پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سه‌رۆك بارزانى په‌یامێك به‌ بۆنه‌ى 46ه‌مین ساڵیادى هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى گوڵان بڵاو ده‌كاته‌وه‌ 

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى، په‌یامێكى به‌ بۆنه‌ى 46ه‌مین ساڵیادى هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى گوڵان بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: “شۆڕشى گوڵان سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان بۆ ماوەیەكی كورت تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە”.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26/5/2022، سه‌رۆك بارزانى په‌یامێكى به‌ بۆنه‌ى 46ه‌مین ساڵیادى هه‌ڵگیرسانى شۆڕشى گوڵان بڵاو كرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: “شۆڕشی گوڵان، قۆناغێکی گرنگی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی کوردستانە، ئەم شۆڕشە درێژكراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو، ئەم شۆڕشە سەلماندی كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان بۆ ماوەیەكی كورت تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت، بەڵام ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و هێزێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ئازادی، ئەو ئازادی و دەستكەوتانەی ئێستا هەن بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی گەلەكەمانە لە شۆڕشی گوڵان و گشت شۆڕشەكانی تر”.

سه‌رۆك بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه‌: “لە چل و شەشەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، پێزانینم بۆ هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە و ڕێكخستنەكانی ناوخۆ و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە، كە فیداكارانە ماندوویەتی و ئاوارەییان هەڵبژارد و قوربانییان دا و بوونە بەشێك لە شانازییەكانی گەلەكەمان”.

هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ ڕوو: “لەو یادە پیرۆزەدا، هەزاران سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان، شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین، هەروەها سڵاو لە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە كە بە خوێن و قوربانیدانی خۆیان سەرفیرازیان بۆ گەلەكەیان بەدی هێناوە”.