ژیان و چۆنایهتییهكانی یەكێكە لەو چەمكانەی كه لە زۆربەی لقە زانستییەكان توێژینەوەی لەبارەیەوە ئەنجامدراوە، بەڵام خستنەڕووی تێگه‌یشتنێكی گشتگیر و گەردوونی بۆ ژیان كارێكی نەكردەیە و به دژواری ئەو كارە دەكرێت، چونكە چەمكی ژیان چەمكێكی فرەڕەهەند و ڕێژەییە و لە هەر شوێنكاتێك بەها كەسیی و كۆمەڵایەتییەكان گۆڕانی بەسەردا دێت، بۆیە زەحمەتە پێناسە و تێگه‌یشتنێكی گەردوونیی بۆ ئەو چەمكە بكەین، بەڵام لەم به‌شه‌دا هەوڵ دەدەین ماناكانی ژیان و ئه‌و فاكته‌رانه‌ی وا ده‌كه‌ن تاك له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بژێت كه نادادپه‌روه‌ری له لوتكه‌دا بێت بخه‌ینه‌ڕوو. له فه‌لسه‌فه‌وه بیگره تا ده‌گاته كۆمه‌ڵناسی و ته‌نانه‌ت ده‌روونناسیش له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵی جدی هه‌بووه، ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئێمه‌ش هه‌وڵێكی ئه‌كادیمیی و فکرییه له‌و پێناوه‌دا.
تێری ئیگڵتۆن یه‌كێكه له‌و بیرمه‌ندانه‌ی كه بایه‌خی تایبه‌تی به‌م پرسه داوه، له كتێبه‌كه‌ی به‌ناونیشانی مانای ژیان (The Meaning of Life) كۆمه‌ڵه پرسیارێكی سه‌باره‌ت به ژیان خستۆته‌ڕوو، بێجگه له‌وه‌ش، هه‌وڵ ده‌دات به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ پاشخانه تیۆرییه‌كان وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه كه مانای ژیان چییه؟ ئایا ده‌كرێ له ژیان تێبگه‌ین؟
هه‌رچه‌نده ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ن كه كۆمه‌ڵێ ڕسته‌ی باقوبریق له‌م كتێبه‌وه هه‌ڵبهێنجێنن، هه‌ر زوو تووشی شۆك و بێ هیوای ده‌بن، هه‌ر زوو بێ هیوایان ده‌كات، ئیگڵتۆن له‌م كتێبه‌دا به‌رده‌وام پێیه‌كی لای ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتوونه و پێیه‌كی تری لای فرۆید و نیتشه و میله‌ره.
ئیگڵتۆن پێی وایه هه‌ر تێڕامانێك له‌باره‌ی بوونمان له‌جیهان، خۆ ده‌بێته به‌شێك له بوونمان له جیهان. تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌رده‌وام دنیابینی و تێگه‌یشتنی تایبه‌ت به خۆیان و ده‌وروبه‌ریان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه كۆمه‌ڵگه و كایه سیاسیی و حكومڕانییهكانن دنیایه‌كی نایه‌كسان ده‌خولقێنن، به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی پڕه له نایه‌كسانی، ده‌كرێ مانایه‌كی دیاریكراوی بۆ ژیان هه‌بێت. كۆمه‌ڵگه‌ی نادادپه‌روه‌ر به‌رده‌وام مرۆڤێك په‌روه‌رده ده‌كات كه بڕوای به ژیان نه‌بێت، تاكێك به‌رهه‌م دێنێت به‌رده‌وام بیر له خۆكوشتن بكاته‌وه، كۆچ بكات، هیچ شتێك مانای نه‌بێت. ئه‌م جۆره له كۆمه‌ڵگه، ته‌نیا ئه‌و كاته زه‌ق ده‌بێته‌وه، كه سه‌رچاوه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و داهاتی وڵات و خزمه‌تگوزاریی به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان بۆ هه‌مووان ده‌سته‌به‌ر نه‌كرابێت. مانای