لە بەردەوامی سەردانی شاندی پارتی بۆلای لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، سەردانی لایەنە تورکمانیەکانی کرد و لەگەڵ ژمارەیەك لایەنی سیاسیی توركمانی كۆبوونەوە.
دوای سەردانەکەی شاندی پارتیش، عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندیە نیشتیمانیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند؛ سەردان بۆلای لایەنە تورکمانیەکان لەبارەی ڕۆڵی ئەوان بووە وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراق و کوردستان.
دوای سەردانەکەیان بۆلای پارتە تورکمانەکان، هەر یەک لە عەلی حوسێن، بەرپرسی پەیوەندیە نیشتیمانیەکانی پارتی و عیرفان کەرکووکلی، سكرتێری گشتیی پارتی گەلی توركمان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز کرد، عەلی حوسێن، ڕایگەیاند؛ كۆبوونەوەكە بۆ راگۆڕینەوە و راوێژ بووە لەبارەی رۆڵی گەلی توركمان وەك پێكھاتەیەكی سەرەكی لە كوردستان و عێراق، كە رۆڵیان لە بەرچاو بگیرێت، ھەرێمی كوردستانیش بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھاوكار و پشتیوانی ھەموو پێكھاتەكان بووە، لەنێو دەستووری عێراق و لە ھەرێمی كوردستانیش پارتی بەرگری لە توركمان و كریستیانەكان كردووە و ئەوانیش رۆڵی بەرچاویان ھەبووە، دانوستانەكانیش ئیجابی بوون، ھەتا بە گوتارێكی كوردستانی بەرگری لە مافەكی ھەموو خەڵكی كوردستان و پێكھاتەكان بكەین”.
عیرفان كەركووكلی، سكرتێری گشتیی پارتی گەلی توركمانیش، ڕایگەیاند؛ بەشێكی رەسەنی خەڵكی كوردستانین و رۆڵی سەرۆك بارزانی و پارتی قەت لەبیرناكەین، رۆڵیان بەرز دەنرخێنین و لە نێو دڵماندایە بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی توركمان، ئەمڕۆ لەگەڵ پارتی دانوستانمان لەبارەی ئایندەوە كرد، بە تایبەتی رەوشی گەلی توركمان، تا لەداھاتوودا پێكەوە كار بۆ یەكڕیزی و تەبایی بكەین”.