هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی چەکدارانی پەکەکە چەند کەسێک شەهیدبوون 

بەڕێوەبەری ناحییەی بامەڕنێ زانیاری لەبارەی هێرشەکەی کەمێک پێش ئێستای گوندی ئەرەدنای سەر بە ناحییەی بامەڕنێ خستەڕوو، ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکە 4 منداڵ بوونە قوربانی.

میران عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ناحییەی بامەڕنێ رایگەیاند: لە هێرشێکی مووشەکی 3 منداڵ گیانیان لەدەستدا و منداڵێكیش برینداربووە.

ڕاشیگەیاند: ئەو منداڵانەی بەهۆی هێرشەکەوە بوونەتە قوربانی تەمەنیان لە خوار 10 ساڵەوە.

هاوکات لەمبارەیەوە دژەتیرۆری کوردستان زانیاری زیاتری خستەڕوو، ئاشکرای کرد کە هێرشە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی سەر گوندی ئەرەدنای سەر بە ناحییەی بامەڕنێی سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک لەلایەن چەکدارانی پەکەکە ئەنجام دراوە.

دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە کە چەکدارانی پەکەکە دوو مووشەکیان ئاراستەی ئەو گوندە کردووە.