ژیان هه‌ر له‌خوت و خۆڕا دروست نابێت، به‌ڵكو ئه‌وه ئێمه‌یه‌ن مانای پێ ده‌ده‌ین، هه‌ر یه‌كه‌مان به‌جۆرێك له جۆره‌كان له ژیان ده‌ڕوانین و، مانای پێ ده‌به‌خشین. ئیگڵتۆن گوته‌نی ئه‌و كه‌سانه‌ی هیچ مانایه‌ك بۆ ژیانیان دانانێن، مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه كه ژیانیان بایه‌خی نییه، نه‌بوونی نایهخ یانی نه‌بوونی ئامانج، نه‌بوونی مه‌به‌ست، نه‌بوونی به‌ها و نه‌بوونی پانتاییه‌ك بۆ بیركردنه‌وه و تیا ژیان. ئه‌م جۆره كه‌سانه ئه‌وه نییه ده‌سته‌وه‌ستان بن له تێگه‌یشتن له ژیان، به‌ڵكو هیچ پاڵنهرێكیان بۆ ژیان نییه، كه‌سانێكن هیچ شتێك نییه به ژیانه‌وه بیانبه‌ستێته‌وه، كه‌سانێكن، له به‌رداشتی جیاوازیی چینایه‌تیی و نه‌بوونیی پێداویستییه سه‌ره‌كییه‌كانی ژیانیان، ده‌فه‌وتێن، ده‌تلێنه‌وه. ڤیتگنشتاین ده‌یگوت «جه‌سته باشترین وێنه‌ی ڕووحه، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ له ڕووحی كه‌سێك تێبگه‌یت، خۆت ماندوو مه‌كه، ته‌نیا بزانه چی ده‌كات». مرۆڤێك به بێ ئامانج بژێت و،ا له مرۆڤێك كرابێت بیر له ژیان بكاته‌وه چۆن لێی تێبگه‌ین، نه‌ك ئه‌وه، به‌ڵكو چۆن ده‌بێته بونه‌وه‌رێكی به‌ڕۆح.
مانای ژیان ڕێگه‌چاره‌یه‌ك نییه بۆ پرسێكی دیاریكراو، له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر ناكرێت ببێته چاره‌سه‌ر، به‌ڵكو بریتییه له ژیان به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو. گوزارشته له‌وه‌ی ده‌مانه‌وێ چۆن بژین و له پێناو چیدا بژێین. كۆمەڵناسهكان پێیان وایە چۆنایه‌تیی ژیان كۆمەڵێكە لە ویست و پێداویستییە بەكۆمەڵ و سۆزدارەكی و كۆمەڵایەتییەكان كه بەسەریەكەوە تواناییه‌كانی ژیان پێكدەهێنن و دەبنە هۆی ڕەزامەندی یان ناڕازیبوونی تاك لە ژیانی، بەتایبەت لە پرسی وەك دەستەبەركردنی داهات، بەرزكردنەوەی بەها و كەسایەتییە مرۆییەكانیان، هەبوونی دامەزراوە هەستیارەكانی وەك خێزان، تەندروستی، خۆراك، پیشە، بەشداری كۆمەڵایەتی و سیاسی )احسان نراقی، 1979: 423)، مرۆڤ تا له ڕووی خێزانیی، ته‌ندروستیی و پیشه و به‌شدارییه كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییه‌كانه‌وه هه‌ست به بوونی خۆی نه‌كات، چۆن ده‌توانێت ژیان مانایه‌كی هه‌بێت بۆی. نه‌ك ئه‌وه، چۆنایه‌تیی ژیانی تاكێك ده‌كرێ لەڕووی به‌رفراوانكردن و گه‌شه‌پێدانی هیوا و ئارەزووەكانیی كه لە ئەزموونی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین.(Calman،1984: 124_128)، هیوا و ژیانێكی باش دوانه‌یه‌كی لێكجیانهكراوهن. هه‌رگیز به‌ر تاكێك ناكه‌ویت بێ هیوا بێت و ژیان لای ئه‌و مانایه‌كی هه‌بێت، له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه نایه‌كسانی و جیاوازیی چینایه‌تی تا بیناقاقای هاتووه، به‌رده‌وام به‌ر مرۆڤانێك ده‌كه‌وین كه هیچ هیوا و ئومێدێكیان نییه، به‌رده‌وام له دۆخێك‌دا ده‌ژێن كه به‌خته‌وه‌ری ڕوویان لێ ناكات.
