چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وەزیـــــری کـــــــارەبا: ملیۆنێک و ٢٥٣ هەزار هاوبەش پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە

سەعد هەورامی – هه‌‌ولێر

کەمال محەمەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت؛ هیچ جیاوازییه‌كمان له‌ نێوان شاره‌كان نه‌كردووه‌، لە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، به‌ڵام شتێكی تر هه‌یه‌ كه‌ وه‌رزی ساڵ حوكم ده‌كات، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ولێر و گه‌رمیان كه‌شوهه‌وا زیاتر گه‌رمتره‌ به‌ به‌راورد به‌ شوێنه‌كانی تر، بۆیه‌ له‌ هاوین زیاتر پێویستیان به‌ كاره‌با هه‌یه.

وەزیری کارەبا، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت؛ وه‌زاره‌تی كاره‌با پڕۆژە‌یه‌كی تێستی هه‌یه‌ ئه‌ویش پێدانی كاره‌با بۆ ماوه‌ی ٤٨ كاتژمێر، ئه‌و پڕۆژە‌یه‌، ساڵانه‌ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ئەم تێستە ئەنجام دەدرێت لەو پرۆسەیەدا ٤٨ كاتژمێر كاره‌بای نیشتیمانی ده‌درێته‌ هاووڵاتیان تا بزانرێت خواستی پارێزگه‌ و ئیداره‌ سەربەخۆکان بۆ به‌كارهێنانی كاره‌با چه‌نده‌، چونكه‌ بەوە ژماره‌ی مێگاواته‌كانمان بۆ ده‌رده‌چێت. وا پێشبینی ده‌كه‌ین خواستی به‌كارهێنانی كاره‌بای ٢٤ كاتژمێری له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نێوان ٤ هەزار بۆ ٤هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بێت، به‌ڵام ئێمه‌ ٣هەزار و ٥٠٠ مێگاوات كاره‌بامان هه‌یه‌. ساڵی ڕابردوو ٤٢%ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بۆ پارێزگای هه‌ولێر و ٢٤.٥%ی بۆ پارێزگا‌ی دهۆك و ٢٨.٨%ی بۆ پارێزگا‌ی سلێمانی و ٤.٧%ی بۆ گه‌رمیان بوو. گه‌شه‌كردنی پارێزگه‌كان جیاوازه‌، بۆیه‌ ئه‌و تێسته‌ بڕی پێویستی پارێزگا یا ئیدارەکە بۆ کارەبا دەردەخات، بەمەش کار لەسەر دابەشکردنی کارەبای بەرهەمهێنراو به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ دەکرێت. ١٥ و ١٦ی ئایاری ئەمساڵ له‌ زاخۆ، ڕاپه‌ڕین، سۆران، گه‌رمیان، هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی ده‌ستمان بە تێستەکە كرد و ١٧ و١٨ی ئایار له‌ هه‌ولێر و دهۆك ئه‌نجام ده‌درێت.
سەبارەت بە پرۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا، ڕایدەگەیەنێت؛ پڕۆژە‌که‌ له‌ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٧ بوو، بەڵام لەم کابینەیەدا دەستی پێ کرد. ئەوکات ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار هاوبەشی کارەبامان هەبوو، تا ئێستا ٣٢٢ هەزار هاوبه‌شی دیكه‌‌ زیادی کردووە. وه‌ك پاكێجی یه‌كه‌م ٨٧%ی پڕۆژەکه‌ جێبه‌جێ كراوه‌ و ملیۆنێک و ٢٥٣ هەزار هاوبەش پێوەرەکەیان بۆ بەستراوە. ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر ڕێكخستن و كۆنترۆڵكردنی كاره‌با. بۆ نموونه‌ له‌ مانگی شوبات و كاتی سه‌رما ژماره‌ی ئه‌مپێرمان هێنایە خواره‌وه‌ به‌وه‌ش كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با زیادی كرد. پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیه‌م ٤٥%ی بڕی كاره‌بای به‌رهه‌مهاتوو نادیار بوو، به‌ڵام بەهۆی پڕۆژەی پێوەری زیرەک ئه‌م ڕێژە‌یه‌ بۆ ٣١% كه‌م بووەتەوە كه‌ ١٢%ی به‌ هۆكاری ته‌كنیكی ون ده‌بێت و ئه‌مه‌ش له‌ هه‌موو دونیادا هه‌یه‌، ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌و ٣٠٠ هه‌زار پێوه‌ره‌ی ماوه‌ بیبه‌ستین.
کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا، سەبارەت بە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خاوێن، دەڵێت؛ پێشتر لە حکوومەتی هەرێم ١٣ پڕۆژە‌ی كاره‌بامان هه‌بوو كه‌ دەیانتوانی ٦٧٠٠ مێگاوات كاره‌با به‌رهه‌م بهێنن، لەو بڕەیە تەنیا ٦٤٩ مێگاواتی لە ڕێگەی‌ وزه‌ی پاكەوە بەرهەم دەهات کە ٢٤%ی دەکرد، لە ئێستادا بڕی بەرهەم گەیشتووەتە ٢هەزار و٤٩٢ مێگاوات کە له‌و ژماره‌یه‌ هەزار و٩٥٢ مێگاواتی لە‌ وزه‌ی پاك بەرهەم دێت (وەک بەرهەمهێنانی کارەبا لە بازیان و خورمەڵە و زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین و گەرمیان بە هەڵم و غاز و ئاو) لە مانگی شه‌شیش له‌ سه‌رسه‌نگ ده‌ست به‌و جۆره‌ پرۆژە‌یه‌ش دەكرێت كه‌ بڕە‌كه‌ی ده‌گاته‌ ٣٥٠ مێگاوات كاره‌با.
وەزیری کارەبا ڕاشیگەیاندووە؛ چه‌ندین یه‌كه‌ به‌هۆی شایسته‌ی داراییه‌وه‌ نه‌توانرابوو چاك بكرێنه‌وه‌، كه‌ مافی ئه‌وه‌یان هه‌بوو شایسته‌ی داراییان بۆ دابین بكرێت، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ بابه‌ته‌كه‌ ئاگادار كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ بوو ٧٥ ملیۆن دۆلار بۆ كۆمپانیای ماس دابین كرا، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو یه‌كه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك چاك بكرێنه‌وه‌.
وەزیری کارەبا، سەبارەت بە جیاوازی بڕی کارەبای نێوان شار و پارێزگاکان، دەڵێت؛ وه‌ك وه‌زاره‌تی كاره‌با هیچ جیاوازییه‌كمان له‌ نێوان شاره‌كان نه‌كردووه‌، به‌ڵام شتێكی تر هه‌یه‌ كه‌ وه‌رزی ساڵ حوكم ده‌كات، بۆ نموونه‌ له‌ هه‌ولێر و گه‌رمیان كه‌شوهه‌وا زیاتر گه‌رمتره‌ به‌ به‌راورد به‌ شوێنه‌كانی تر، بۆیه‌ له‌ هاوین زیاتر پێویستیان به‌ كاره‌با هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ زستان بارودۆخی ئه‌و دوو شوێنه‌ باشتره‌، به‌ڵام له‌ دهۆك و سلێمانی له‌ زستان و هاوین پێچه‌وانه‌ی هه‌ولێر و گه‌رمیانه‌.
ئێمه‌ ئێستا ٣٣٠٠ تا ٣٤٠٠ مێگاوات كاره‌بامان هه‌یه‌، به‌ڵام بڕیار وایە وێستگه‌ی دێره‌لووك کە له‌سه‌ر قه‌رزی ژاپۆنی جێبه‌جێ كراوه‌ و ٣٨ مێگاوات كاره‌بایە لەگەڵ ٥١ مێگاواتی تاسڵووجه‌ و ٢٩ مێگاواتی سێ وێستگە له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك بکەونە کار و له‌ مانگی نۆش ٥٠٠ مێگاواتی تر له‌ بازیان ده‌كه‌وێته‌ كار، هەرچەندە بە هۆی نه‌بوونی غازی پێویست ناتوانین هه‌ر ٥٠٠ مێگاواته‌كه‌‌ به‌ كار بخه‌ین. بەمانە ئومێده‌وارین ئه‌مساڵ له‌ ساڵی ڕابردوو ڕە‌وشی كاره‌با باشتر بێت.
سەبارەت بە بڕی لێخۆشبوونی قەرزی کارەباش ڕایگەیاندووە؛ وه‌زاره‌تی كاره‌با پابه‌ندی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ نییه‌ كه‌ ده‌وترێت كه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتییه‌ك به‌ یه‌ك جار كۆی قه‌رزه‌كانی بداته‌وه‌، ٤٠% لێخووشبوون ده‌یگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نها ١٥%ـیه‌.