پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆخی شنگال کۆ دەبێتەوە

فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا کار دەکات بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی شنگال، بۆ ئەم مەبەستە نزیکەی ١٢٠ واژووی کۆ کردۆتەوە و داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکات، کە بەھۆی بوونی پەکەکە و گرووپە چەکدارەکان ڕۆژانە شەڕ و ئاڵۆزی لەو ناوچانە ھەیە و ئەو خەڵکەی گەڕابووەوە لەبەر پەکەکە جارێکی دیکە ئاوارەی کەمپەکانی دھۆک بوونەتەوە، بۆیە ھاووڵاتییان داواکارن گرووپە چەکدارەکان لەناوچەکە نەمێنن، بۆ ئەوەی بە ئازادانە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.

ڕۆژی ١ی ئایار، پێکدادان لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە قەزای شنگال ڕوویدا، ٢ـی ئایار پێکدادانەکان سەریان ھەڵدایەوە، بەو ھۆیەوە زیاتر لە ١٠ ھەزار خەڵکی شنگال کە گەڕابوونەوە، دووبارە ئاوارەی دھۆک بوونەوە.
لە ٩/١٠/٢٠٢٠ بەغدا و ھەولێر لەسەر ئاساییکردنەوەی ڕەوشی قەزای شنگال و بەڕێوەبردنی قەزاکە لەڕووی کارگێڕی، ئەمنی و خزمەتگوزاری بە شێوەیەکی ھاوبەش ڕێککەوتن، بەڵام ھێشتا لەڕووی ئەمنییەوە چەندین ھێزی سەربازی لەو ناوچەیە ھەن، کە ئەوانیش بریتین لە ھێزی پاراستنی ئێزیدخان، فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی خۆجێیی، ئاسایشی ئێزیدخان و یەبەشە.
رێککەوتنەکە بەسەر سێ تەوەری “کارگێڕی، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوە” دابەش بووە، لەگەڵ پاشکۆیەکی ٩ خاڵی، کە خشتەی چاودێریی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالی تێدا خراوەتەڕوو.
مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “داوا دەکەین پەرلەمان لەسەر بارودۆخی شنگال کۆ بێتەوە و بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکە بدات، ھەروەھا بودجەیەکی تایبەت بۆ شارەکە دابین بکرێت و خەڵک قەرەبوو بکرێتەوە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: “نزیکەی ١٢٠ واژووی پەرلەمانتاران کۆ کراونەتەوە، بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر بارودۆخی شنگال تا لایەنە پەیوەندیدارەکان بارودۆخی شنگال یەکلا بکەنەوە، چونکە بارودۆخی شارەکە ڕۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت، بۆیە ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی پێشنیارمان کردووە پەرلەمان کۆ بێتەوە و کێشەی شارەکە چارەسەر بکات، چونکە ئەگەر گرووپە چەکدارەکان لە شارەکە دەرنەچن، شتێک نامێنێت بەناوی شنگال”.
نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، بۆ “ھەولێر” دەڵێت: “جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەی شنگال تاکە چارەسەرە بۆ بارودۆخی ناوچەکە، ئەو لایەنانەی ئەمڕۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال ڕەت دەکەنەوە، دەیانەوێت بارودۆخی ئەمنی سەقامگیر نەبێت و خەڵکی شنگال دەربەدەر بکەن، بۆیە گرنگە بە زووترین کات ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت، چونکە گرووپە چەکدارەکان بەتایبەتی پەکەکە لە شنگال و دەوروبەری بازرگانی دەکەن و سنووری ڕۆژئاوا لەگەڵ شنگال کراوەیە و ڕۆژانە چەکدارانی پەکەکە بەو سنوورەدا ھاتوچۆ دەکەن و کەلوپەل دەگوزانەوە، ئەوەش ژیانی خەڵکی ناوچەکەی بە تەواوەتی تێک داوە، ھەر لەبەر ئەوەش تەئکید لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و وەدەرنانی ھێزە ناعێراقییەکان دەکەین”.

ھەواڵی زیاتر