ئاڵا دێدەوان یەکەمین ئافرەتە لە مێژووی پاڵەوانیەتیەکە سەرپەرشتیاری یانەیەکی پیاوان بێت

بە بەشداری ٨ یانە لە تارانی پایتەختی ئێڕان پاڵەوانیەتی تۆپی بالەی یانەکانی ئاسیا بەڕێوەدەچێت، دوای بەشدارینەکردنی یانەی بەحری، یانەی هەولێر هاوشانی یانەی گازی جنوب نوێنەرایەتی عێڕاق دەکەن، لە قۆناغی یەکەمدا هەولێر لە ٣ یاریدا هیچ بردنەوەیەکی تۆمار نەکرد و سەرنەکەوت بۆ چوارگۆشەی زێڕین، بەڵام هەولێر بۆ بەدەستهێنانی پلەکانی پێنجەم تا هەشتەم ٣ یاری تر ئەنجام دەدات.

هەولێر سێ یاری دیكه‌ ئەنجام دەدات
ئەمە یەکەمینجارە یانەی هەولێر بەشداری ئەو پاڵەوانیەتیە دەکات و ماوەی ئامادەکاری تیپەکەیش زۆر نەبوو، بە ڕاهێنەرایەتی حوسێن زادەی ڕاهێنەری ئێرانی هەولێر لەو پاڵەوانیەتیە بەشداریکردووە، لە یاری یەکەم هەولێر بە ئەنجامی سێ گێمی بێ بەرانبەر لەگەڵ یانەی شەهدابی ئێرانی توشی شکست هاتن، لە یاری دووەمیش بەهان ئەنجام لەگەڵ یانەی ترازنی کازاخستانی دۆڕا، ئاستی هەولێر لە یاری سێیەم تا ڕادەیەک باشتر بوو، ئەگەرچی بە سێ گێم بەرانبەر بە گێمێک بە ڕەیانی قەتەری دۆڕان، بەڵام هەولێر ئاستێکی باشی لەو یارەدا هەبوو.
دوای ئەم قۆناغە هەولێر سێ یاری تر ئەنجام دەدات، ئەمەیش وەکو سیستەمی پاڵەوانیەتیەکەیە کە چوار یانەی یەکەم یاریی لەسەر پلەکانی یەکەم تا چوارەمی ڕیزبەندی دەکەن، یانەکانی پلەی پێنجەم تا هەشتەمیش بەیەکەوە یاریدەکەن بۆ دیاریکردنی پلەکانی پێنجەم تا هەشتەمی ڕیزبەندی یانەکان.
لەم قۆناغەدا یانەی هەولێر لە یەکەم یاری خۆیدا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاتژمێر ٢:٠٠ ئێوارە ڕووبەڕووی یانەی پەیکانی تارانی ئێرانی دەبێتەوە، دوو یاریەکەی تری هەولێر پەیوەستە بە ئەنجامی ئەو یارییەوە، بۆ دیاریکردنی پێگەی هەولێر لە پاڵەوانیەتیەکە ئەگەر هەولێر لە دوو یاری داهاتوویدا براوە بێت دەگاتە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانیەتیەکە، بەڵام هەولێر دوای ئەنجامەکانی قۆناغی یەکەم هیوای بۆ بەدەستهێنانی پلەکانی پێشەوە لە دەستداوە.

کاپتنی هەولێر په‌یامێكی هه‌یه‌
دەربارەی بەشداریکردنینان لەو پاڵەوانیەتیەدا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، نەوزاد شێرزاد کاپتنی یانەی هەولێر بەمجۆرە قسەی کرد و گوتی: بۆ یەکەمینجارە لە مێژووی یانەی هەولێر لەو پاڵەوانیەتیە بەشدار دەبین کە ئەمە بۆ ئێمە ئەزموونێکی زۆرباشە کە وەکو ناوی هەولێر بناسرێین لە نێو یانەکانی تری ئاسیا، ئاستی پاڵەوانیەتیەکە زۆر بەرزە و سەرجەم یانەکانی یاریزانی پیشەگەر و جیهانیان بۆ ئەو پاڵەوانیەتیە هێناوە، یانەی هەولێر تەنیا ٤ ڕۆژ ئامادەکاری کردووە و هیچ یاریزانێکی پیشەگەریشی نیە، لەگەڵ ئەوەیش بە ئاستێکی زۆر بەرز دەردەکەوین، هەوڵدەدەین ئەو چەندی یارییەی کە ماوە زیاتر خۆمان بسەلمێنین و ئاستی باشتر پیشان بدەین.
نه‌وزاد شێرزاد ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌شڵێت: من پێشتر بەشداری پاڵەوانیەتی یانەکانی عەرەبیشم کردووە، بەڵام وەکو ئەم پاڵەوانیەتیە بەهێز نەبوو، هەر لەو پاڵەوانیەتیەدا ئاڵا دێدەوان ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر سەرپەرشتیاری یانەکەیە، بەپێی زانیارییەکان، ئەو خانمە یەکەمین ئافرەتە لە مێژووی پاڵەوانیەتی یانەکانی ئاسیا سەرپەرشتیاری یانەیەکی پیاوان بێت.

ھەواڵی زیاتر