فیلمی ئەزموون

ئەزموونێک کە هەموومان پێیدا تێدەپەڕین

هونەرمەندی شانۆكار (ئەرسەلان دەروێش) لە نوێترین كاری دەرهێنانی خۆیدا، بۆ ئەمجارەیان یەكێك لە تێكستە جیهانییەكان هەلدەبژێرێت، بە ناوی شانۆگەری (دوژمنی گەل) كە یەكێكە لە بەناوبانگترین دەقەكانی نووسەری نەرویژی (هینریك ئیبسن)، لە ئێستا دا خۆیی و كارەكتەرەكانی سەرقالی پرۆڤەكردنن، كە بڕیارە بەم زووانە لە هەولێری پایتەخت نمایش بكرێت.

فیلمی سینەمایی (ئەزموون ـ The Exam)، کە چوارەمین فیلمی درێژی سینەماییەتی، لە لایەن سینەماکاری گەورەی کورد “شەوکەت ئەمین کورکی” کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و لە بەرهەمهێنانی مەمەد ئەکتاش و ڕۆڵگێرانی هونەرمەندانێکی نێوداری وەک “شوان عەتووف (جەمال)” و “ئاڤان جەمال(شیلان)”، “قانیا سالار (ڕۆژین)، “حوسێن حەسەن (سەردار)”، “هوشیار نێروایی (موهەندیس)”، “عادل عەبدولڕەحمان (کەریم)” و “حەمە ڕەشید (عەزیز)”ـە و بەرهەمی کۆمپانیای (میتۆس فیلم)ی بەڕلین و کۆمپانیای (مەستی فیلم)ی سلێمانییە و بە پاڵپشتیی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێم بەرهەم و کۆمپانیای (ئاڕت هوود ـ ArtHood) ئەڵمانیش لە جیهاندا بڵاوی دەکاتەوە. فیلمەکە باس لە پڕۆسەی تاقکیردنەوە وزراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەم چوارچێوەیەشدا باسی دیاردەی دزێوی گزیکردن (قۆپیە) دەکات لە لایەن قوتابیان و کەسوکاریانەوە.

