دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی؛ ئەو تەعریبەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە، بە درێژایی مێژوو نەبووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

عەرەبە ھاوردەکان لەڕێگەی ھێنانی هەزاران سەر مەڕوماڵاتەوە، بە پاڵپشتیی سوپای عێراق چادریان لە نێو زەویوزاری جووتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکان هەڵداوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئێستا وەرزی دروێنەی گەنمە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، دەڵێ: ئەو تەعریبەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکان هەیە بە درێژای مێژوو نەبووە. لەرووی ئەمنییەوە بۆشایی هەیە و داعش چالاکە، ئەگەر داعشیش نەبێت، زۆرێک لە ھێزە میلیشاکان بە شێوەیەک لە شێوەکان هەندێک ڕەفتار دەکەن هەمان ڕەفتاری داعشەکانە.

مەڕ و ماڵاتێکی زۆر ھێنراونەتە سنووری گوندەکانی گابەڵەک و پەڵکانە و خەرابەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان لەڕۆژئاوای کەرکووک. ساڵانی ڕابردوو بەرووبوومەکانیان سووتێنرا، ئەمساڵیش عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتیی ھێزە ئەمنییەکان دەیانەوێت شەریکی بەشی جووتیارانی کورد بن. بە گوتەی ھاووڵاتییانی کوردیش لەو شوێنانە دەستەڵاتیان نییە، عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتی سوپا و گرووپە چەکدارەکان هەرچیان بۆ بچێتە سەر دەیکەن، لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە ھێزە عێراقییەکان ڕێگە نادەن گەنمی خۆمان دروێنە بکەین، ئەوەش بەس بۆ ئەوەیە ئێمە ناوچەکانی خۆمان بۆ ئەوان بەجێ بهێڵین.
داوا لە سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێم دەکەین بە بە ھانامانەوە بێن ئەگەرنا ئەوەی کوردە لەو ناوچانە نامێنێت و هەموو دەبێتە عەرەب، بەوەش دووبارە ناوچەکە تەعریب دەکرێتەوە.
ساڵانی ڕابردوو سووتانی دەخڵودان مەترسییەکی گەورەی سەر بەرهەمی ڕەنجی جووتیارانی ناوچە کوردستانییەکان بوو، ئەمساڵ دەخوازن بەرلەوەی بەروبوومیان بکەوێتە بەر ئەو مەترسییە، زوو دروێنە بکەن کە ئێستا ڕێگری هەن.
دیاری حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “حکوومەتی عێراق دەستوور جێبەجێ ناکات، ئەوەی لە ناوچە کوردستانییەکانیش ڕوودەدات هەموو ھۆکارەکەی جێبەجێ نەکردنی ماددەکانی دەستوورە، ئەوەش تازە نییە و دەمێکە ئەوە کاریانە، ئەو تەعریبەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکان هەیە بە درێژای مێژوو نەبووە، خەڵک دێنە ناوچە کوردستانییەکان، خەڵکی دەربەدەر نیشتەجێ دەکەن ناگەڕێنەوە، دەست بەسەر زەویوزاری کورددا دەگرن. ئەو زوڵم و زۆرەی لە جووتیاران و خەڵکی کورد دەکرێت، تا ئێستا نەبووە،ڕێگە نادەن جووتیارانی کورد گەنمەکەی خۆیان دروێنە بکەن. ئەوانە هەموو کێشەن بۆ خەڵکی ئێمە پێویستە حکوومەتی عێراقی بگەرێتەوە بۆ دەستوور و ماددەکان وەکو خۆی جێبەجێ بکات، ئەو کاتە هەمووان ملکەچی بەندەکانی دەستوور دەبن.
جێگری بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، ڕوونیشی کردەوە: “لەڕووی ئەمنییەوە داعش چالاکی هەیە، ئەگەر داعشیش نەبێت، زۆرێک لە ھێزە میلیشاکان بە شێوەیەک لە شێوەکان هەندێکڕەفتار دەکەن هەمانڕەفتاری داعشەکانە، سوپای عێراق وەکو پێویست دەوری نییە، میلیشاکان کێشە دروست دەکەن، بۆ ئەوەی حکوومەتی داھاتوو پێک نەھێت، ئەوەش بێ بەرنامە نییە و بە بەرنامە دەکرێت، چ پێکنەھێنانی حکوومەت، چ تەعریب، چ داگیرکردنی زەویوزاری جووتیارانی کورد، ئەوەش هەموو بۆ ئەوەیە خەڵکی کورد ئەو ناوچانە چۆڵ بکات و بۆ ئەوانی بەجێ بهێڵێت”.

ھەواڵی زیاتر