بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر رایدەگەیێنیت، لە ئەمڕۆوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەن و لە سەرەتاوە گەنمی جووتیارانی قووشتەپە وەردەگرن و پاشان گەنمی جووتیارانی ناوچەکانی دیکە.
سەعید عومەر، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر راگەیاند: “لە ئەمڕۆوە دەست بە وەرگرتنی گەنم دەکەین. خشتەیەکمان داناوە، هەر ناوچەیەک زووتر گەنمی دووریبێتەوە لەوێوە دەست بە وەرگرتن دەکەین. ئەمڕۆ گەنمی قووشتەپە وەردەگرین، دواتر شەمامک و دوای ئەوەیش خەبات، ئینجا دەشتی هەولێر، شەقڵاوە و سەڵاحەدین، کۆیە، شۆڕش، هەریر و شوێنەکانی دیکە.”
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ئەمساڵ وەک پار نییە کە جووتیار بڕێکی بۆ دیاری کرابێت و هەر ئەوەندەی لێ وەربگیردرێت. جووتیار هەرچەندە گەنمی هەبێت لێی وەردەگیردرێت.