فیلمی ئەزموون لە جێژنی ڕەمەزانەوە لە هەرێمی کوردستان نمایشکردنی دەست پێ کرا و وەک شەوکەت ئەمنیی دەرهێنەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی گوتی “ئەم فیلمە لە ساڵی ٢٠١٩ لە شاری سلێمانی وێنە گیراوە، فیلمێکی ئەم ساڵانە و سەردەمییە و چیرۆکی فشار و پاڵەپەستۆکانی سەر قوتابیانی پۆلی ١٢ و بنەماڵەکانیان دەگێڕێتەوە و چیرۆکی دوو کارەکتەری کچ دەگێڕێتەوە. زۆرینەی ئەکتەرەکان ئەکتەری شاری سلێمانی و شارەکانی تری کوردستانن و دوو تیمی کوردی و بیانی کاریان لەسەر کردووە. بەشداری زیاتر لە ٢٥ فیستیڤاڵی جیهانی کردووە و ٧ خەڵاتی بەدەست هێناوە” و حکومەتی هەرێمی کوردستان ٣٥% بودجەی تێچوونەکەی دابین کردووە.
بەندە بە هۆی ئەوەی کە لە کاتی نووسین و گەڵاڵەبوونی بیرۆکەی سیناریۆکە، وتەبێژ و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە بووم و نزیکەی ٤ ساڵ لە دوای یەکتری ئەزموونی چاودێری وردی تاقیکردنەوە وزارییەکانی پۆلی ١٢ و تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی ٩ـیەمم هەبوو، شانازی ئەوەم بەرکەوت کە هاوکارێکی بچووکی دەوڵەمەندکردنی سیناریۆکە و پێدانی زانیارییەکان بم بە کاک شەوکەتی برا و هاوڕێ.
بەوەی کە پێشتر لەگەڵ کاک شەوکەت ئەمینی دەرهێنەر گفتوگۆ و قسە و باسمان هەبووە و لە بواری کاری ڕۆژنامەنووسیش کارم لەگەڵیدا کردووە و فیلمەکانیم بینیوە و لەبارەیانەوە نووسیومە و گفتوگۆشم لەگەڵ خۆی کردووە، ئەم فیلمەشی (ئەزموون) بۆ من فیلمێکی تایبەت و جوان بوو، بەتایبەت بە پێچەوانەی زۆرێک لە فیلمەکانی دیکەی کوردی سەرەنجەکەی تەواو خرابووە سەر بابەتێکی گرنگی کۆمەڵایەتی کە پەیوەندی بە تاکبەتاکی کۆمەڵگەوە هەیە و ساڵانە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار قوتابی و خوێندکار بەم ئەزموونەدا تێدەپەڕن.
فیلمەکە هەروەک فیلمەکانی پێشووی شەوکەت ئەمین پڕی بوو لە دیمەنی تایبەت و ستاتیک بەتایبەت دەرخستنی کارەکتەرەکان لە ڕووناکی و تاریکی، لە سێبەر و دیاربوون. دیالۆگەکان ئاشنان بە گوێی بیسەر، چونکە لە نێو هەناوی کۆمەڵگەوە هەڵقوڵاون و شەوکەت ئەمین لەم بارەوە پێویستی بە خۆچیڕکردنەوە نەبووە بۆ نووسینیان، بەڵکو زۆر سادە و واقعین. سەرەتا و کۆتایی فیلمەکە کراوەیە و بۆ خودی بینەر هێڵدراوەتەوە، دروستکردنی ئەم گرێیەش یەکێکە لە جوانییەکانی فیلمەکە.
بۆچی وەزارەتی پەروەردە گرنگە هەست بەم فیلمە بکەن؟
وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا گرنگە هەست بەم فیلمە بکەن و بەرپرسەکان لە ئاستی باڵا تەماشای بکەن، چونکە پڕۆسەیەکی گرنگی پەڕینەوەی قوتابی و خوێندکارانیان لە ئەستۆیە، چونکە چارەنووسسازترین قۆناغی تاکی کۆمەڵگەی کوردییان بە دەستە و گرنگە هەوڵ بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێکانی بکەن. بەداخەوە پەرەوردە لە وڵاتی ئێمە غەدری زۆری لە تاکەکان کردووە، هەمیشە پەروەردە وەک دیاردەیەکی ئەمنی تەماشا کراوە (هەڵبەت لە ماوەی ڕابردوو گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە) بەڵام هێشتا ئەو دڵەڕاوکێ و ئەو ترس و تۆقینەی کە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا هەیە بەتایبەت لە پۆلە کۆتاکان، هێشتا نەڕەوێنراوەتەوە.
بۆیە گرنگە وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەدوای چارەسەرێکەوە بن بۆ گۆڕینی شێواز و سیستەمی تاقیکردنەوەکان، چونکە نابێت قوتابی و خوێندکار هەموو ١٢ ساڵی خوێندنی خۆی لەسەر مانگێکی تاقیکردنەوە وەزارییەکان تاقی بکاتەوە و هەموو ژیانیشی لەسەر ئەو مانگە هەڵچنێت، بۆیە گرنگە بە جۆرێک تاقیکردنەوەکانی ساڵانی پێشووی بەشێک بن دیاریکردنی ئەو چارەنووسە و چوونە زانکۆ و دیاریکردنی بەشی خوێندنی پەیوەست نەکرێتەوە بە تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢.

ئەو خەڵاتانەی کە فیلمی ئەزموون وەریگرتوون:
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی فێستیڤاڵی سانتا باربارای ئەمەریکا.
ـ خەڵاتی تایبەتی ٣٧ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (مۆنس ـ Mons) لە وڵاتی بەلجیكا
ـ خەڵاتی جۆری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (مۆنس ـ Mons) لە وڵاتی بەلجیكا
ـ ‎خەڵاتی ڕەخنەگرانی نێودەوڵەتی (لە لایەن یەكیەتی نێودەوڵەتی ڕەخنەگرانی سینەماییەوە دەدرێت)
ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی “تیرانا”ی ئاڵبانیا
ـ خەڵاتی باشترین دیزاینی پۆسته‌ری لە پێشانگای گرافیکی “تورکیا”
ـ خەڵاتی UNFPA لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “قاهیرە”
ـ خەڵاتی باشترینی فیلمی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “ڤیکتۆریا” لە وڵاتی کەنەدا
ـ خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی ٣٧ەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “سانتا باربێرا”

