سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان: بەهۆی هەڕەشەی گرووپەکان هاوکاری ناگاتە ٪99ـی کوردانی ئێزدی

تووندوتیژی و ئاڵۆزییەکان رێگرە لە دووبارە بونیاتنانەوەی شنگال و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان،لەو شارەی ناوچە کوردستانییەکان دۆخی خەڵك بەهۆی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان هەر خراپتر دەبێت، ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی لە راپۆرتێکدا دەڵێ:’دوای دەسەڵاتی دڕندانەی داعش، هێشتا دۆخی ئەو ناوچەیە ئارام نییە و خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە.

5 ساڵ دوای شکستی داعش لە عێراق، هەرچەندە لە هەندێک ناوچە جموجۆڵی ماوە، دوای کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لەلایەن تیرۆرستانی داعش، شنگال کە زۆرینە کورد و هەندێک عەرەبیشی تێدان، خەڵک لە ترسی گرووپی چەکداری سەر بە پەکەکە ئامادەنین بگەڕێنەوە، ئەوانەشی لەو ناوچەیەنداوا دەکەن پەکەکە لە ناوچەکانیان بچێتە دەرەوە .
ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی لە راپۆرتەکەیدا لەبارەی کوردانی ئێزدی دەڵێ :”نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی شنگالزیاتر لە ١٩٣ هەزار کەس هێشتا ئاوارەن لە دهۆک و ناوچەی دیکە.” بەپێی راپۆرتەکە ژمارەیەکی زۆر خانووی خەڵک هێشتا وێرانە، ئاڵۆزی و شەڕ هەیە، کێشەیکۆمەڵایەتیش وای کردووە ئاوارەکان نەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
بەپێی ئەو رووپێویەی ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی کردوویەتی لە نێو 1500 کوردی ئێزدی، لەبارەی ئەوەی چۆن بڕیار دەدەن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان،٪64ـی ئەو کەسانەی بەشداریان لەو راپرسییەدا کردووە دەڵێن؛ خانووەکانیان بە تەواوی رووخاوە، هەروەها ٪99ـی ئەوانەی لەو راپرسییە بەشداریان کردووە دەڵێن هیچ هاوکارییەکیان بەدەست نەگەیشتووە لە نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە و خانووەکانیان .
ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی لە راپۆرتەکەیدا دەڵێ :”خێزانەکانی شنگال هێشتا ئاوارەن، هەزارانیان لە کەمپ دەژین.” جەیمس مەن بەڕێوەبەری لقی ئەنجوومەنەکە لە عێراق دەڵێت:”پێویستە چارەسەرێکی ئەو دۆخە بکرێت،پێویستە ئاوارەکان بە شکۆ و بە خزمەتەوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان تاوەکو سەلامەت بژین و پلان بۆ داهاتوویان دابنێن .
رێکخراوە مرۆییەکە داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکات پێشینەی کارەکانیان دووبارە بونیاتنانەوە و دروستکردنەوەی ژێرخانی ئابووری و دابینکردنی خزمەتگوزاری و یەکەی نیشتەجێ بوون بێت بۆ خەڵكی شنگال.’
بەپێی بەدواداچوونی ئەنجوومەنەکەش نزیکەی ٪80ـی ژێرخانی گشتی و ٪70ـی خانووەکانی خەڵکیش لە شنگال رووخاون بەهۆی شەڕی ساڵانی رابردوو لەو شارە .
لە سەرەتای ئایاری رابردووەوە شەڕ لە شنگال لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە و سوپای عێراق روویدا،بەهۆیەوە سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا. عێراق دەیەوێت ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات کە لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ واژۆ کرا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال .دوای ئەو دۆخە زیاتر لە 10 هەزار کەس لە شنگال ئاوارەبوون و هێشتا بەشێکیشیان نەگەڕاوەتەوە.
رێککەوتنی شنگال لە ئۆکتۆبەری 2020 لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق واژۆ کرا، رێککەوتنەکە بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان و ئاسایش و خزمەتگوزاری بوو لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی کارگێڕییەکییەکگرتووی دانپێدانراو هەبێت و رێگە نەدات گرووپەکان دۆخی شنگال ئاڵۆز بکەن، دوای رێککەوتنەکە شاندێکی گرووپە چەکدارەکان لەگەڵ حەشدی شەعبی کۆبوونەوە و رێککەوتنەکەیان رەتکردەوە،حەشدی شەعبیش دەستی هەبوو لەوەی گرووپە چەکدارەکانی شنگال رۆڵیان بمێنێت،بەشێکی ئەو گرووپانەشی سەر بە پەکەکەن چەک و مووچە لە حەشدی شەعبی وەردەگرن.
لە کانوونییەکەمی ٢٠٢٠ سوپای عێراق هیزی زیاتری رەوانەی شنگال کرد،بە ئامانجی داخستنی بارەگای گرووپە چەکدارەکان، بەڵام لەوێ شەڕ و ئاڵۆزی روویدا،لیوا نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند:”هەموو دام و دەزگاکان دەکەینەوە و دەسەڵاتی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت، ئێستا بەشێکی ئەو گروپە چەکدارانەی لە شنگالن سەر بە حەشدی شەعبین و رێنماییش لە پەکەکە وەردەگرن،ئەو گرووپانە سەرچاوەی نائارامین بۆ ناوچەکە.