مه‌كته‌بی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان پیرۆزبایی لە به‌ره‌ی توركمانی عێراقی دەکات

مه‌كته‌بی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان پیرۆزبایی لە به‌ره‌ی توركمانی عێراقی دەکات، بەبۆنەی به‌بۆنه‌ى بەستنی  دووه‌مین كۆنگرەی بەرەی تورکمانی.

مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پەیامەکەیدا جەختی کردۆتەوە کە هیوادارن بڕیار و ڕاسپارده‌كانی كۆنگره‌ی دووه‌می به‌ره‌ی توركمانی عێراقی له‌ خزمه‌تی قوڵتركردنه‌وه‌ی گیانی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان ته‌واوی پێكهاته‌كانی عیراقی بێت به‌ ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ و ئایین ئایینزاكان.

دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:-

به‌ڕێز / حه‌سه‌ن تۆران سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی عێراقی

به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنی  دووه‌مین كۆنگرەی به‌ره‌ی توركمانی و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به‌ڕێزتان به‌ سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی عێراقی جوانترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ئێوه ‌و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و ته‌واوی ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرانتان ده‌كه‌ین و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازین.

نەتەوەی توركمان لە عێراق و لە هەرێمی كوردستاندا پێكهاتەیەكی گرنگە بۆیه‌ هیوادارین بڕیار و راسپارده‌كانی كۆنگره‌ی دووه‌می به‌ره‌ی توركمانی عێراقی له‌ خزمه‌تی قوڵتر كردنه‌وه‌ی گیانی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان ته‌واوی پێكهاته‌كانی عیراقی بێت به‌ ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ و ئایین ئایینزاكان، هه‌وڵێك  بێت له‌ پێناو به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن و هاوخه‌باتی هێز و لایەنه‌ سیاسیه‌كانی عێراق به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی ماف و خۆشگوزه‌رانی بۆ ته‌واوی هاوڵاتیانی عێراق.

دووباره‌ پیرۆزبایتان لێده‌كه‌ین و هیوادارین به‌ره‌ی توركمانی عیراقی  له‌ ئه‌رك و چالاكیه‌كانی پێشكه‌وتنی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن…

  مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

27ـی 5ـی 2022

ھەواڵی زیاتر