ئەو فێستیڤاڵانەی کە ئەزموون بەشداری تێیاندا کردووە:
ـ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی “بۆسان” له کۆریای باشوور
ـ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (مۆنس ـ Mons) لە وڵاتی بەلجیكا
ـ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی “تیرانا”ی ئاڵبانیا
ـ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کارلۆڤی ڤاری
ـ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “قاهیرە”
ـ یانزمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “بەڕلین”
ـ فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “هامبورگ”
ـ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی “ڤیکتۆریا” لە وڵاتی کەنەدا
ـ هەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “دهۆک”
ـ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “سانتا باربێرا ـ ا SBIFF” لە ویلایەتی کالیفۆرنیا

ڕای بینەران لەسەر فیلمەکە:
بینەرێکی فیلمەکەش لەبارەی “ئەزموون”ـەوە گوتی: “ستافێکی سەرکووتوو و ئیشکێکی جوان بوو. ئەم بابەتە بابەتێکی هەستیارە لە کۆمەڵگەی ئێمە، بە بڕوای من گرنگە قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی ١٢ ئەم فیلمە ببینن. خۆی لە ڕاستیدا کۆی ژیان ئەزموونە، ڕۆژ نییە ئەزموونێک تاقی نەکەینەوە و نەگەینە شتێک. گرنگ ئەوەیە چۆن ئەو ئەزموونە تێپەڕێنین. ئەم فیلمە، پەنجەی خستە سەر ئەو دیوە تاریکەی کە پێوسستە هەموومان قسەی لەسەر بکەین. یەکێکە لەو کارە جوانانەی کە خزمەت بە قوتابیانی ئێمە دەکات. گرنگە بیبینن و بزانن و تێبەگەن کە ئەم ڕێگە ناشیرینە (گزیکردن) ئەمە چارەنووسیەتی و کەسانێکیش ببینن کە لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و بە مەبەستی دەستکەوتنی پارە چ زیانێک بە کۆمەڵگە و چینێکی دیاریکراو دەگەیێنن.”
فارووق ڕەفیقی نووسەر لە بارەی فیلمەکە باسی لەوە کرد: “ئەم فیلمە یەکێکە لە فیلمە چاکەکان کە گفتوگۆ هەڵدەگرێت. بابەتی سەرەکی فیلمەکە زۆر گرنگە کە دەستی بۆ براوە لە نێو کایەی پەروەردە. جگە لە لایەنە ستاتیک و هونەرییەکەی، پەنجەی خستووەتە سەر ئەو کێشانەی کە جڤاکێکی کۆمەڵگە پێوەی دەناڵێنێت. بۆیە دەبێت ڕووناکی بخرێتە سەر و حەقی خۆی بدەینێ و کاری فکری دیکە لەسەر بابەتی فیلمەکە بکەین. هیوادارم خەڵکیش فیلمەکە ببینێت و قسەی لەبارەوە بکات، چونکە گفتوگۆکردن لە فیلمەکە ڕەهەندێکی تەواوکاری فیلمەکەیە، ئەگەر قسە لەسەر فیلمێک نەکرێت ئەوە کەموکۆڕییەکی گەورەیە”.
دوو لاویش کە پێشتر بە ئەزموونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی تێپەڕیون، دوای بینینی فیلمەکە باسیان لەوە کرد کە “ئەم فیلمە دەربڕی واقعێکی تاڵی کۆمەڵگە بوو” و ئەوان چێژیان لە بینیفیلمەکە و ڕۆڵگێڕانی جوانی ئەکتەرەکان بینیوە و “وەک پشتگیرییەک بۆ فیلم و سینەمای کوردی، گرنگە هەموو تاکێک ئەم فیلمە ببینێت و لە ئەزموونی دڵەڕاوکێ و پاڵەپەستۆکانی تاقیکردنەوە وزارییەکان بگات، چونکە ئەم فیلمە واقعێکی کۆمەڵگەیە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پۆلی دوانزەیەم و ئەو ڕۆتینییەی کە تیایدا دەژین”.
مامۆستایەک لەبارەی فیلمەکە گوتی: “نەک گرنگە کە قوتابیان و خوێندکاران و لاوان بێن و ئەم فیلمە ببینن، بەڵکو دە هێندە گرنگە کە دایک و باوکی منداڵەکانیش بێن فیلمی ئەزموون ببینن، چونکە هەندێک شت هەن لە ژیانی منداڵەکانمان لەبەر سەرقاڵی و جیاوازی تەمەنمان نایانزانین. بۆیە تکای دڵسۆزانەم ئەوەیە کە هەموو کەس بینەری فیلمەکە بێت، چونکە پڕە لە ئامۆژگاری و ئەزموونی باش. سوپاس بۆ ئەکتەرەکان کە بە شێوەیەک چووبوونە نێو فیلمەکە ئێمەشیان کێشابووە ناوی و هەستمان دەکرد خۆمان بەشێکین لە فیلمەکە. ئەم فیلمە یەکێکە لە فیلمە بەسوودەکان کە دەکرێت شوێنی کتێبخوێندنەوەی پێ بگرینەوە و شوێنی ئامۆژگاری پێ بگرینەوە”.
دکتۆر خەتاب بەرپرس لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی فیلمەکەوە دەڵێت: “فیلمێکی زۆر خۆش و لە هەمان کاتیشدا ناخۆش بوو، ناخۆشییەکەی لەوەدا بوو کە باسی دیاردەیەکی دزێوی کۆمەڵگە دەکات. بۆیە فیلمەکە ئەهمیەتی زۆری بەلای منەوە هەیە، هیوادارم بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردە بە وردی فیلمەکە ببینن و بە وردیش بەدواداچووون بۆ بەرەنجامەکانی بکەن و هەوڵ بدەن بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردە دزێوە تا قوتابی و خوێندکارانی خۆمان بە توانای خۆیان بگەنە ئەنجام.

