بەردەڕەش.. ڕووداوێکی هاتووچۆ مردن و برینداربوونی لێکەوتەوە

لەسەر رێگەی دهۆک-هەولێر لە ئۆڤەرپاسی نزیک گوندی سیگردک-ی سەر بە قەزای بەردەڕەش، رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.

ئەمڕۆ شەممە 28.5.2022  حازم محەممەد، گوتەبێژی هاتووچۆی قەزای بەردەڕەش رایگەیاند، کاژێر 4:45ی ئێوارەی ئەمڕۆ، لەسەر رێگەی دهۆک-هەولێر لە ئۆڤەرپاسی نزیک گوندی سیگردک-ی سەر بە ناحیەی رۆڤیا لە قەزای بەردەڕەش، رووداوێکی هاتووچۆ لە جۆری وەرگەڕان روویدا کە ئۆتۆمبێلێکی پیکابە و لە رووداوەکەشدا دوو ژن گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.

حازم محەممەد هۆکاری وەرگەڕانەکەشی بۆ تیژڕەوی گەڕاندەوە کە شوفێر نەیتوانیوە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی بکات بۆ پێچکردنەوە لە ئۆڤەرپاسەکە. 

هاوکات عەمید سەعدی ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش رایگەیاند، ئەو دوو ژنەی گیانیان لەدەستداوە ناویان لەیلا سلێمان رەجەب و مەریەم عومەر رەجەبە و تەمەنی هەردووکیان 60 ساڵە و خەڵکی ئامێدین، بەڵام لە دهۆک دەژیان.

سەبارەت بە بریندارەکان عەمید سەعدی گوتی: یوسف عومەری تەمەن 60 ساڵ شوفێرەکە بووە، ئێستا  لەبەر سەختی برینەکەی ناتوانێت قسە بکات و لەبارەی سێ سەرنشینەکەی دیکەی نێو پیکابەکەش ئاماژەی بەوەکرد، شیفا عەگید 2 ساڵ، سۆلین سەفەر 30 ساڵ و جیهان یوسف عومەر 9 ساڵ رەوشیان باش و جێگیرە.

ھەواڵی زیاتر