له چه‌ند توێژینهوهیهكهی كۆمهڵناسییدا كه له وڵاتێكی خۆرئاوایی ئه‌نجامدراوه ده‌ركه‌وتووه ژیان لای ئه‌وان بریتییه له تێگەیشتنی تاكه‌كان لەو خۆشگوزەرانییەی كە بە هۆی ڕەزامەندی و ناڕازییبوون لە پانتاییە سەرەكییهكانی ژیانەوە هه‌یانه (Ferrance & Powers، 1985: 15_24 ). به‌مانایه‌كی تر ژیان بریتییە لە به‌خته‌وه‌ری یان ڕەزامەندی تاك لە ژیان و ئەو ژینگەیه‌ی تێیدا دەژێت و،یست، پێدوایستی و ڕه‌هه‌نده‌كانی شێوازی ژیان و ئەو هۆكارە هەستپێكراو و هەستپێنەكراوانە دەگرێتەوە كه كاریگەری لەسەر ئاسووده‌یی هەمەلایەنەی تاك هەیە (Cutter،1985: 16). ئایا تاكی كوردی به‌خته‌وه‌ره تا هه‌ست به ئاسووده‌یی بكات، تاكی كوردی له یه‌ك كاتدا، هه‌م ئیشی نییه، هه‌م خزمه‌تگوزاریی پێویست و به‌رده‌وامی نییه، هه‌م به‌رده‌وام له دۆخێكی نائارامییدا كه ناتوانێ ئامانج و مه‌به‌ستێكی دیاریكراوی هه‌بێت، تاكی له‌م چه‌شنه، به‌رده‌وام یان كۆچ ده‌كات یان خۆی ده‌كوژێت. پێموایه هه‌موو ئه‌وه‌ی وامانلێده‌كات ئامانجمان نه‌بێت، هه‌ر ته‌نیا كایه‌ی سیاسیی نییه، به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به دنیابینیی و تێگه‌یشتنمانه‌وه هه‌یه، تا خۆمان له هه‌ندێ وههم و تێگه‌یشتنی ساخته ڕزگار نه‌كه‌ین، ناتوانین باش بژێین، خۆش بژێین، ئامانجدار و مه‌به‌ستدار بین، چونكه چۆنایه‌تیی ژیانی هه‌ر تاكێك ئەو ئاستەی ژیانە كە لە ڕووی ژینگەی ماددی و كۆمەڵایەتییەوە هەیەتی،لەڕووی ڕەزامەندبوون پێی و هەستكردن بە گەشبینی و به‌خته‌وه‌ری هەم لە ئاستی بابەتی وەك داهات و كار و تەندروستی و خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی ژیان، هەم لەڕووی خودییەوە وەك ڕازیبوونی تاك لەو ئاستە به‌خته‌وه‌رییه‌ی لە ژیاندا هەیەتی (Lawton،1991: 65).
ژیان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نادادپه‌روه‌ر، ژیانێكی كوله‌مه‌رگییه، هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا ناكرێ پێی بڵێین ژیان. گه‌ر بۆ تێگه‌یشتنی گه‌ردوونیی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییش (WHO، 1993) بگه‌ڕێیینه‌وه به‌روونی به‌ر ئه‌و دیده ده‌كه‌وین كه ژیان واته تێگەیشتن و هەستكردنی تاك له‌و پێگەیەی خۆی هه‌یه‌تی لە بونیادی كولتووری و ئەو سیستەمە بەهاییەی تێیدا دەژێت، ئه‌ویش لە پەیوەست بە ئامانج و چاوەڕوانی پێوەرەكان و تێبینییەكانی ئەوانیتر، هه‌ر لەبەرئەوەیه بەتەواوی كەسییە و لە لایەن ئەوانیتر هەستی پێ ناكرێ و نابینرێت و پشتئەستوورە بە تێگەیشتن و پەیبردنی تاكەكان لە لایەنە هەمەچەشنەكانی ژیانیان، ئایا تاكی كوردی هه‌ست به بوونی خۆی ده‌كات له كایه كولتوورییه‌كان، له په‌روه‌رده‌ییه‌كان، له كایه ئابوورییه‌كان، ئایا تاكی كوردی ده‌توانێ چاوه‌ڕوانی هه‌بێت، ده‌توانێ ئامانجی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه ده‌یه‌وێ چۆن بژێت، له سیسته‌مێكی كولتووری و چینایه‌تیی كه ته‌نیا جه‌خت له‌سه‌ر بۆرژوازهكانه، ته‌نیا ڕوو له خه‌ڵكی ده‌وڵه‌مه‌ندی ساخته و پاره‌داری ساخته‌یه، كایه‌كان و خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه كه پاره‌ی باشیان هه‌یه، گه‌ر فکریشیان نه‌بێت، كێشه نییه، پێم وایه له‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی تاكه‌كانی پاره‌ی باشیان هه‌یه، به‌ڵام فکریان نییه، ناخوێننه‌وه، بڕوانامه‌ی ساخته‌یان هه‌یه، ژیانێكی ساخته‌یان هه‌یه، ژیانێك له‌سه‌ر خوێنی خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌دار بینا كراوه.