هونەرمەندان چ دەڵێن لەبارەی فیلمی ئەزموون:
ئەکتەری بەناوبانگ خاتوو “گەزیزە عومەر” لەبارەی فیلمی ئەزموونەوە پێی وایە کە “فیلمەکە دیارییەکی گەورەی بە دەستی خاتوو ئاڤان بەخشی بە نواندنی خانمان لە شاشەی سینەما و دراما و سوپاس بۆ شەوکەت ئەمین و دیارییە ڕەنگاوڕەنگەکەی کە ناوی ئاڤان بوو”.
ئەکتەری دیاری شانۆ و سینەما خاتوو خەرمان هیرانی لەبارەی فیلمەکەوە کە خۆشی بینیویەتی گوتی: “فیلمی ئەزموون فیلمێکی زۆر جوان بوو و چێژم لێ بینی و بوونی ئەو هەموو خەڵکەش وای کرد چێژەکەی زیاتر بێت”.
هونەرمەند و دەرهێنەر بەکر فەرەج لەبارەی فیلمی ئەزموونەوە پێی وابوو کە “ئەزموون بەڕاستی خەڵکی فێری ئەزموون کرد، ئەزموون پێویستە بینەر بیبینێت، چونکە واقعی کۆمەڵایەتییە و ڕەخنەئامێزە بەرامبەر کۆمەڵێک خەسڵەتی کۆمەڵگە، بۆ خوێندکار و دایک و باوکی خوێندکاران پێویستە ئەم فیلمە ببینن تا ئەزموون لە ئەزموونەوە ببینن”.
سینەماکار ئالان نەجمەدین لەبارەی ئەزموونەوە گوتی: “دەستخۆشی لە هاوڕێ و هاوکارم کاک شەوکەت و ستافەکەی دەکەم. ئیشەکە ئیشێکی جوانە، چاوێکی سینەمایی و هەڵبژاردنی بابەتێکی نایابە. تێبینیم لەسەر ئیشەکە هەیە، بەڵام بەڕاستی ئیشێکی پڕبەپێست و کۆمەڵایەتی و جوانە و کێشەی زۆری خەڵکە و بابەتەکە بابەتێکی زۆر نایابە و لە ڕووی ئەکتینگەوە کاری جوانیشی تێدا کراوە”.
کارۆخ ئیراهیم حەکیمی شانۆکار و دەرهێنەر سەبارەت بە فیلمەکە گوتی: “فیلمی ئەزموون یەکێک بوو لەو فیلمانەی کە باسی کێشەیەکی پڕۆسەی پەروەردەی کردبوو و پەیوەستی کردبوو بە پێکهێنەرەکانی خێزان و ئەو کارەی کە دەبێتە هۆی لێکترازانی تاک و خێزان. بۆیە بڕوام وایە کە کاک شەوکەوت پەیامی ئەمجارەی جیاوازە بوو لە جاران و زیاتر ڕۆچووبووە نێو کۆمەڵگە و گرنگە هەموو کەس بیبینێت بۆ ئەوەی پەنا بۆ لایەنە ڕاستەکە بەرێت نەک ئەو لایەنە نەگەتیڤەی کە باس کراوە لە فیلمەکە”.

ھەواڵی زیاتر