گرنگی کارکردنی ئافره‌ت وەک دەستی هێزی كار

ئافرەتان دەبێت بە گرینگیەوە سەیری کارکردن و ئابووری سەربەخۆی خۆیان بکەن وەک هێزێکی بەرپەچدانەوەی هەموو بەربەستەکانی ژیان سەیری بکەن. پاش ناساندنی یەكی ئایار وەك ڕۆژی كرێكاران لەلایەن كۆنگرێسی ئەمەریكاوە، بیرۆكەكە بە وڵاتانی تریشیدا بڵاو بووەوە و بەو هۆیەوە ئێستا لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان، یەكی ئایار پشووی فەرمییە و تێیدا خاوەنكاران و دامەزراوە فەرمییەكان و حكوومەت و رێكخراوە مرۆیی و سەندیكای كرێكاران، ڕێز لە كرێكاران دەگرن و خەڵاتیان دەكەن .لەم ڕۆژەدا داواكاری كرێكاران چەسپێنران و كاتەكانی كاركردن كەم كرانەوە و لە ڕووی تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانەوە، خاوەنكاران ناچار كران ژینگەیەكی سەلامەتی كار و هاوكاری دۆخی تەندروستی كرێكاران بكەن.

ئافرەتانیش هاوشانی پیاوان بۆ بوون بە خاوەن سەرمایەکی سەربەخۆ هەمیشە لە هەوڵدان و کار کردن و زەحمەتکێشاندا بوون، بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگه‌، بێگومان ئافرەتانی کرێکار و خاوەنکار بە تەنها لە ووڵاتێک یاخود لە شوێنێکی دیاری کراونین،بەڵکو لە هەموو جیهاندا بەشێکی زۆری کرێکاری ئافرەت و دەستی کاری ئافرەت هەیە و پێویستیان بە دەستی کاری ئافرەتە بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی پیشەسازی. هەروەها بە بەشێکی جیا نەکراوە لە کرێکارانی سەرتاسەری جیھان دادەنرێن. بەڵام جیاوازیەک لە نێوان کرێکارانی ئافرەت و پیاودا هەیە ئەویش ئەوەیە ئافرەتان هەم کاری دەرەوە هەم کاری ماڵەوەیان دەکەوێتە ئەستۆ،جگە لەوە لە شوێنی کارکردنیان بە بەراورد بە پیاوان مافی تەواوی خۆیان پێ نادرێت هەندێک جار و لە هەندێک بارودۆخیشدا دەچەوسێنرێنەوە لە لایەن خاوەن کارەکانەوە. دەتوانین بڵێن بە هۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری ئافرەت لە کاردا، دەرگایەکە بۆ ئەوەی ئافرەتانیش هاوشانی پیاوان ئابوری سەربەخۆی خۆیان هەبێت .پشت بە خۆیان ببەستن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن لەنێو چوار دیوار بێنە دەرەوە.
ئافرەتانی خاوەن ئابووری سەربەخۆ هەمیشە توانای وەڵامدانەوەی کردەییان هەیە و هەمووکاتێک بەهێز و کاریگەر دەردەکەون بەرامبەر بە شەپۆلەکانی ژیان بەرامبەر ئەو دەست بەسەرداگرتنە هەمەلایەنەی کۆمەڵگای پیاوسالاری کە بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ دەینوێنن، ئەو تێڕوانینە چەقبەستووەش تێک دەشکێنێ کەئافرەتان تەنیا ئامڕازی جوانکاری و دەزگایەکی وەچەخستنەوە بن و بۆ ئەوە درووست بووبن کە خواستە سێکسیەکانی پیاوان پڕ بکەنەوە.
ئەم بارودۆخە و گەشەسەندنی کۆمەڵگه‌ وایکرد ئافرەتان تێکەڵ بەکایەی ئابووری و سەرمایەداری ببن، کە ئەمەش بوو بە مەرجێکی سەرەکی وەڵامدانەوەی بەربەست و لەمپەڕەکانی کۆمەڵگە و کولتوور و تێڕوانینە ئایینیەکان. ڕەنگە ئەم هەنگاوەی ئافرەتان ڕێگەیەکی بەهێز و کاریگەر بێت بۆ بەره‌وپێشچوون و دابینکردنی ژیانێکی شکۆدارانە و هاوسەنگی و هاوبەشی لەسەر بنەمای یەکسانی جێندەری لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوودا.
ئەرکی هەموولایەنەکانە کار بکەن بۆ یەکسانی خوازی بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی شایستەو هاوبەش و بە بێ جیاوازی تاکایەتی لە نێوان ئافرەت و پیاودا لە ئەرک ومافدا دروشمێکی سەرەکی و بەردەوام بێت تا بەتەواوەتی جیاوازی جێندەری نەمێنێت و ئافرەتانیش هاوشێوەی پیاوان هەمان ئەرک و ماف و پلەیان پێبدرێت

ھەواڵی زیاتر