ به‌ ته‌واوی ئاماده‌ن بۆ یاریكردن.زاخۆ له‌ 32 یاریی، خاوه‌نی 10 بردنه‌وه‌ و 13 یه‌كسان و 9 دۆڕانی هه‌یه‌، 29 گۆڵی كردووه‌ و 25 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ 43 خاڵ له‌ خانه‌ی هه‌شته‌می خوله‌كه‌ دێت.
نه‌فتی وه‌سه‌ت، له‌ 32 یاریی 17 بردنه‌وه‌ و 10 یه‌كسان و 5 دۆڕانی هه‌یه‌، 47 گۆڵی كردووه‌ و 28 گۆڵی لێ كراوه‌، به‌ 61 خاڵ له‌ خانه‌ی سێیه‌می خوله‌كه‌ دێت، ته‌نها خاڵێك له‌ یانه‌ی ته‌ڵه‌به‌ی خاوه‌ن پله‌ی دووه‌م دووره‌ كه‌ 62 خاڵی هه‌یه‌.

ئامارا و داتا له‌سه‌ر خولی نایابی عێراقی
یانه‌ی شوڕته‌ به‌ 2 دۆڕان خاوه‌نی كه‌مترین دۆڕانه‌ له‌ خوله‌كه‌، 26 بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ و خاوه‌نی زۆرترین بردنه‌وه‌یه‌، 4 یه‌كسانی هه‌یه‌، كه‌مترین یه‌كسانه‌، یانه‌ی مینا به‌ 18 یه‌كسان خاوه‌نی زۆرترین یه‌كسانه‌، یانه‌كانی سامه‌ڕا و مینا ته‌نها یه‌ك بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌، كه‌مرتین بردنه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌، یانه‌ی سامه‌ڕا به‌ 23 دۆڕان زۆرترین دۆڕانی هه‌یه‌، یانه‌ی شورته‌ 57 گۆڵی كردووه‌، زۆرترین رێژه‌ی گۆڵ كردنه‌، ته‌نها 17 گۆڵیشی لێ كراوه‌، كه‌مترین رێژه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌، یانه‌ی سامه‌ڕا 57 گۆڵی لێ كراوه‌، كه‌ زۆرترینه‌ ته‌نها 17 گۆڵیشی كردووه‌ كه‌ كه‌مترینه‌.