چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

به‌ گوژمه‌ی ملیارێك و ٤٠٠ ملیۆن دینار ڕێگای هیزۆپ- سكتان نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه‌

چواس خالید – هەولێر

ڕێگه‌ی هیزۆپ-سكتان كه‌ ڕێگه‌ی سه‌ره‌كیی به‌ستنه‌وه‌ی شه‌ڵاوه‌یه‌ به‌ پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین. لێره‌وله‌وێ چاڵی پان و قووڵ له‌گه‌ڵ شه‌قامه‌كه‌ درێژ بووه‌ته‌وه‌، به‌جۆرێك لێدانی یه‌كێكیان به‌سه‌ له‌و دووره‌ ده‌سته‌ په‌كت بخات. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ملیارێك و ٤٠٠ ملیۆن دیناری بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ته‌رخان كردووه‌ و تا ئێستا ٦٠%ی كاره‌كان ته‌واو بووه‌.

شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه‌ كه‌ ٥٠ كیلۆمه‌تر دوور و له‌ به‌شی باكووری خۆرهه‌ڵاتی پایته‌ختی كوردستان هه‌ڵكه‌وتووه‌، هه‌ڵكه‌وته‌ی سروشت و كه‌شوهه‌وای له‌باری به‌ هیرانیشه‌وه‌ چاوی گه‌شتیارانی ناوخۆ و ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی له‌سه‌ره‌، ڕێگای سه‌ره‌كیی ئه‌و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌ بۆ‌ سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین، ڕێگای هیران و سكتان- هیزۆپه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مه‌ودای ڕێگه‌كه‌ ته‌نیا ٢٤ كیلۆمه‌تره‌، به‌ڵام ماوه‌كه‌ی تاقه‌تپڕوكێن و زیادتر له‌ كات و نیوێكی پێویست بوو، ئه‌و ڕێگه‌یه‌ كه‌ به‌ شه‌و و ڕۆژ هاشه‌ی ئۆتۆمبێلی لێنابڕێت و به‌رده‌وام ئۆتۆمبێلی بچووك و مامناوه‌ند و بارهه‌ڵگر به‌سه‌ریدا جرتوفرتیانه‌، ڕێگه‌یه‌كی پڕ چاڵی وێران بوو. شه‌قامه‌كه‌ زیادتر له‌ ١٠ گوندی له‌سه‌ره‌ و هه‌زاران چاڵیش به‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ریدا بڵاو بوونه‌ و به‌رده‌وام بۆ شۆفێران لەسەر هەستن، چونكه‌ لێدانی یه‌كێكیان به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دووره‌ ده‌سته‌دا په‌كت بكه‌وێت.
له‌ ماوه‌ی ڕابردوو كه‌ ته‌نگژه‌ی دارایی ده‌ستی به‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان قوچاندبوو، هه‌ندێك له‌ چاڵه‌كانی ئه‌و شه‌قامه‌، به‌ لم و به‌رد پڕ كراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێك له‌ شه‌قامه‌كه‌ش ڕندرا و پینه‌وپه‌ڕۆ كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ دادی ئه‌و ڕێگایه‌ی نه‌دا، كه‌ ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌ك خۆیان گرت و دیسانه‌وه‌ چاڵه‌ داپۆشراوه‌كان سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه‌، ئه‌وه‌ كه‌ هاواری له‌ شۆفێر و ڕێبواران هه‌ستاندبوو، دواجار كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕی ملیارێك و ٤٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگه‌یه‌ ته‌رخان كرد.
ڕێگای هیزۆپ تا سكتان، له‌ ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای كۆیه‌یه‌ و ئه‌ندازیار كۆسار حه‌مه‌ساڵح حه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری چاككردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگاوبانی كۆیه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌ماوه‌ی ڕابردوو ده‌ست به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی هیزۆپ-سكتان كراوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی گونجاو چاڵه‌كان پڕده‌كرێنه‌وه‌ و به‌ قیر داده‌پۆشرێنه‌وه‌.
كۆسار حه‌مه‌ساڵح حه‌مه‌د ده‌ڵێ: “تێچووی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگای سكتان-هیزۆپ، ملیارێك و ٤٠٠ ملیۆن دیناری عێراقییه‌ و تا ئێستا زیادتر له‌ ٦٠%ی كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه‌ ته‌واو بووه‌”.
مه‌ودای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كه‌ ٢٠ كیلۆمه‌تره‌ و كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی هیزۆپ-سكتان به‌ كۆمپانیای ڕانیه‌ی ناوخۆ سپێردراوه‌ و ماوه‌یه‌كه‌ به‌هۆی به‌هۆی نه‌گونجاوی كه‌شوهه‌وا له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا و دواكه‌وتنی خه‌رجكردنی شایسته‌داراییه‌كانی كۆمپانیای جێبه‌جێكار، كاره‌كان سست و وه‌ستا، كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرێت له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا، ده‌ست به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كه‌ بكرێته‌وه‌. به‌گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری چاكردنه‌وه‌ و پاراستنی ڕێگه‌ی كۆیه‌ بێت، كۆی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كه‌ ته‌نیا سێ مانگ كاركردنی ماوه‌.
زۆری ژماره‌ی چاڵه‌كانی ئه‌وڕێگه‌یه‌ سه‌رسوڕهێنه‌ و كۆسار حه‌مه‌ ساڵح ده‌ڵێ “بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و بوودجه‌یه‌ی بۆی ته‌رخانكراوه‌ به‌شی پڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو چاڵه‌كان ناكات و وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌مان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ و داوامان كردووه‌ بڕێكی دیكه‌ی پاره‌ی بۆ ته‌رخان بكرێت”، كه‌ ئه‌و پێی وایه‌ نزیك به‌ ملیارێك دیناری دیكه‌ی ده‌وێت.
تا ئێستا كه‌ ئه‌و شه‌قامه‌ چاڵوچۆڵی لێ نه‌بڕاوه‌، به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگای سه‌ره‌كی نێوان هیران-هیزۆپ، بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ئۆخه‌ی به‌ ڕێبوار و گه‌شتیاران ده‌دات و شۆفێرانیش له‌ زیان و په‌ككه‌وتنی ئۆتۆمبێله‌كانیان ئه‌رخه‌یان ده‌كات، كه‌ باجی به‌ زۆرێكیان داوه‌.