وەزیری تەندروستی: شەونخوونی دەكێشین بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەم‌دەرمانی لە سلێمانی

وەزیری تەندروستیی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەشێکی زۆر لە کێشەی کەم‌دەرمانی پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە کە زۆرجار یان لە کاتی خۆیدا ناگات یان رێژەکە بە ئاستی پێویست نییە.

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەردانێكیدا كە بۆ كۆگای دەرمان لە سلێمانی، بەشەكانی ئەو كۆگایەیە بەسەر كردوە، پاشان ڕایگەیاند: هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کەمی دەرمان لە شاری سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستان، شەونخونی دەکێشین لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان ئەو کێشانەی لەو ماوەیەدا هەبووە چارەسەری دەکەین.
وەزیری تەندروستیی هەرێم ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەو کێشەیەی لەو ماوەیەدا لە سلێمانی دروست بووە، پەیوەندی بە وەزارەتەكەیەوە نەبووە، چونکە لای ئەوان چەکی پارەکە خەرج کراوە، کێشەکەی پەیوەندی بە بانکەکانەوە هەبووە کە نەختینەی پێویستیان نەبووە”.
د. سامان بەرزنجی رایگەیاند،” پێشتر بودجەی کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکیەکان ٦ملیار بوو، ئێستا بۆ ٧ملیار بەرز کراوەتەوە، رۆتینمان لە کڕین و دابینکردنی دەرماندا نەهێشتووە و دەسەڵاتمان داوەتە بەڕێوەبەرە گشتیەکان بەو کارە هەڵبستن، ئێستا تا رادەیەک دەست کراوەتەوە بە پرۆسەی تەندەر و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکان کە ماوەیەک راوەستابوو.”
وەزیری تەندروستی جەختیشی كردەوە كە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە دەرمان و پێداویستییەکانی تەندروستی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە بنێرێت و ئەرکی ئێمەش پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە دروست دەبێت، بەڵام پێشتر یان دەرمانەکان لەکاتی خۆیدا نەدەگەیشتن یان بڕەکەی وەک پێویست نەبوو، هەڵبەت بە رێژەی جیاواز بە گوێرەی دەرمانەکان، بۆیە بەشێکی ئەو کێشەیەی کە دروست بو پەیوەندی بە بەغداوە هەبووە”.
د. سامان بەرزنجی جەختی كردەوە كە هەوڵی بەردەوام دەدەن کێشەی کەم‌دەرمانی و پێداویستیە پزیشکییەکان لە کەرتی تەندروستی کەم بکەنەوە، ئاماژەی بەوەش دا ئەو هەوڵانەشیان ئامانجی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

ھەواڵی زیاتر